چۆن رێکخراوی ئه‌منستی ئینتـه‌‌رناشـناڵ هاتـــه ‌پاڵ که‌یسی دادگاییکردنی نزار خه‌زره‌جی؟

2 مانگ لەمەوپێش



هیوا ناسیح

دوای ئهوهی لهم پێشهوه که‌‌ناڵی العرب چاوپێکهوتنێکی لهگهڵ گه‌‌وره تاوانباری شاڵاوهکانی ئهنفال و سوپاسالاری پێشووی رژێمی سهددام-دا کرد، قسهوباسێکی زۆری لهسهر ناوبراو بهدوای خۆیدا هێنا، خهزرهجی سهرۆك ئهركانی سوپای عێراق له (١٩٨٧ - ١٩٩١) لهنوێترین دیمانهی تهلهفزیۆنیدا دهڵێت:

((لهقۆناغی یهكهمو دووهمو سێیهمی ئهنفال بهشداربووم... بڕیاری ئهنفالماندا لهدهرهنجامی هاوكاری كورد بهدیاریكراوی گروپهكهی تاڵهبانیو ئێرانی دوژمن.. ئهنفال پرۆسهیهك بوو بۆ لێدان لهیاخیبوانو چهكدارانی كورد.. بڕیارماندا سهری چهكداره تێكدهرهكان پانکهینهوه....هتد))

خهزرهجی لهمانگی کانوونی یهکهمی ١٩٨٤ـهوه تامانگی حوزهیرانی ١٩٨٧ فهرماندی فهیلهقی بووه، لهناوچهیهکی  فراوانی باشووری کوردستان، له ١٩٨٧تا ١٩٩٠ سهرۆکی ئهرکانی سوپای عێراق بووه. له ١٩٨٧ فهرماندی فهیلهقی بووه، دوای داگیرکردنی کوێت لهساڵی ١٩٩٠ کراوه بهڕاوێژکاریی عهسکهری سهدام حسینی سهرۆکی عێراق. ئهم فهرمانده تاوانبارو پله باڵایهی سوپای عێراق رۆڵی کاریگهرو دیاری ههبووه لهسهرپهرشتیکردنی کوشتن و بڕینی خهڵکی راپهڕیوی باشووری عێراقیش، دهیان بڕیاری بۆ کۆمهڵکوژی ئهنفالهکان و ژههربارانی ههڵهبجەو ناوچهکانی تری کوردستان دهرکردووه.

دوای داگیرکردنی کوێت لهساڵی 1990 کرا بهڕاوێژکاریی عهسکهری سهدام حسینی سهرۆکی عێراق. ساڵی ١٩٩٦ دوای ناکۆکی لهگهڵ سهدامدا نزار خهزرهجی لهعێراق ههڵهات و له ١٤/٣/١٩٩٦ گهیشته ئاکرێ، لهلایهن دهسهڵاتدارانی کوردهوه پێشوازی لێکراو دوای دوو رۆژ گهیاندیانه زاخۆو لهوێوه ناردیان بۆ تورکیا، له ٢١/٣/١٩٩٦گهیشته عومان. دواتر رووی کرده ئیسپانیا، شهش مانگ لهوێ مایهوه، له ١٩٩٨ گهڕایهوه ئوردن، له ٣/٧/١٩٩٩ گهیشته دانیمارک، لهوێ  بهقسهی وهزیری دادی ئهو وڵاته بێت، ههر دوای دوو رۆژ دوای گهیشتنی ناوبراو زانیاریان لهسهر رابردووی وهرگرتووهو چاودێرییان کردووه، دواتر ئهوه بوو میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەویان زانی و لەسەریان نووسی، دوای ئەوە داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لێکردو دواتر لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا دەوری ماڵەکەی گیراو کەیسەکە خرایە ژێر لێکۆڵینەوە. ئەو لەمالی خۆیدا دەسبەسەر بوو و بۆی نەبوو وڵات جێ بهێڵێت. دواتر )گروپی خستنهگهڕی ههوڵهکان بۆ دادگاییکردنی خهزرهجی (لهلایهن چهند کوردێکی چالاکوانهوه له دانیمارک دامەزراو دەستی بە چالاکی و کارەکانی کرد. یهک له ئهندامانی گروپهکهش که‌‌ کاک شاخهوان شۆڕش بوو وتارێکی بەزمانی دانیمارکی لە رۆژنامەی پۆلیتیکن لهسهر خهزرهجی و تاوانهکانی بڵاوکردهوە.

فهرمانگهی پهنابهران داوای مافی پهنابهراییهکه‌‌ی رهفز دهکهن، بهڵام مافی مانه‌‌وهیان بۆ کاتێکی نادیار پێدا، بههۆی ئهوهی له رێگهی میدیاکانی وڵاتهکهوه ناوی دهزڕێ و دهناسرێ.، ئیتر کهڵکی ئهوهی نامێنێت وڵاتهکه پهنای بدهن. وهک ده‌‌ڵێن دواتر لهشاری سۆرو (Soro) لهباشوری کۆپنهاگن له دهستبهسهرییدا دهژیا له خانوویهکدا و دوو پۆلیس ههمیشه به ئۆتۆمبیلهوه پاسهوانی و چاودێرییان دهکرد. ئیتر ئێمهی چالاکوانان لهوڵاتانی تری ئهوروپیش کهوتینه خۆو ههریهک له رێگهی خۆیهوه دهستمانکرد بهکارو چالاکی تا ناوبراو دادگایی بکرێت، چونکه ناوبراو پاش سکاڵالێکردنی دهسگیرنهکراو تهنها خرایه ژێر چاودێرییهوه لهماڵهکهی خۆیدا (اقامە جبری). ئهمهش گومانێکی بۆ ههمووان دروستکردبوو، که رهنگه دادگایی نهکرێت و ئازاد بکرێت، یان ههڵبێت. خۆ دوای ئهوهش که بههاندانی ئهمریکاو گوایا بۆ هاوکارییکردن لهڕووخانی سهدام و رژێمهکهی پێویستیان پێیهتی  حزبه کوردییهکانی باشور پاکانهیان بۆ کرد. ئەو لایەنە کوردییانە له پاکانهکانیاندا که بهفهرمی بۆ حکومهت و وهزارهتی دادی دانیمارکیان نارد، بەم جۆرە باسی نزار خەزرەجی-یان کردبوو.

* فوئاد مهعسوم ئهندامی مهکتهبی سیاسیی یهکێتی و بهرپرسی مهڵبهندی دهرهوهی یهکێتی له لهندهن: خهزرهجی بهشداری له ئهنفالدا نهكردووهو كهسایهتیهكی سهربازیی نیشتیمانیه.

* دڵشاد میرانی ئهندامی سهرکردایهتی پارتی و بهرپرسی پهیوهندییهکانی دهرهوهی پارتی: خهزرهجی كهسایهتیهكی سیاسیی ناسراوه لهعێراق.

* ئیحسان عهبدولعهزیز بهرپرسی په‌‌یوهندییهکانی بزوتنهوهی ئیسلامی: بهڕێز خهزرهجی كهسایهتیهكی نیشتیمانی بهڕێزه و لهئهنفالو كیمیاباران بێتاوانه.

بهپێی وتارێکی رۆژنامهی (GANG VERDENS) ی نهرویجی رۆژی دووشهممه ١٩ی نۆڤهمبهری ٢٠٠١ که لهلایهن (Holst Fordeوه نوسراوه به ناونیشانی (جهلادهکهی سهددام لەدانیمارک لەئاسایشدا دهژی) دهڵێت: خهزرهجی نکۆڵی لهوه ناکات که ئهم بهشێوهیهکی فهرمی و وهک لێپرسراوێک بهم کاره ههستا بێت، بهڵام سووره لهسهر ئهوهی، که خودی سهدام حوسێن لهدوای بڕیاری کۆمه‌‌ڵکوژییهکهوه وهستابوو. ههروهها لهچاوپێکهوتنێکیشیدا لهگه‌‌ڵ گۆڤاری (DerSpiegel)ی ئهڵمانیدا دهڵێت: ئهوه به بڕیاری من نهکراوه، ئهنجومهنی سهرکردایهتی شۆڕش گهیشتبووه بڕیارێک و سهددام خۆی و ئامۆزاکهی (عهلی حهسهن مهجید) سهرۆکایهتی شاڵاوهکهیان دهکرد، من بهڵگهم بۆ ئهمه ههیه).

من زیاتر لهساڵێک بوو ئهندامی ئهمنستی ئینتهرناشناڵ (لێبوردنی نێودهوڵهتی) لهلقی ئهو شارهی تێیدا دهژیام سهتگالن بووم. شایهنی باشه ئهم شاره ناوهندی کانتۆنێکه ههر بهو ناوهوهو یهکێکه لهشاره گهورهکان له رۆژههڵاتی سویسرا. مانگانه لقی سهتگالنی ئهمنستی کۆبوونهوهمان دهکرد، لەههر کۆبوونهوهیهکدا ده تا پانزه ئهندام ئاماده دهبوون، دیاره ئێمه سهر به لقی سهرهکی ئهمنستی بووین لەپایتهختی سویسرا بێرن.

وهک ئهرکێکی سهرشانم ئهوهم بهبیردا هات که کارێک بکهم ئهمنستی شارهکهم و دواتر هی سویسراو ئینجا بنکه‌‌ی سهرهکییان له لهندهن بێنمه سهر ئهو بڕوایهی که پشتگیری کهیسی دادگایی کردنهکه بکهن. ئیتر ئاوا وهک لێره بهڵگهنامهکان دهبینن، که لهئهرشیفی کهسیی خۆمدا پاراستومن دهستبه‌‌کاربووم.

به‌‌نده لهدوو کۆبوونهوهی دوابهدوای یهکدا قسه‌‌م لهسهر ناوبراو کرد، شایهنی باسه هێشتا دوو ساڵێک بوو لهو وڵاته بووم. ئهڵمانییهکهم باش نهبوو، ئینگلیزیهکهشم ئێستاشی لهگهڵدا بێت ئهوهنده باش نییه، که بێ کێشه قسهی پێ بکهم، بهڵام ههوڵمدا بهههردوو زمانه‌‌کهو جاربهجار وشهکانی زمانهکانم تێکهڵ دهکرد، گرنگ ئهوهبوو تێیان بگهیه‌‌نم، چونکه ئهوان جگه لهکوردێکی باکور، که کرمانجی باش دهزانی، ئهوانی تر سهرجهم سویسریی بوون، یهک دوانێکیشیان بیانی بوون.

 یهکهم کۆبوونهوهکه که له ٣٠/١٠/٢٠٠١ سازکرا له کۆنووسهکهدا بهئه‌‌ڵمانی ئاوا هاتووه:

عێراق – کوردستان

هیوا لهبارهی یه‌‌ک له بهرزترین جهنهراڵهکانی سوپای سهدام حوسێنه‌‌وه دوا، که چالاکانه بهشداریی له جینۆسایدکردنی کوردهکاندا کردووه، ئهم داوای مافی پهنابهریی کردووه له دانیمارک، که به‌‌م هۆیهوه داواکه‌‌ی رهفزکراوهتهوه. پاش سکاڵاکردنی کوردهکان ئێستا ئهو لهوێ لهسهر بهشدارییکردنی لهتاوانهکانی دژ بهمرۆڤایهتی لێکۆڵینه‌‌وهی لهگهڵدا دهکرێت. هیوا پێشنیاز دهکات، که ئێمه بهنامهیهک پشتیوانی سکاڵا بۆ سزادانی بکهین. ویلی (یهک لهئهندامه ئامادهبووهکانی کۆبوونه‌‌وهکه بوو- ه. ن.) له ئینتهرنێتدا بهدواداچوون بۆ بابهتهکه دهکات)).

لەکۆبوونهوهی دووهمیشدا که له ٢٠/١١/٢٠٠١ واته پاش سێ ههفته، جارێکی تر باسی بابهته‌‌کهم کردهوه، بهپشتیوانی هه‌‌ندێک به‌‌ڵگه که لهگهڵ خۆم هێنابووم وهک وێنهو کتێبی ئینگلیزی جینۆساید لهعێراق و هێرشهکانی ئهنفال بۆ سهر کورد Genocide in Iraq The Anfal campaings against kurds که رێکخراوی چاودێری مافهکانی مرۆڤ Human Rights Watch ساڵی ١٩٩٣ چاپی کردبوو.. پێشتریش  دووبهدوو لهگهڵ ریتۆ مۆریتسی سهرۆکی لقهکه قسهم کرد بوو، ناوبراو کهسێکی تێگهیشتوو و‌‌ خهڵکی ههمان شارۆچکه بوو که من لێی دادهنیشتم لهنزیکی ستگالن بهناوی ئهبتڤیل. لهو کۆبوونهوهیهدا بهزۆرینهی دهنگ بڕیاردرا، که گهر لقی سهرهکی بێرن لاری نهبێت، ئهوا داواکارییهکهی هیوا جێبهجێ بکرێت.

له کۆنووسی کۆبوونهوهکهشدا له نێو ئهو کارانهی پێویسته ئهنجام بدرێن، خاڵی ١.٢ ئاوا هاتووه:

(( هیواو ڕیتۆ نامهیهک بۆ حکومهتی دانیمارک لهسهر بابهتی لێکۆڵینهوه لهجهناڵهکه‌‌ی پێشووی عێراق ئه‌‌لخهزرهجی دهنووسن)).

ئیتر ئیمه دهستبهکاربووین پاش ههفتهیهک نامهکه ئامادهکراو ناردمان، که ئهمه دهقی کوردییهکهیهتی:

 

رێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهوتی

٢٨ی نۆڤهمبهری ٢٠٠١

بهڕێز سهرۆکوهزیران

ئێمه ئهندامانی رێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتی – لقی سهتگالن لهسویسره، خۆشحاڵ دهبین، کهپشتیوانی له بڕیارهکهتان بکهین له لێکۆڵینهوهکهتاندا لهسهر کهیسی ژهنهراڵی پێشوی عێراق نزاز خهزرهجی.

ئهم سهرکردهیه لەههڵمهتی ئهنفالهکانی ساڵی ١٩٨٧/١٩٨٨ لێپرسراوی ژینۆساید بووه. خهزرهجی سوپاسالار سهرۆکی ئهرکانی سوپای عێراق بووه، یهکێکه لهو کهسانهی که کلیلی گهیشتن بهڕاستییهکانه لهسهر کوشتنی زیاتر له ١٨٢.٠٠٠ کوردی مهدهنی لهو وڵاتهدا. ئهو کۆپییهی رۆژنامهی هاوڵاتى نۆڤهمبهری ٢٠٠١ لهگهڵ نامهکهدایه، روونی دهکاتهوه، که ئهم کۆنه ئهفسهره نهک ههر تهنها نهخشهی قهتڵوعامی کێشاوه، بگره راستهوخۆ دهستی له کیمیابارانکردنی شاره کوردییهکانیشدا ههبووه، ئهمه‌‌ش وهک له کتێبی Genocide in Iraq: The Anfal Campaigs against the Kurds, (july 1993) کەڕاپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافهکانی مرۆڤه، تیایدا هاتووه.

بهناوی مافی مرۆڤ و پشتیوانیانی کوردی رێکخراوی لێبوردنی نێودهوڵهتییهوه سوپاسی بهڕێزتان و دادی دانیمارکی دهکهین، که ئێوه ئهم مهسهلهیه بگهیهننه دادگا.

لهگهڵ سڵاوماندا

رێتۆ مۆریتسی

رێکخهری لێبوردنی نێودهوڵهتی له ستگالن – سویسرا

-کۆپییهک بۆ: لێبوردنی نێودهوڵهتی بێرن / سویسرا

 

نامهکه هاوپێچ کرا لهگهڵ ئهو بهشهی کتێبی ئینگلیزی (جینۆساید لهعێراق و هێرشهکانی ئهنفال بۆ سهر کورد) ههروهها کۆپی لاپهڕهیهکی رۆژنامهی هاوڵاتى ئهو مانگه (کانونی دووهمی ٢٠٠١) که نامهکهی تێدا نووسرا، که راپۆرتێکی تێروتهسهله بوو لهسهر بهشداریکردنی خهزرهجی له ئه‌‌نفالهکاندا، نامه‌‌کهمان به فاکس و هاوکات بهنامهی پۆستیش بۆ سهرۆکایهتی حکومهتی دانیمارک نارد. ئاگاداریان کردینهوه که بهدهستیان گهیشتووهو به‌‌هێندی وهردهگرن.

شایهنی باسه ههواڵی نامهکه دهنگدانهوهیهکی باشی بوو، چونکه یهکهمجار بوو رێکخراوێکی نێودهوڵهتی و بێلایهنی وهک ئهمنستی بچێته پاڵ کهیسهکهو ناوی ١٨٢ ههزار ئهنفالکراو بهێنێت و ناوی نزار وهک تۆمهتبار بهێنێت. ههواڵهکه کاتی خۆی له لاپهرهی یهکهمی ژماره ٥٢ی رێکهوتی ١٠/١٢/٢٠٠١ی ڕۆژنامهی هاوڵاتىدا به مانشێت چاپکراو دهقی نامهکهش له ئهو ژمارهیهی هاوڵاتى و ههروهها رۆژنامه‌‌ی ئاڵای ئازادی ژماره ٤٤٤ی رێکهوتی ١٠/١٢/٢٠٠١وه هاوکات له سایته کوردیهکانیشدا بڵاوکرایهوه.

دیاره من ههر بهمهوه نهوهستام هاوکات لهگهڵ ئهم کارهدا ههوڵماندا که لقی سویسرا بهگشتی و دواتریش لقی سهرهکی رێکخراوهکه له لهندهن بێنمه پشت کهیسهکهوه، دوای دوو ههفته کریستینا هێلهر رێکخهری گشتی لقی سویسرای رێکخراوه‌‌ وڵامی داینهوه، که ئهو پشتگیری کارهکهمان دهکات و پێویست ناکات نامه‌‌ی تر بەناوی لقی سویسراوه بنێرین، بهڵام بهڵێنیدا نامهکهمان هاوپێچ بهو بهڵگهنامانه‌‌وه بۆ بارهگای سهره‌‌کی لهندهن بنێرێت، که داوامان کردبوو ئهوانیش پشتگیری کهیسهکه بکه‌‌ن. ئهوه بوو دواتر له رێگهی کریستیناوه وڵامی بنکهی سهرهکی لهندهنمان بۆ نێردرایهوه، که بهگشتی دژی کارهکهمان نهبوون، بهڵام کهیسهکهیان تهبهنی نهکردو گوتیان، که لقی دانیمارکی رێکخراوهکهمان دهکرێت بێته پاڵ ئهو کاره، چونکه ئهو کهسانهی گهوره تاوانه‌‌کانیان ئهنجامداوه و لهئاستی نێودهوڵهتیدا دانیپێدانراوه، دهبێت وڵاتهکه سكاڵای لێبکات، ههروهها ئهو وڵاتهی سکاڵای لا کراوه بهرپرسه به‌‌رامبهر بهو کهیسهو لامان وایه حکومهتی دانیمارک به ئهرکی خۆی ههڵدهستێت.

شایهنی باسه له کتێبی (رهشهبای ژههر و ئهنفال) نووسهر عهبدوڵا کهریم مهحمود، بهرگی دووهم، لاپهره ١١٩ تا ١٢١ لهژێر ناوی: خهزرهجی بهرهو رووی دادگای لاهای دهکرێت، باسی ئهم نامه‌‌یهی ئاوا کردوه (رێکخراوی لێبووردنی نێودهوڵهتی لقی سهنگالن له سویسرا نامهیهکی ئاراستهی سهرۆک وهزیرانی سویسرا کردووه، پشتیوانی خۆی له بارهی لێکۆڵینهوهی نزار خهزرهجی خستووهته روو.)  بهداخهوه نووسهر هیچ ئهرک و ماندوبوونی ئێمه‌‌ی لهبهرچاو نهگرتووهو ناوی نههێناوم، تهنها ئهو دوو دێڕهی نووسیوه!! جگه لهوهی ههڵهیهکی زهقیشی تێدا کردووه، چونکه نامهکه ئاڕاستهی سهرۆکوهزیرانی دانیمارک کراوه نهک سویسرا، حکومهتی سویسرا سهرۆک وهزیرانی ههر نییه.

بهداخهوه ئهم ههوڵهو ههموو کارو کۆشش و ماندووبوونمان لهم کهیسهدا بهفیڕۆچوو، چونکه خهزرهجی تاوانبار لەمانگی سێی ٢٠٠٣ دا بزربوو. کەیسی گرتنی درایە ئەنتەرپۆل. ئهوکات رفێنراو شاردرایهوه، بێئهوهی بهێنرێته پێش دادگا رفێنرا بۆ ئیمارات و تا ئێستاش دادگایی نهکراو لهوێ به ئازادانه دهژی!

بهڵگهنامهکانی هاوپێچ:

-نامهکهی ئهمنستی کۆپی ئۆرجیناڵهکهی به ئینگلیزی

-نامهی سهرۆکی لقی سویسرای ئهمنستی بۆ ریتۆ مۆریتسی رێکخهری لقی سهتگالن و وەڵامی بنکهی سهرهکی رێخکراوهکه له لهندهن بۆ ئێمه.

-کۆنووسی دوو کۆبوونهوهکه، ئهو شوێنانهی باسی بابهته کراوه دیاریکراوه.

-کۆپی لاپهڕهی یهکهمی رۆژنامهی هاوڵاتى که ههواڵهکهی تێدا بڵاوکرایه‌‌وه لهگهڵ کۆپی ههواڵهکهی ئاڵای ئازادی.

-لینکی چاوپێکهوتنی خهزرهجی، که دانی پێدادهنێت بهشدارو سهرپهرشتیاری راستهوخۆی ئهنفال بووه.

https://www.youtube.com/watch?v=BDoi_aj-JSY

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار