‌هه‌سه‌ده‌ وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى
هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌کانى دوێنێ ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌ که‌ باسى ئۆپه‌راسیۆنێکى نوێى کردووه‌ له‌ باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا که‌ له‌ژێر کۆنترۆڵى هه‌سه‌ده‌دایه‌.
دوێنێ ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى تورکیا دواى کۆبوونه‌وه‌ى کابینه‌ى کۆماریى تورکیا جارێکى دیکه‌ نیازى خۆى بۆ ئه‌نجامدانى داگیرکاریى له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ده‌ربڕییه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:" هێرشێکى نوێ بۆ سه‌ر باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ده‌ستپێده‌که‌ین".
هێزه‌کانى سووریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ وه‌ڵامى هه‌ڕه‌شه‌که‌ى ئه‌ردۆغاندا به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند:" هیچ گۆڕانکارییه‌کى ستراتیژیى له‌ جێگیرکردنى هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ گه‌ره‌نتیکاره‌کان له‌ ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا ڕووینه‌داوه‌".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌ “په‌ره‌سه‌ندنى دۆخه‌که‌ و نمایشکردنى هێز له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورکه‌وه‌، به‌شێکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ تێکدانى ناسه‌قامگیریى ناوچه‌که‌، ئامانجى داگیرکه‌رانیش سه‌رله‌نوێ زیندووکردنه‌وه‌ى داعشه‌".
هاوکات ئه‌وه‌شیان روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ هێزه‌کانیان لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ چالاک و پێشبینیکراوه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورکیا ده‌که‌ن بۆ سه‌ر ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سووریا و هاوبه‌شکردنى زانیاریى له‌گه‌ڵ هێزه‌ گه‌ره‌نتیکاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا.
هێزه‌کانى ئه‌مریکاو رووسیا له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریادا جێگیرن و بنکه‌ى سه‌ربازیان هه‌یه‌و ئه‌و دوو وڵاته‌ن که‌ هه‌سه‌ده‌ به‌ هێزى گه‌ره‌نتیکارى نێوده‌وڵه‌تى باسیان ده‌کات، له‌ هه‌ر حاڵه‌تێکى هێرشى ده‌وڵه‌تى تورکیاو میلیشیاکانیدا هه‌سه‌ده‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار