ئامینە كاكە باوە دەنگی خۆی یەكلایكردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئامینە كاكە باوە لەناو پەرلەمانی سوید رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت"، حكومەتی سوید ڕازی بوو بە داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بۆ بەردەوامیدان بە پشتگیریكردن لە دۆزی كورد بە تایبەت لە ڕۆژئاڤای كوردستان و ئەویش دەنگی بە هەڵوەشاندنەوەی حكومەت نەدا.
مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، بە مەرجی پشتیوانی كرد لە دۆزی كورد بە تایبەت ڕۆژئاڤای كوردستان ئامینەكاكە باوە، وەك تاكە دەنگی یەكلایی كەرەوە دەنگی بە كابینەی سۆسیال دیموكراتەكانی سوید دا و توانیان حكومەت دروستبكەن، لە بەرامبەردا لیبراڵەكان بوون بە ئۆپۆزسیۆن.
ئامینەكاكە باوە لەناو پەرلەمانی سویددا دەنگی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و حكومەتدا، بەو پێیەی سۆسیال دیموكراتەكان كە پێكهێنەری حكومەت خاوەنی 274 دەنگن و ئۆپۆزسیۆنیش خاوەنی 274 دەنگە.
دوای ساڵێك لە پێكهێنانی حكومەتی سوید لەلایەن سۆسیال دیموكراتەكانەوە، پرسی بە ئەندامبوونی سوید لە ڕێكخراوی ناتۆدا هاتە ئاراوە، دەوڵەتی تورك كە ئەندامی ناتۆیە، لە بەرامبەر ڕازی بوونیدابۆ بەئەندام بوونی سوید، چەند داوایەكی خستە بەردەم حكومەتی سوید گرنگترینیان بە تیرۆرست ناساندنی "یەپەگە و یەپەژە" و بڕینی هاوكارییەكان بۆ ڕۆژئاڤا و فرۆشتنی چەك بە توركیا.
ئامینەكاكە باوە لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستی وەرگرت و هەڕەشەی ئەوەی كرد لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا دەنگدەدات بە متمانە وەرگرتنەوە لە وەزیری داد كە پرۆژەكە لەلایەن لیبراڵەكانەوە پێشكەشكرابوو.
حكومەتی سوید لە بەرامبەر هەڵنەوەشاندنەوەیدا ناچاربوو مل بۆ داواكارییەكانی ئامینەكاكە باوە بدات، بۆیە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی سویددا ئامینەكاكە باوە دەنگی نەدا بە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری داد.
لە وتارێكدا ئامینەكاكە باوە كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا پێشكەشی كرد رایگەیاند:" چۆن ئەردۆغان لەوسەری دنیاوە دێت سوید بەڕێوە دەبات و كورد بە كیمیایی دەكوژێت".
ئامینە كاكە باوە، لە گوندی تورجانی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، لە ساڵی 1992ەوە لەسوید دەژی، 17 ساڵە لەناو پارتی چەپی سوێدیەو ماوەی دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی سویدە.