دژی گەریلا؛ سوپاكەی ئەردۆغان لە دوو رۆژدا 56 جار چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گەریلا بە چەكی قورس گورزی كەمەرشكێن لە سوپاكەی ئەردۆغان دەدات لە زاپ و ئافاشین و 15 سەربازی دیكەیان لەناودەبات و تەنها لە دوو رۆژدا 56 جار چەكی كیمیاویان دژی گەریلا بەكار هێناوەو 33 جاریش بۆردومانیان كردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكییەكانی 24 كاتژمێری ڕابردووی گەریلاكان لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە:" گەریلاكن ڕۆژی 17ی ئایار لە گۆڕەپانی شەهید دڵگەشی مەرڤانۆس چالاكییان دژی داگیركەران ئەنجامداوە، لە ئەنجامی چالاكییەكەدا دوو داگیركەر سزادران و داگیركەرێكیش برینداربووە".
هەروەها ئەوە خراوەتە روو كە دوێنێ چوارشەممە 18ی ئایار داگیركەران هەوڵیانداوە بە چەكی كیمیایی هێرش بكەنە سەر وەرخەلێ، بەڵام گەریلاكان بە چەكی قورس و تەقاندنەوە چالاكییان لەدژیان ئەنجامداوە و ناچاریان كردوون پاشەكشە لە ناوچەكە بكەن.
هاوكات ئەوەشیان ئاشكرا كردووە هەر دوێنێ گەریلاكان زنجیرەیەك چالاكییان لە سنووری ناوچەی زاپ دژی سوپای تورك ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 13 داگیركەر كوژران و گورز لە هێلیكۆپتەرێك دراوە و چادرێكیشیان خاپووركراوە و تەرمی دوو سەربازی سوپای ئەردۆغان كەوتووەتە دەست گەریلاكان.
هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەكەی هەپەگە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سوپای تورك 56 جار چەكی كیمیایی لە ناوچەكانی زاپ و ئاڤاشین بەكارهێناوە.
لەبارەی هێرشە ئاسمانیی و تۆپبارانەكانی دەوڵەتی توركیاشەوە، هەپەگە ڕایگەیاندووە، سوپای تورك 33 جار ناوچەكانی زاپ و مەتینا و خواكوركی بۆردوومان و تۆپباران كردووە.
سوپاكەی ئەردۆغان لە شەوی 17ی نیسانەوە لەژێر ناوی"جنگی قوفڵ"، ئۆپەراسیۆنی نوێی دژی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) ئەندامداو دوای دوو هەفتە لە ئۆپەراسیۆنەكان، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوەی راگەیاندبوو كۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەكەیان هێناوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئەوە رەتكرایەوەو لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی وتی:" ئۆپەراسیۆنی توركیا بەردەوامەو كۆتایی نەهاتووە".
هەروەها وتیشی:" گەریلاكان سوپای توركیان تووشی شۆك كردووەو لەماوەی مانگێكی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا 427 سەربازیان لێ كوژراوەو 88 دیكەیان بریندارن، بۆیە سوپای تورك چەكی كیمیاوی بەكاردەهێنێت بەرانبەر گەریلا و شكستی گەورەیان بەدەستهێناوە".