ئەرتەشی توركیا 25 ساڵە هێرش دەكاتە سەر كوردەكان

ئامینە كاكە باوە لەپەرلەمانی سویدەوە:

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سویدەوە بەرانبەر ئەردۆغان وەستایەوە كە ئەو داواكاریانەی هەیانە لەحكومەتی سوید، سوید رەتیبكاتەوەو بەو مەرجە دەنگی بەلێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو لەپەرلەمانیشەوە رایگەیاند:» ئەرتەشی توركیا 25 ساڵە هێرش دەكاتەسەر كوردەكان و خەڵكی بێتاوان دەكوژێت».

دوێنێ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی سوید تایبەت بە لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری داد دەنگی ئامینە كاكە باوە یەكلاكەرەوە بوو.

ئامینە كاكە باوە، لەپەرلەمانی سوید وتی:»  لەماوەی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی سنوورەكانی عێراقی بەزاندووە و هێرشی كردووەتە سەر كوردەكانی عێراق».

هەروەها وتیشی:» ئەرتەشی توركیا بە بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانی گوندەكانی كوردانی كردووەو سەدان كوردی بێتاوانیان كوشتووە، ١٤٠ گوندیان وێران كردووە و هەزاران كەسیش ئاوارە بوون. خەڵكی ئەو دەڤەرە لەترس و دڵەڕاوكێدا دەژین، زەوی كشتوكاڵ، دارستان، باخ و بەروبوومی ئەو خەڵكە وێران بوون و لەناوچوون».

هاوكات ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوەی توركیا لەكوردستانی عێراق دەیكات هیچ جیاوازیەكی نیە لەگەڵ ئەوەی لەعەفرین روودەدات» واتە بەكارهێنانی توندوتیژی دژی خەڵكی سڤیل و بنپێكردنی مافەكانی مروڤ».

كاكە باوە وتیشی:» پرسیاری من لەوەزیری دەرەوەی سوید مارگوت ڤالستروم ئەوەیە: ئایا سوید سەبارەت بەو بابەتە چ هەنگاوێكی هەڵێناوەتەوە كە لەڕێگەی نەتەوەیەكگرتوەكان و یەكێتی ئەوروپاوە توركیا ناچار بەپاشەكشە لەكوردستانی عێراق بكات؟

مارگوت ڤالستروم وەزیری دەروەی سوید لەوەڵامدا وتی:» ئێمە بەردەوام ئەم مژارەمان لێرەدا لەمینبەری پەرلەمانەوە خستووەتە بەرباس و من شتێكی باشترم نیە لەوەی ئامینە باسی كرد بۆ ئاماژەدان بەڕەوشی ناوچەكە، بێگومان ئێمە لەڕێگەی پەیوەندی تایبەتی خۆمان و لەڕێگەی یەكێتی ئەوروپاوە كە ٢٨ وڵات لەخۆدەگرێ و پێكەوە بەهێزترو كاریگەرتر دەبین، فشار دەخەینە سەر توركیا سەبارەت بەم بابەتەو ئەو هەڵوێستانەی ئێمە هەمانە».

وەزیری دەرەوەی سوید وتیشی:» ئێمە بەردەوام چالاك دەبین لەباسكردنی مافەكانی مروڤ و توندوتیژیەكان و ئەوانە كێشەی بەرچاون لەتوركیادا و بەردەوام بەرفراوان دەبنەوە. ئەوە كێشەیەكی گەورەیە لە توركیادا ئەگەر باسی پرسی كورد بەگشتی نەكرێ».

هاوكات وەزیری دەرەوەی سوید ئەوەی دووپاتكردەوە كە خوازیارن كە پرسی كورد بكەوێتە رۆژەڤەوەو دانوساندنەكان دەستپێبكەنەوە و دانیشتنەكان بۆ باسكردنی ئاشتی بێت لەداهاتوودا.

لەبەرانبەردا ئامینە كاكە باوە باسی لەوەكرد كە سێشەمەی رابردوو لەپەرلەمان دوو میوانیان لەكوردستانەوە هەبووە كە»شیروان شیروانی و تارا حوسێن»  رۆژنامەوان و چالاكی سیاسی و مافەكانی مرۆڤن و داوایان لەپەرلەمان و دەوڵەتی سوید ئەوە بووە كە پێش بەم بۆردومان و هێرشانەی توركیا بگرن، هەر لەکاتی ئەو قسانەیان هەواڵ بڵاوبووەوە كە چوار كەس لە بۆردومانەكانی توركیادا كوژراون كە كوردی سڤیلن».

ئامینە پرسیاری ئەوەی كرد كە ئایا دەوڵەتی سویدو وەزیری دەرەوە واتە بەڕێزتان، ئەمە دەخەنە بەرباس لەگەڵ توركیادا كۆتایی بەم وەزعە بێنێت، چونكە ئەو شوێنانەی بۆردومانیان دەكات پ ك ك-ی لێ نیە و تەنیا خەڵكی سڤیل لەوێدا دەژین؟

لەوەڵامدا، مارگوت ڤاڵستروم وتی:» ئاواتەخوازم بمتوانیایە بڵێم كە دەستبەجێ كۆتایی بەو بۆردومانانە بێنن، ئەوە ویستی شەخسی خۆمە، بێگومان ئێمە دەبێ هەموو رێگاو رێبازە سیاسییەكان بگرینەبەرو فشار بخەینەسەر توركیا كە بەپێی پرنسیپەكانی مافی مروڤ بجوڵێتەوەو رێبازێكی ئاشتیانە بگرێتەبەرو ئێمە یارمەتیدەری  قوربانیانی بۆردومانەكان بین و كەڵك لەهەموو ئامرازەكانمان وەربگرین».

ئامینە كاكە باوە دەنگی بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری دادو ناوخۆ نەداو بەو هۆیەوە حكومەتی سوید بەسەرپەرشتی سۆشیالیستەكان بەردەوام دەبێت كە لیبراڵەكان(راستڕەوەكان) داوایان كرد كە متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

ئەو وتانەی ئامینە كاكە باوە حكومەتی سوید ناچار دەكات ئەو داواكاریانەی توركیا هەیەتی بۆ تەسلیمكردنی دەیان داواكراو سوید رەتیبكاتەوە كە یەكێكیان ئامینە كاكە باوە، پەرلەمانتاری سویدە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار