داهاتەكانی عێراق؛ پێشبینییە داراییەكانی تێپەڕاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكات تێكڕای داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان تا مانگی نیسان گەیشتۆتە 48 ترلیۆن دینار،جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندییش ڕایگەیاند:"كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار".
ئەمڕۆ 7ی حوزەیرانی 2022، وەزارەتی دارایی عێراقدا لە راپۆرتێكدا داهاتی چوار مانگی ئەمساڵی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە:" كۆی گشتیی خەرجییەكانی حكومەتی عێراق تا مانگی نیسان 34 تریلۆن و 500 ملیار دینار بووە لە كۆی 48 تریلۆن داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو زیادەیەی بەدەستهاتووە 13 تریلۆن و 500 ملیار دیناربووە".
وەزارەتەكە پێشبینیشیكردووە، كۆی گشتی داهاتەكان تا كۆتایی ساڵ بگاتە 142 ترلیۆن دینار، هاوكات كۆی گشتیی خەرجییو پێشینەكانیش بگاتە نزیكەی 100 ترلیۆن دیناری عێراقی، بەوجۆرە عێراق تا كۆتایی ساڵ 40 ترلیۆن دیناری عێراقی زیادەی داهاتی دەبێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە داهاتی مانگی ئایاری هەناردەو فرۆشی نەوت گەیشتە 11 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار، ئەوەش پێشبینییە داراییەكانی بۆ داهاتی عێراق تێپەراند كە لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا عێراق لە ماوەی مانگێكدا ئەو بڕە داهاتەی لە فرۆشی نەوتی خاو دەست نەكەوتووە.
عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاریی بانكی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند:" بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر یەدەگی دراوی بیانی وڵات كە ئێستا بڕەكەی زیاتر لە70 ملیار دۆلارە".
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی دەگاتە 90 ملیار دۆلار.
نرخی نەوتی خاو لەجیهاندا لەمانگی حوزەیراندا بەراورد بە مانگی ئایار بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیووەو بۆ هەر بەرمیلێك 5 تا 8 دۆلار نرخەكەی زیادی كردووە.