مه‌ریوان وریا قانع: گومانم نیە خۆپیشاندانەکان خەوی لە چاوی دەسەڵاتداران زڕاندوە

7 ساڵ لەمەوپێش



خۆپیشاندانهکانی ههولێرو دهۆک ئهو وههمه گهورهیهى شکاند که گوایه دانیشتوانهکهى بهحوکمڕانی پارتى رازین

 

هاوڵاتی

مهریوان وریا قانع، نوسهر و رۆشنبیرى کورد لهم چاوپێکهوتنهى رۆژنامهى هاوڵاتی -دا، باسله خۆپیشاندان و ناڕهزایهتییهکانى ههولێر دهکات و ئاماژه بۆ ئهوه دهکات، خۆپیشاندانهکانى ههولێر و دهۆک ههندێک وههم و ئهفسانهى گهورهى تێکشکاند که پارتى و میدیاکار و خوێندهوارهکانى بانگهشهیان بۆ دهکرد، که گوایه ناوچهکانى ژێر دهسهڵاتى پارتى شاهێدى حوکمڕانییهکى باشن و دانیشتوانهکهشیان رازین بهو حوکمڕانییه.

ههروهها ئاماژه بهوهدهکات که خهڵکى ئهو ناوچانه «ئازایهتییهکى کهم وێنهیان نیشاندا که پارتییهکان چاوهڕوانى نهبوون.

له بهشێکی تری چاوپێکهوتنهکهدا  باس لهودهکات که بۆ دهستکاریکردنى سیستمه ئابوریی دهبێ سیستمی سیاسی بگۆڕێ.

 

هاوڵاتی گواستنهوهى خۆپیشاندان و ناڕهزایهتییهکان له سلێمانییهوه بۆ ههولێر، دهکرێت بهگۆڕانێکى سیاسى نوێ سهیربکرێت که کوردستان بباته قۆناغێکى ترى سیاسییهوه؟

مهریوان وریا قانع: گواستنهوهى خۆپیشاندانهکان بۆ ههولێر و دهۆک ههندێک وههم و ئهفسانهى گهورهى شکاند که پارتى و میدیاکار و خوێندهوارهکانى بانگهشهیان بۆ دهکرد. کۆتایى بهو خورافهته هێنا که گوایه ناوچهکانى ژێر دهسهڵاتى پارتى شاهێدى حوکمڕانییهکى باشن و دانیشتوانهکهشیان ڕازین بهو حوکمڕانییه. من له کاتى رووداوهکانى 17 شوباتدا باسى ئهوهم کرد که ئهوهى له ههولێر و دهۆک و ناوچهکانى ترى ژێر ههیمهنى سهربازیى و ئهمنى پارتیدا ئامادهیه «بێدهنگی» نییه بهڵکو «بێدهنگکردنه«. ترساندنێکى قوڵ و بهرفراوان، تێکهڵ به سڵ نهکردنهوه له ههموو جۆره ئیهانهو سوکایهتیکردنێک، تا بهڕاونان و گرتن و دهرکردن و ونکردن و کوشتن دهگات.

ئهمانه ئهو تهکنیکه سهرهکییانهى حوکمڕانین که پارتى لهناوچهکانى خۆیدا سهروهریی کردوون. ئهوهى لهم خۆپیشاندانهدا دیمان، شکانى ترس و فهشهلى بهرچاوى ئهو تهکنۆلۆژیا تایبهتهى حوکمڕانیى بوو. خهڵکى ئهو ناوچانه ئازایهتییهکى کهم وێنهیان نیشاندا که پارتییهکان چاوهڕوانى نهبوون. بهڕاى من بهدهنگهاتنى خهڵکى کوردستان لهم ساتهدا بنهمایهکى ئابووریى بههێزى ههیهو پهیوهندیى به لهدهستدانى بژێوى رۆژانهوه ههیه. نه دین، نه ئایدیۆلۆژیا، نه فانتازییهکى سیاسیى دیاریکراو لهپشتى جوڵهى شهقامهوه نییه، ئهوهى خهڵک دهجوڵێنێت فهشهلى سهرتاسهریى سیاسهتى ئابوریى سهربهخۆو سیاسهتى نهوت و سیاسهتى موچهیه. هۆیهکهى تریش دهرهنجامه کوشندهکانى ریفراندۆمه بۆ سهر ژیانى رۆژانه. بهڵام زۆرجار چوونه سهر شهقام کۆمهڵێک دهرهنجامى سیاسیى گرنگى دهبێت، ئهگهرچى مۆتیڤهکانى چوونه سهر شهقام مۆتیڤى سیاسییش نین. ههرێم ناتوانێت بژیى و بمێنێتهوه بهبێ ریفۆرمێکى راستهقینهى سیستمه ئابورییهکه، ئهم ریفۆرمهش بهبێ دهرهنجامى سیاسى نابێت. سیستمه ئابورییهکهى ههرێم دهرهنجامى کۆمهڵێک بڕیارو ههڵبژاردنى سیاسییه، بۆیه کهوتنى ئهو سیستمه ئابوورییه و ریفۆرمکردنی، ماناى کهوتنى ئهو ههڵبژارده سیاسییانه.

هاوڵاتی خۆپیشاندانهکه بههۆى پاشهکهوتى مووچهوه رێکخرا، بهڵام یهکێک له دروشمهکانى خوپیشاندهرانى ههولێر داواکردنى ئازادى بوو؟ دهکرێت ئهمه به جۆرێک سهیربکرێت ئیتر خواستى خهڵکى له شتێکى دیاریکراوى وهکو مووچهوه ههنگاوبنێت بهرهو جوڵانهوهیهکى کۆمهڵایهتى، یان هێشتا ئهم ناڕهزایهتییانه سنوردارو کاتى دهبن؟

مهریوان وریا قانع: خواستى داواکردنى موچه خواستێکى سیاسییهو ههرگیز خواستێکى ئابوریى نییه بهتهنها. ئێمه لهبهردهم سیستمێکى سیاسیداین که له ههموو ئاستهکاندا ئیفلاسێکى گهوره سهرتاسهریى کردووه. شتێکیان دروستکردوه نه خۆیان و نه کهسیتر ناتوانێت چاکیبکاتهوه. لهم سیستمهدا دابینکردنى موچه بۆ مووچهخۆران پێویستى بهدهستکاریکردنێکى گهورهو ههمهلایهنى سیستمه ئابورییهکه ههیه، دهستکاریکردنى سیستمه ئابورییهکهش بهبێ دهسکاریکردنى سیستمه سیاسییهکه مهحاڵه، چونکه ههموو  سیاسییهکى خاوهن دهسهڵات و نفوز، له ههمانکاتدا گهمهکهرێکى ئابوریى گهورهشهو بهشێکه لهو سیستمه ئابورییهى که ناتوانێت موچهى فهرمانبهران دابینبکات. ئهمه وایکردوه خواستى ئابوریى له ههرێمدا، بهردهوام خواستێکى سیاسى بێت. لهسهروى ئهمانهشهوه خهڵکى ههولێر داواى ئهو ئازادییه سادانهش دهکهن که پارتى بهشێوهیهکى ترسناک لهخهڵکى سهندووهتهوه. ناوچهکانى ژێر دهسهڵاتى پارتى لهههموو ناوچهکانى ترى کوردستان زیاتر بێئازادیین، زیاتر کۆنترۆڵ و دیسپلینکراون، ترس و تۆقاندنى زیاتریان تێدایه. ئهمانه ههندێک راستى زۆر سادهن و ناکرێت لهژێر ناوى بێلایهنبوون و بینینى ههموو هێزهکان به یهک چاو، نکوڵیان لێبکرێت. ههرکهسێک ئهم کاره بکات درۆ لهگهڵ خۆى و لهگهڵ کۆمهڵگاو لهگهڵ مێژووى ئێمهدا دهکات.

هاوڵاتی وهکو زۆرێک له خۆپیشاندانهکانى تر مامهڵهى دهستهڵاتداران لهگهڵ خۆپیشاندهران زهبرو زهنگى تێکهوت، پێتوایه ئهم مامهڵانه به بهرنامه دهکرێن، یان رووداوگهلێکى ئاسایین و بهرپرسیاریهتییهکهى دهکهوێته ئهستۆى کارمهندانى هێزه ئهمنییهکان؟

مهریوان وریا قانع: ئهوهى له ههرێمدا دروستکراوه هێنده ترسناک و فاشیل و گهندهڵ و نابهرپرسیار و نادادپهروهره، تهنها یهک شت دهتوانێت بیپارێزێت: توندوتیژییه. توندوتیژیى لاى خێزانه سوڵتانییهکانى ههرێم تهنها ئامرازێک نییه جار نهجار پهناى بۆ ببرێت، بهڵکو لۆژیکى ئیشکردنى ئهو سیستمه سیاسى و ئابورییهیه که دروستیان کردوه. ئهوهى ئهو گهڕهلاوژه گهورهو بێدادییه دهپارێزێت، نه ئایدیۆلۆژیایه، نه قهناعهته، نهبوونى حیکایهتێکى قبووڵکراو و باوهڕپێکراوه، نه سهرمایهیهکى رهمزییه، نه کاریزمایه، نه مێژووى خهبات و پێشمهرگایهتییه، ههموو ئهم شتانه له ههرێمدا ئیفلاسێکى تهواویان کردوه. ئهوهى حوکمڕانان و سیستمه سوڵتانییهکهیان دهپارێزێت توندوتیژییه، توندوتیژییهکى رووت. بهبۆچوونى من ئهو هێزه راستهقینهیهى ئهم سیستمه سوڵتانییه بۆ پاراستنى خۆى دروستیکردووه، پۆلیس و هێزه ئهمنییه ئاساییهکان نییه، بهڵکو ئهو لهشکرهیه له بهڵتهجیى شهقوهشێن و هێزى تایبهت که لهسهر شهقامهکانن. بێگومان بهپرسیاریەتیەکى گهوره لهسهر شانى هێزهکانى پۆلیس و هێزه ئهمنییه ئاساییهکانه، بهرپرسیارێتى ئهوهى نهکهونه شهڕهوه لهگهڵ خۆپیشاندهراندا و لهو راستییه سادهیه تێبگهن ئهوهى له دروستبوونى ئهو دۆخه کارهساتاوییه بهرپرسیاره، حوکمڕانان نهک خهڵکى ناڕازیی.

هاوڵاتی رۆڵ و بهشداریى ژنان له خۆپیشاندانهکانى ههولێردا چۆن دهبینى که به چڕى بهشدارییانکردو له پێشهوهبوون؟ پێتوایه بهشدارى ژنان هۆکاربوو بۆ ئهوهى ئهو خۆپیشاندانه بۆ چهند رۆژێک بهردهوام بێت و به ئاسانى سهرکوت نهکرێت؟

مهریوان وریا قانع: ژنان له ههولێر بکهرێکى سیاسیى رهخنهیى زۆر چالاک و راستگۆبوون. لهڕیزى پێشهوهى خۆپیشاندانهکاندا بوون. ئهمهش سهیرو نالۆژیکى نییه، چونکه گوناههکان و ههڵهکانى سیستمه سیاسى و ئابورییهکه، زۆربهى ههرهزۆرى تاکه کهسهکانى ئهو کۆمهڵگایهى ئازارداوه. چهوساندنهوهو بێمافکردن و پهراوێزخستن نێرو مێى نهناسیوه و رووى له ههمووان بووه

لهبهرامبهر ئهمهشدا هۆشیاریى بهرگریکردن و شهڕکردن بۆ مافه سهرهتاییهکان، بێدهنگنهبوون بهرامبهر بهزوڵم و زۆر، بووه بهبهشێک له ئاکارى کۆمهڵایهتى له دونیای ئێمهدا، به نێرو مێوه. باوهڕم وانییه رۆبۆت و بهڵتهجییهکانى دهسهڵاتداران سڵ له لێدان و سوکایهتیکردن بهژنان بکهنهوه، ئهوان پهلامارى ههموو کهسێک ئهدهن که ئهمریان پێکرابێت پهلاماریان بدهن، لهمهشدا جیاوازیى لهنێوان ژن و پیاو، گهنج و پیر، مناڵ و گهورهدا ناکهن.

هاوڵاتی ئهم ناڕهزایهتیانه چى کاریگهرییهک لهسهر دهسهڵاتداران بهجێدههێڵێ، ههم له سهر سایکۆلۆژیاو بیرکردنهوهیان ههم لهسهر رهفتاریان؟

مهریوان وریا قانع: گومانم لهوه نییه که دهیانترسێنێت و لهوانهشه چهند شهوێکیش خهویان لێبزڕێنێت، بهڵام لهدوا دهرهنجامدا، ئهوان خۆیان بهڕاست و کۆمهڵگا بهههڵه دهزانن. ئهوان هیچ پهیوهندییهکى راستهقینهیان به کۆمهڵگاى ئێمهو ژیانى خهڵک و کێشهکانیانهوه نهماوه. خۆیان و ماڵ و منداڵیان له کۆشک و گیتۆى تایبهتیدا دهژین و هیچ شتێک نایانباتهوه ناو کۆمهڵگاى ئێمه. ئهوهشى له گیتۆدا بژى لهدونیایهکى داخراودا دهژیى و تهنها سهداى قسهکانى خۆى و یاوهرهکانى دهبیستێتهوه.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار