بەنزین هەرزان نابێت تا نەوتی زیاتر لەناوخۆدا نەپاڵێورێت و حكومەت پاڵپشتی دارایی نەكات
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە بۆ هاوڵاتی:
2 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: سەركۆ جەمال
عەلی حەمەساڵح دەڵێت:»چارەسەری گرانی نرخی بەنزین ئەوەیە لەناوخۆ نەوتی زیاتر بپاڵێورێت و حكومەتی هەرێم پاڵپشتی دارایی بكات».
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت:»چارەسەر ئەوە نییە بازرگانەكان بەنزین لەدەرەوە بهێنن، چونكە ئەوە بەپێی نرخی جیهانی دەبێت و گران دەكەوێت و لیترێك دەگاتە هەزارو 400 بۆ هەزارو 600 دینار».
هاوڵاتی: هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق دەتوانێت پاڵپشتی دارایی بۆ سوتەمەنی (بەنزین) بكات لەئێستادا؟
عەلی حەمەساڵح: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوت بداتە پاڵاوگەكان بەتەنیا پاڵاوگەی كار دەتوانێت نزیكەی بەشی هەموو پێداویستی كوردستان بەنزین دابین بكات، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر 25 هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت، بازیان و قەیوان ئێستا بۆ عێراق كاردەكەن واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خاوی ناداتێ، بەڵكو عێراق دەیداتێ، بۆیە بەرهەمەكەشی دەداتەوە بەعێراق.
هاوڵاتی: پێشتر باستان كردووە كە بەنزینی 690 هەزار دیناری لە هەولێر هەیەو بۆ سلێمانی و دهۆك نییەو راگیراوە، بۆچی؟
عەلی حەمەساڵح: ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 23 بۆ 25 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، ئەو نەوتەش نزیكەی ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەمی هەیە، زیاتر بۆ كۆمپانیای سەن ئۆیل و كورد نەفتە، بەشێكی زۆری لەهەولێر و بەشێكی تریشی لەپارێزگای دهۆك دابەشدەكرێت، هیچی رەوانەی سلێمانی ناكرێت.
هاوڵاتی: كەمتەرخەمی لەستافی تیمی حكومی یەكێتی و گۆران هەیە كەخەمی لێناخۆن؟
عەلی حەمەساڵح: بێگومان بەشی سلێمانی رۆژانە نزیكەی 400 هەزار لیترە ئەوە دوو ساڵ و شتێكە نەدراوە، بێگومان حكومەت بەرپرسە، بەڵام ئەگەر وردتری بكەیتەوە تیمی یەكێتی و گۆڕان لەحكومەت بەرپرسیارێتی زیاتریان لەئەستۆیە، لەبەرئەوەی زیاتر نوێنەرایەتی ئەو ناوچەیە دەكەن.
هاوڵاتی: بێجگە نرخەكەی خراپی كوالێتییەكەی لەشۆسیال میدیاشدا باس دەكرێت، پێتانوایە چاودێری وردی بەنزین ناكرێت لەلایەن حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە؟
عەلی حەمەساڵح: نەخێر چاودێری ناكرێت و ئەو بەنزینەشی كە لەبەنزینخانەكاندا هەیە كوالێتیان زۆر خراپە و پێشتریش چەندین جار ئەوەمان وتووە.
هاوڵاتی: چارەسەر چییە كاك عەلی، دواجار ئەم وڵاتە و ئەم خەڵكە نابێت بەم دۆخەوە بژین؟ چی بكرێت؟
عەلی حەمەساڵح : چارەسەر ئەوە نییە بازرگان لەدەرەوە بیهێنێت، چارەسەر ئەوەیە لەناوخۆدا نەوت بپاڵێورێت.
ئەگەر سەیری نرخی بۆرسە بكەین لەدوبەی كە نزیكترین شوێنە بۆ بازاڕی سوتەمەنی نزیكەی هەزارو 400 بۆ هەزارو 600 دینارە، تادێتە ئێرە ئەگەر بەنزین بێت دەگاتە هەزارو 600 دینار ئەوپەڕی، ئەگەر تێكەڵەو بابەتێكی تر بێت ئەوەیان بابەتێكی ترە.
چارەسەر بازرگانی نییە ئەگەر لەدەرەوە بهێنرێت پەیوەندی بەنرخی جیهانیەوە هەیە، تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەت خۆی پشتیوانی بكات ئەویش بەپاڵاوتنی سەرجەم جۆرەكانی سووتەمەنی.
هاوڵاتی: هەڵبژاردن وەك دەردەكەوێت دوادەخرێت، دەڵێن كاك عەلی حەمەساڵح لیستی دەبێت و كاریشی بۆ كردووە؟
عەلی حەمەساڵح: پێشتریش وتوومە هەڵبژاردن ئەمساڵ ناكرێت و ناكۆكیەكانیش لەسەر كۆمەڵێك بابەتن وەكو كۆتاكان، تۆماری دەنگدەران، بازنەكان كە ئایا فرەبازنەبێت یان یەك بازنە بێت، باوەڕی ئێمە ئەوەیە بەرەیەكی جددی ناڕازی دروست بكرێت لەهەرێمی كوردستان