مایکل رۆبن: بایدن خیانه‌ت له‌ کورده‌کان ده‌کات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
‌مایکڵ ڕۆبن، لێکۆڵه‌رى ئه‌مریکیى له‌ دوایین ڕاپۆرتیدا نوسویه‌تى:" حکومه‌ته‌که‌ى بایدن ده‌یان فرۆکه‌ى جه‌نگى نوێ له‌ جۆرى ئێف 16 به‌ تورکیا ده‌فرۆشێت، فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کان له‌ بۆردومانى گوند و ناوچه‌ کوردییه‌کانى باکوورى سووریا و عێراق به‌کارده‌هێنێت".

مایکڵ ڕۆبن نوێتریین وتارى له‌ ماڵپه‌ڕى واشنتۆن ئێکزامینه‌ر بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ڕه‌خنه‌ له‌ ئیداره‌که‌ى بایدن ده‌گرێت، که‌ دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر پێشنیازى پاڵپشتى نوێکردنه‌وه‌ و فرۆشتنى که‌ره‌سته‌ى سه‌ربازیى به‌ تورکیا په‌سه‌ندکرد.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه‌ که‌ ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییانه‌ى فرۆشتوویه‌تى به‌ تورکیا نۆژه‌ن بکاته‌وه‌ و هاوکات ده‌یان فرۆکه‌ى جه‌نگى نوێى له‌ جۆرى ئێف 16 به‌ تورکیا بفرۆشێت.
به‌بڕواى مایکڵ ڕۆبن، که‌ پێشتر به‌رپرس بووه‌ له‌ پنتاگۆن، “ئه‌مه‌ سیاسه‌تێکى ساده‌ و ئاشکرایه‌ ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ تورکیادا ئارامبکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجى به‌ده‌ستهێنانى هاوده‌نگیى و هاوکاریى تورکیا له‌ پرسه‌کانى دیکه‌دا، وه‌ک فراوانکردنى ناتۆ".

ڕۆبن ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌لاواز وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت:" جێى به‌زه‌ییه‌ کۆشکى سپى و وه‌زاره‌ته‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپا مل ده‌ده‌ن بۆ داواکانى ئه‌ردۆغان و مه‌رایى بۆ ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا کورد و قوبرس و ئه‌رمه‌نییه‌کان باجه‌که‌ى ده‌ده‌ن".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: بایدن، ئه‌نتۆنى بلینکن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و جه‌یک سولیڤان ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانی، ڕه‌نگه‌ فڕۆکه‌ى ئێف 16، وه‌ک ئامرازێک ببین بۆ ناچارکردنى تورکیا تا له‌ پرسه‌کانى دیکه‌دا هاوکاربێت، به‌ڵام به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى خواسته‌ نه‌گریسه‌کانى تورکیا له‌به‌کارهێنانى ئه‌و فرۆکانه‌، به‌ته‌واوى بڕیارێکى نابه‌رپرسیارانه‌یه‌.

رۆبن ده‌شڵێت:" تورکیا له‌برى ئه‌وه‌ى به‌شدارى بکات له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر یان رێگریکردن له‌ ده‌ستدرێژییه‌کانى ڕووسیا، فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانى خۆى بۆ بۆردومانى گوند و ناوچه‌ کوردییه‌کانى باکوورى سووریا و عێراق به‌کارده‌هێنێت، له‌ کاتێکدا به‌رپرسانى تورکیا ده‌ڵێن فڕۆکه‌کانى ئێف 16 بۆردومانى تیرۆریستان ده‌که‌ن، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک ناخه‌نه‌ ڕوو، چونکه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان نییه‌".

مایکڵ ڕۆبن باس له‌ هاوکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بۆ داعش ده‌کات و ده‌ڵێت:" له‌کاتێکدا ده‌وڵه‌تى تورک چه‌کدارانى داعشى پڕ چه‌ک ده‌کرد و هاوکارى پێشکه‌ش ده‌کردن، کورده‌کانى سووریا کاریگه‌رترین هێزبوون له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى تیرۆرستی، ئه‌وانبوون که‌ گه‌مارۆى سه‌ر کۆبانێیان تێکشکاند و سه‌رکردایه‌تى هه‌ڵمه‌تێکیان کرد که‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى تێیدا پایته‌خته‌که‌ى (ڕه‌ققه‌) و خه‌لافه‌ته‌که‌ى له‌ سوریا و عێراق له‌ده‌ستدا".

هاوکات خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریاى به‌ ئارامترین و سه‌قامگیرترین ناوچه‌ له‌سوریادا پێناسه‌کردووه‌.
رۆبن ده‌ڵێت:" له‌ ڕابردوودا ڕه‌خنه‌م له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان گرتووه‌، تا ئێستاش له‌گه‌ڵ به‌شێکى بۆچوونه‌کانیاندا ناکۆکم، به‌ڵام ته‌ماشاکردنى په‌که‌که‌ به‌ چاوى سه‌رده‌مى هه‌شتاکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو و پشتگوێخستنى 40 ساڵ له‌ په‌ره‌سه‌ندنى فیکریى و سیاسیى ئه‌و پارته‌، ته‌واو بیرکردنه‌وه‌یه‌کى لاوازه‌".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار