ده‌مه‌وێت له‌رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنم کارى خۆبه‌خشى و خێرخوازى بکه‌م
رۆزا کوردۆ، کاندیدى شاجوان له به‌ریتانیا بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: کاوه ڕه‌ش.به‌ریتانیا
کچه کوردێک له به‌ریتانیا یه‌کێکه له کاندیدان بۆ شاجوانى ئه‌و وڵاته‌و ده‌ڵێت:"به‌ته‌نها جوانی ڕووکه‌ش و ڕوخسار‌و له‌ش ولار مه‌رج نیه، به‌ڵکو کاره خۆبه‌خشیه‌کان و خێرخوازى و ژینگه دۆستى پێوه‌رن بۆ به‌شداریکردن.
ڕۆزا کوردۆ ته‌مه‌ن 25 ساڵ کانیدید کراوه بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنی شاجوانی که ده‌رگای زیاتر ده‌کاته‌وه بۆ تێکه‌ڵاو بوون له‌گه‌ڵ که‌سانی سیاسیی و هونه‌ری و چالاکوانانان.
رۆزا له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وتى:" یه‌کێکم له‌کاندیده‌کانی پێشبڕکێی شاجوانی و هیواده‌خوازم تاجی شاجوانی ئینگلته‌را بۆ ساڵی 2022 له‌سه‌ر بکه‌م".
رۆزا ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که کاتێک پێم وترا دیداره‌که بۆ ڕۆژنامه‌ی "هاوڵاتی"یه، زۆرخۆشحاڵ بووم، وتیشى:"باوکم هه‌میشه خوێنه‌رێکی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌و سایتى هاوڵاتی"یه.
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که هه‌ربه‌م دوایانه‌ش له‌گه‌ڵ دایک و باوکى بانگهێشتکراون بۆ چاوپێکه‌تنێک له‌ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی، له‌سه‌ر کاری خۆبه‌خشی له‌لایه‌ن ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌ریتانی (باڕۆنیس نیکۆڵسۆن) که‌ئافرتێکه زۆر دۆستی کورده‌و زیاتر له30ساڵه له‌نزیکه‌وه کارله‌سه‌ر ڕه‌وشی عێراق و کوردستان ده‌کات، وتیشى:" ده‌مه‌وێ سوپاسی پشتگیری دایک و باوک و خاڵم بکه‌م، که‌ئه‌وان هه‌میشه هانده‌رو ڕێخۆشکه‌رم بوون، تابگه‌م به‌خه‌ونه‌کانم".
وه‌ک ڕۆزا خۆی ده‌ڵێت، یه‌کێک له‌مه‌رجه‌کانی ئه‌وانه‌ی ده‌پاڵوێرێن بۆ پێشبڕکێ شاجوانی ئینگلته‌را، بریتیه له‌وه‌ی ئه‌و کاندیده ده‌بێ که‌سێکی چالاکی بواره‌کانی مرۆڤ دۆستی و ژینگه‌پارێزی و کارى خۆبه‌خشى بێت، وتی:" له‌و پێشبڕکێیه‌دا، به‌ته‌نها جوانی ڕووکه‌ش و ڕوخسار‌و له‌ش و لار مه‌رج نیه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریبیت، به‌ڵکو کار‌و کرده‌وه خۆبه‌خشیه‌کانى وه‌ک ژینگه دۆستى و کارى خۆبه‌خشى پێوه‌رن بۆ به‌شداریکرد ".
ڕۆزا کوردۆ، جگه‌له‌وه‌ی که‌خوێندکاری ساڵی چواره‌می زانکۆی وێستمینسته‌ره، له‌شاری له‌نده‌ن له‌به‌شی (biomedical sciences) هاوکات کاری په‌رستاریش ده‌کات، له‌یه‌کێک به‌ناوبانگترین سه‌نته‌ره‌کانی پزیشکی (NHS) له‌ناوچه‌ی هارلی شاری له‌نده‌ن.
ئه‌و کچه کورده، ده‌شڵێت که هه‌رله‌ته‌مه‌نی 16ساڵیه‌وه، خولیای بواره‌کانی نوسین و هونه‌ری تابلۆ کێشانى هه‌بووه‌و به‌شداری چه‌ندین پێشانگای تایبه‌ت و به‌ناوبانگی نمایش‌کردنی تابلۆکانى کردووه له‌به‌ریتانیا.
هه‌روه‌ها له‌بواری نوسین و کتێب‌دا، ده‌یه‌وێ زیاتر بره‌و به‌تواناکانى بدات و ئێستا کتبێکی نوێى ئاماده‌یه‌و چاپ و بڵاوی ده‌کاته‌وه به‌ناوی(journey of a thousand Kurds) کۆچی هه‌زاره‌ها کورد، وتیشى:" یه‌که‌مجار به زمانى ئینگلیزى بڵاویده‌که‌مه‌وه‌و دواتریش بۆ خوێنه‌ری کوردزمانیش وه‌ری ده‌گێڕین".
ڕۆزا ساڵی 2018 له‌سه‌ر بانگهێشتی ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی به‌شداری کۆنفراسێکی تایبه‌تی په‌رله‌مانی به‌ریتانیاى کردووه ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی کوردستانی عێڕاق.
ئه‌و کچه کورده له‌ڕێی نوسین و چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا له‌ڕۆژنامه‌کان ده‌خوازێ نه‌هامه‌تی و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی سه‌رکورد له‌مێژوودا به‌دونیای ده‌ره‌وه بناسێنی، له‌دیدارێکی ئه‌م دوایانه‌ی ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانی ده‌ڵێت:" به‌شێکی زۆری ئه‌وکێشانه‌ی ئێستا له‌باشوری کوردستان هه‌ن، ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ین و ڕژێمه‌کانی پێشوتر که‌ده‌ستیان هه‌بووه له‌کۆمه‌ڵکوژیی و ئه‌نفال و کیمیاباران و ئاواره‌بونی کورد بۆ ده‌ره‌وه".
بۆیه ده‌ڵێت:" وه‌ک کوردێکی په‌ناهه‌نده‌و مرۆڤدۆست، زۆر نیگه‌رانم له‌دواین بڕیاری حوکمه‌تی به‌ریتانیا بۆ ڕه‌وانه‌کردنی په‌ناخوازان بۆ ئه‌فریقاو به‌کارێکی قێزه‌ونی ده‌زانم دژ به‌ژیانی په‌ناخوازان، چونکه ئێمه‌ش به‌و ڕۆژگاره سه‌ختانه‌ی ئاواره‌یی و په‌ناهه‌نده‌ی تێپه‌ڕیووین".
ڕۆزا ڕوونی ده‌کاته‌وه، که‌چۆن کاتێک له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی گه‌یشتوونه‌ته به‌ریتانیا، ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه به‌ئینگلیزی بدوێن و په‌یوه‌ندی بکه‌ن، به‌ڵام پاش هه‌وڵ و تێکۆشان، ئێستا له‌خێزانه‌که‌یاندا که‌سانی پارێزه‌رو کارمه‌ندی ته‌ندروستی و پیاوی بازرگان بوونیان هه‌یه.
"هه‌موو ئه‌وانه‌ی فێری بووین و پێی گه‌یشتوین له‌ئه‌نجامی باوه‌ش بۆکردنه‌وه‌و پێشوازی لێکردنی ئه‌م ووڵاته بووه بۆکه‌سانی وه‌ک ئێمه، هه‌موومان که‌لتوورو حوکمه‌تی به‌ریتانیامان خۆش ده‌وێت به‌وه‌ی پێی به‌خشیون و کار ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ی پاداشتی کۆمه‌ڵگای به‌ریتانیا بده‌ینه‌وه، کۆچبه‌رانی وه‌ک ئێمه ده‌توانن ببن به‌به‌شێک له‌به‌ڕێوه‌بردن و هاوکاری کردنی ووڵات له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا"، رۆزا واى وت.
ڕۆزاو خێزانه‌که‌ی، هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانیان و ماوه‌ی 18 ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی، له‌شاری (پلیمۆس) ژیاون و دواتر ڕۆزا بۆ کار‌و خوێندن ناچار بووه بچێته له‌نده‌ن.
ڕۆزا ده‌ڵێت ئامانجی سه‌ره‌کی بۆ پێشبڕکێی شاجوانی ئه‌وه‌یه که"بتوانم له‌و ڕێگایه‌وه پڕۆژه‌یه‌کی خێرخوازیی دروست بکه‌م و سوودم بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، تابتوانم داهاتویه‌کی گه‌ش بنیادبنێم".
هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت به‌شداری ده‌نگدان بکات له‌ڕێگای ئه‌پێکه‌وه به‌ناوی miss England ده‌نگ بدات، داوا ده‌که‌م پشتیوانیم بکه‌ن.
ڕۆزا کوردۆ، ئه‌و کاته‌ی ته‌مه‌نی ته‌نها پێنج ساڵان ده‌بێت، هاوشانی دایکی، ڕێگای پڕمه‌ترسی و مان و نه‌مانی هه‌نده‌ران ده‌گرنه‌به‌ر به‌دوای ژیانێکی باشتر‌و پارێزراودا ده‌گه‌ڕان و به‌ڕێگای زه‌مینی و ده‌ریادا، دوای گه‌شتێکی پڕنه‌هامه‌تیی و ترسناک، خۆیان گه‌یاندۆته به‌ریتانیا.
"ئێمه هه‌موو به‌و ناخۆشیانه‌دا تێپه‌ڕیوین، بۆیه ئه‌وه به‌شێکه له‌ژیانی ڕابردووی ئێمه. بۆیه من ئێستا هه‌ست ده‌که‌م که‌من کێم. من ئه‌و که‌سه‌م که‌ئێستا له‌به‌ر ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌رماندا هاتووه ده‌بێ بڕوا‌و متمانه‌ی زیاترمان به‌خۆ بێت و هه‌وڵی چونه‌پێشه‌وه بده‌ین بۆ خزمه‌تکردنی کۆمه‌ڵگاو مرۆڤایه‌تی"، رۆزا وا ده‌ڵێت.