هاوڵاتی ناوی كاندیدانی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئاشكرا دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوەو تاووتوێی پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینیان كردووە و هاوڵاتی ناوی بەشێك لەو كاندیدانە ئاشكرا دەكات.

بەپێی رێككەوتنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پارێزگاری سلێمانی ماوەیەكی زۆرە كۆتایی هاتووەو بڕیارە بەمزووانە ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگاری هەڵەبجەو سلێمانی بكرێت لەنێوانیاندا.

دوێنێ سێشەممە 17ی ئایار، وەفدێكی یەكێتی سەردانی گردی زەرگەتەیان كردو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان و چەند پرسێكی دیكە تاووتوێ كران.

بەپێی بەدواداچوونەكانی، هاوڵاتی كە لەچەند سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی و گۆڕانەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی داوای لەگۆڕان كردووە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی  بەمزووانە بكرێت، بەڵام پارێزگاری هەڵەبجە وەك خۆی بمێنێتەوەو گۆڕانیش داوای پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە دەكات و یەكێتی پێیان راگەیاندوون لەشوێنی دیكە پۆستتان پێدەدەین لەجێگەی پارێزگاری هەڵەبجە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیەوێت لەپێش ساڵیادی یەكێتیدا كە 1ی حوزەیران دەكات ئاڵوگۆڕ لەو پۆستانەدا بكرێت و بزوتنەوەی گۆڕانیش لاری لەوادەكەی نییە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناوی كاندیدانی بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی بریتین لە(شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی 1ی سلێمانی، عیززەت صابر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئاوات محەمەد قایمقامی ناوەندی سلێمانی).

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرنەگرێت چانسی عیززەت صابر بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی زیاترەو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت پشتیوانی دەكات، لەبەرانبەر ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانیدا.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بهێندرێت ئەوەی دووپاتكردەوە كەچەند مانگێكە یەكێتی داوای كردووە ئەو ئاڵوگۆڕە لەپۆستە خۆجێییەكانی سلێمانی و هەڵەبجەدا بكرێت.

هەروەها وتیشی:» لای بزوتنەوەی گۆڕان كاوە عەبدوڵا، رێكخەری ژووری حكومەت و پەرلەمان كەسی یەكەمە بۆ پۆستی قایمقامی سلێمانی».

هاوكات باسی لەوەشكرد، بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، تائێستا لەنێوان بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو رێبوار ئەحمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگادایەو چانسی بەرزان محەمەد زیاترە.

دەربارەی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە، ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان پێیوابوو كە نزار مەحمود كەئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە لەهەڵەبجە یەكێكە لەكاندیدەكان و كاندیدێكی دیكەی عەشیرەتی كۆكۆیی هەیە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیدا یەكلایی نەكراوەتەوە، وتیشی:» یەكێتی نیشتمانی دەیانەوێت پارێزگاری هەڵەبجە هەر كاك ئازاد تۆفیق بێت لەپشكی یەكێتی و دەیانەوێت لەسەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان پۆستی دیكە بدرێتە گۆڕان، بەڵام تائێستا گۆڕان داوای پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە دەكات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار