پێویستمان به‌ 65 ملیۆن دۆلاره‌ بۆ دووسایدى که‌لار – سلێمانى و حکومه‌ت وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌

جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌شتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: نیگار عومه‌ر
سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌کان  هیچی بۆ گه‌رمیان خه‌رج ناکرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی حکومه‌ت.
جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌شتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌شڵێت:" بۆ دووسایدکردنى شه‌قامى سلێمانى- که‌لار پێویستیان به‌ 65 ملیۆن دۆلاره‌و حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامیان ناداته‌وه‌ تا بودجه‌که‌یان بۆ خه‌رج بکه‌ن".
 هاوڵاتی: له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا چ پرۆژه‌یه‌ک کراوه‌ بۆ خه‌ڵکی گه‌رمیان؟
 جه‌لال شێخ نوری: له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی له‌گه‌رمیاندا ئه‌نجامدراوه‌ و چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وە وه‌ک پرۆژه‌ی یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون، پرۆژه‌ی بیناو مۆڵ و کارگه‌. 
هاوڵاتی: ئایا حکومه‌تی هه‌رێم تاچه‌ند له‌ڕووی ماددییه‌وه‌ پشتیوانی کاره‌کانتان ده‌کات به‌تایبه‌ت پرسی وشکه‌ساڵی؟
 جه‌لال شێخ نوری: حکومه‌تی هه‌رێم به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ هاوکاری بۆ زۆرێک له‌پرۆژه‌کانی راگرتوه‌، به‌ڵام گه‌رمیان له‌ ئێستادا رووبه‌ڕووی وشکه‌ساڵی بووه‌ته‌وه‌. له‌ساڵی پاردا بڕه‌ پاره‌یه‌ک بۆ گه‌رمیان دیاری کرابوو که‌ ته‌رخان بکرێت بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی وشکه‌ساڵی توانیمان به‌شێوه‌یه‌کی باش هاوکاری لادێکان و جوتیاران و ئه‌و شوێنانه‌ بکه‌ین که‌پێویستی به‌وه‌ بوو هاوکاری بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین کاریگه‌ری وشکه‌ساڵی و که‌مئاوی که‌م بکه‌ینه‌وه‌. 

 له‌ پلانماندا هه‌یه‌ پرۆژه‌ی نیشته‌جێ بونی دیکه‌ بۆ هه‌موو چین و توێژه‌کان گه‌رمیان دروست بکه‌ین
 


هاوڵاتی: له‌زۆر شوێن ده‌بینێرت بیری نایاسایی له‌سنوری گه‌رمیاندا لێده‌درێت؟
جه‌لال شێخ نوری: ئێمه‌ هاوکاری ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌که‌ین که‌ به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی بیر لێبده‌ن، له‌هه‌ر شوێنێ به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی بیر لێبدرێت ئێمه‌ رێگه‌ناده‌ین و ئیجرائات ده‌که‌ین. هاوڵاتی: گه‌رمیان مافی خۆیه‌تی ببێت به‌پارێزگا بۆ ئه‌و پرسه‌ هیچ هه‌نگاوێک ده‌نێن؟ 
جه‌لال شێخ نوری: گه‌رمیان زه‌مینه‌یه‌کی له‌باری هه‌یه‌ بۆ بوون به‌پارێزگابوونی چ شوێنی جوگرافیاکه‌ی چ ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی، به‌ڵام رێگرییه‌ک هه‌یه‌ له‌به‌رده‌م بوون به‌پارێزگابوونی ئه‌ویش کێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌کانه‌، چونکه‌ له‌کاتی کێشه‌ی مادده‌ی (140) قه‌زاکانی که‌لار-کفری-چه‌مچه‌ماڵ-دوزخورماتوو ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ر که‌رکوک، بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ رێگره‌و تائێستا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ زیاتر بابه‌تێکی سیاسییه‌.
 هاوڵاتی: داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌کان چه‌نده‌و چه‌ندی بۆ پرۆژه‌کانی گه‌رمیان خه‌رج ده‌کرێت؟

جه‌لال شێخ نوری: داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌کانی په‌یوه‌ندی به‌وه‌زیری داراییه‌وه‌ هه‌یه‌و مانگانه‌ ده‌گۆڕێت، له‌و داهاته‌ش هیچی بۆ گه‌رمیان خه‌رج ناکرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی حکومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی یاسادا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت.
 هاوڵاتی: شه‌قامی دوو سایدی که‌لار بۆ سلێمانی که‌ی ته‌واو ده‌کرێت، چه‌ند بودجه‌ی ده‌وێ؟

جه‌لال شێخ نوری: ئه‌گه‌ر چی ئێمه‌ پێویستمان به‌ 65 ملیۆن دۆلاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین رێگای که‌لار بۆ سلێمانی ته‌واوبکرێت و داواشمان له‌وه‌زاره‌تی داراییش کردووه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، به‌ڵام تائێستا وه‌ڵامی پێویستمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌وڵداین که‌بتوانین ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ ته‌رخان بکرێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

 له‌ماوه‌ی سێ ساڵی کابینه‌ی نۆیه‌مدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌کمان هه‌بووه‌ که‌ داوامان کردووه‌ جێبه‌جێ بکرێت، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ وه‌ک پرۆژه‌ی ڕێگه‌وبان و په‌روه‌رده‌و گه‌شتوگوزارو ته‌ندروستی
 


هاوڵاتی: ئه‌و پرۆژه‌ ستراتیژییانه‌ کامانه‌ن که‌ له‌ئێستادا له‌گه‌رمیان بوونی هه‌یه‌؟
 جه‌لال شێخ نوری: خۆشبه‌ختانه‌ له‌ئێستادا چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی ستراتیژی له‌ناوچه‌که‌ بوونی هه‌یه‌، وه‌ک پرۆژه‌ی به‌نداوه‌کان، پردو رێگه‌وبانه‌کان و وه‌ک دووسایدی که‌لار بۆ کفری که‌لار بۆ ده‌ربه‌ندیخان، پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌ک دروستکردنی یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون که‌ له‌قه‌زای کفری و که‌لار جێبه‌جێکراوه‌.
 هاوڵاتی: تاچه‌ند پشتیوانی پرۆژه‌ی نیشته‌جێبون ده‌که‌ن بۆ تووێژه‌ جیاوازه‌کان؟
 جه‌لال شێخ نوری: له‌پلانماندا هه‌یه‌ که‌ پرۆژه‌ی نیشته‌جێ بوونی دیکه‌ بۆ هه‌موو چین و تووێژه‌کانی گه‌رمیان دروست بکه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی باش دروستکراوه‌ بۆ مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، ئه‌و چینانه‌ لێی سودمه‌ندبوون.
 هاوڵاتی: خه‌ڵک نیگه‌رانه‌ له‌دۆخی ئابوری هه‌رێم، چی کراوه‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر جوڵه‌ی بازاڕ نه‌کات که‌ له‌ئێستادا سست بووه‌؟
 جه‌لال شێخ نوری: گه‌رمیان ناوچه‌یه‌کی ستراتیژییه‌و جوڵه‌ی بازاڕی له‌ئاستێکی تاڕاده‌یه‌ک باشه‌ به‌حوکمی بوونی مه‌رزی په‌روێزخان و هاوسنوری له‌گه‌ڵ پارێزگای دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین، له‌داهاتوودا چه‌ندین هه‌لی کار ده‌ڕه‌خسێ له‌ڕێگه‌ی ته‌واوبوونی کارگه‌ی ئاسنی کفری. هه‌روه‌ها چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی دیکه‌ که‌ ئه‌مانه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌.
 ئه‌گه‌رچی دۆخی خراپی ئابوری رووبه‌ڕووی هه‌موو خه‌ڵکێک بووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نی مووچه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هیوام له‌داهاتوودا ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ربکرێت.
 هاوڵاتی: له‌گه‌رمیان ده‌یان سه‌رمایه‌دار هه‌ن ئێوه‌ قسه‌تان له‌گه‌ڵ کردوون بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌گه‌رمیاندا بکه‌ن؟
 جه‌لال شێخ نوری: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داره‌کانی گه‌رمیان له‌ماوه‌ی رابردوودا کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵیان کردووه‌ به‌ڵێنمان پێیانداوه‌ که‌ بتوانن پرۆژه‌کانیان له‌گه‌رمیان جێبه‌جێ بکه‌ن و ئێمه‌ش کارئاسانیان بۆ بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ویان بۆ دابین بکه‌ین و زۆرێکیان ئاماده‌باشیان هه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌پرۆژه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.
 هاوڵاتی: له‌ماوه‌ی سێ ساڵی کابینه‌ی نۆیه‌مدا گه‌رمیان چ داواکارییه‌کی هه‌بووه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌؟ 
جه‌لال شێخ نوری: ئێمه‌ له‌ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ماوه‌ی سێ ساڵی کابینه‌ی نۆیه‌مدا چه‌ند پرۆژه‌یه‌کمان هه‌بووه‌ که‌ داوامان کردووه‌ جێبه‌جێ بکرێت، به‌ڵام تائێستا جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ وه‌ک پرۆژه‌ی رێگه‌وبان و په‌روه‌رده‌و گه‌شتوگوزارو ته‌ندروستی.
هاوڵاتى: له‌گه‌رمیاندا چه‌ند کێلگه‌ی نه‌وتی هه‌یه‌و سوودی چی بووه‌ بۆ سنووره‌که‌؟
 جه‌لال شێخ نوری: سێ کێلگه‌ی نه‌وتی هه‌یه‌و کێلگه‌ی نه‌وتی (حه‌سیره‌، چیاسورخ، کورده‌ میر)، سوودی هه‌بووه‌ بۆ ره‌خساندنی هه‌لی کار بۆ ناوچه‌که‌ که‌ڕۆژانه‌ هه‌زار تانکه‌ر نه‌وت ده‌گوێزنه‌وه‌و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین گه‌نج له‌نێو کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کاندا کارده‌که‌ن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار