نێچیرڤان بارزانی داوایەك ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوتارێكدا لە ئاهەنگی دەرچوانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی رایگەیاند:"بانگهێشتی كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكەم بۆئەوەی لەسەر بنەمای دەستور و بەسەروەركردنی یاسا هەوڵی چارەسەركردنی هەمو ئەو كێشانە بدەین كە ئەمڕۆ توشی وڵاتەكەمان بوون".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوتارێكدا پەیامێكی ئاراستەی دەرچوانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی وتی: "دونیای دەرەوەی زانكۆ پڕە لەئاستەنگ لەگەڵئەوەشدا پڕە لەدەرفەت، ئێوە زانستی زۆر و بڕوانامەیەكی گرنگتان هەیە، بۆیە لەئەمڕۆوە دەتوانن دەست بەدروستكردنی دوارۆژێكی گرنگ بۆ خۆتان و وڵاتەكەتان بكەن، كار پەیدا بكەن و هەر دەرفەتێكی كار كە دەستتان دەكەوێت، لەدەستی مەدەن و دواتر دەتوانن خەونی گەورەتر بەدەستبهێنن.".
هەروەها
ئاماژەی بەوەشكرد كە"مێژوی وڵاتەكەمان پڕە لەجەنگ و چەوسانەوە و وێرانی، نەوەكانی رابردو ژیانێكی زۆر سەختیان هەبو، بەرگری و خەباتێكی زۆریان كرد، بۆئەوەی ئێوە لەوان باشتر و خۆشتر بژین، زۆر گرنگە ئەمڕۆ گەشبینی بڵاوبكەنەوە و بەدڵگەرمی بۆ دوا رۆژێكی باشتر بدەنە هەمو گەلی كوردستان و عێراق، پێویستی ئامانجی سەرەكیتان ئەوە بێت ژیانی خۆتان خۆش بكەن و ژیان لەوڵاتەكەمان بەرەو پێش ببەن.

باسی لەوەشكرد كە "كاری ئێوە كۆتایی نەهاتوە و بەرپرسیارێتیتان بێ كۆتاییە، هەر رۆژێك كە بەشداری دەكەن لە باشتركردنی ژیانی كەسانی دیكەدا، شان دەدەنە بە بەرپرسیارێتی،  نابێت كۆڵ بدەن و بەدڵنیاییەوە سەردەكەون".

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، "داواتان لێدەكەم ئامادەبن بۆ هەمو ئەو ئاستەنگ و بەرپرسیارێتیانەی دێنە رێگاتان، ببنە هێزی چارەسەركردنی كێشەكان و بەشداری سەرەكیتان لە ژیانێكی نوێ هەبێت لەم وڵاتە، دونیایەكی باش لەخۆیەوە دروست نابێت، بەڵكو پێویستە بەلەخۆبوردەیی و كاری بەردەوام ئەو دونیایە دروست بكرێت".

ده‌قی وتاری نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: 

به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق..

به‌ڕێزان سه‌رۆك و مامۆستایانی زانكۆ و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی بۆردی زانكۆ ..

ئاماده‌بوانی به‌ڕێز .. ئێواره‌تان باش و به‌خێر بێن

خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانیم، له‌ شوێنێكی گرنگ كه‌ زانكۆی ئه‌مریكییه‌، له‌ بۆنه‌یه‌كی زۆر خۆشدا كه‌ ئه‌ویش ڕێوڕه‌سم و ئاهه‌نگی ده‌رچونی (291) خوێندكاری ئه‌م زانكۆیه‌ یه‌.

سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت پیرۆزبایی له‌ یه‌ك به‌ یه‌كی قوتابیانی ده‌رچو بكه‌م، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ دایك و باوكیان ده‌كه‌م. زۆر سوپاسی سه‌رۆكی زانكۆ و هه‌مو مامۆستایانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی ده‌كه‌م، بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ گه‌نجه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان.

هه‌ر لێره‌دا به‌ پێویستی ده‌زانم پیرۆزباییه‌كی تایبه‌ت ئاراسته‌ی ئه‌و (32) ده‌رچوه‌ بكه‌م كه‌ خه‌ڵكی ئه‌فغانستانن و ئه‌مڕۆ له‌م زانكۆیه‌ ده‌رده‌چن. هیوادارم به‌و زانسته‌ی لێره‌ وه‌ریانگرتوه‌ ببنه‌ پشتیوان بۆ به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجی گه‌له‌كه‌یان. سوپاسی هه‌مو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌رفه‌تیان ڕه‌خساند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قوتابیانه‌ له‌م زانكۆیه‌دا بخوێنن، چ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تیی ئه‌م خوێندكارانه‌یان دا، چ سه‌رۆك كۆماری عیراق كه‌ من ئاگادارم زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ بوه‌ بۆ هێنانی ئه‌م قوتابیانه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان له ‌ده‌ست نه‌چێت و به‌رده‌وام بن له‌ خوێندن و پیرۆزباییان لێده‌كه‌م.

پیرۆزبایی له‌ دامه‌زرێنه‌ری زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی، هاوڕێ و برای خۆشه‌ویستم د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ كار ده‌كات بۆ پێشكه‌وتنی ئه‌م زانكۆ گرنگه‌ی كوردستان و عیراق.
ده‌رچوانی خۆشه‌ویست.

ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی گرنگ و نوێی ژیانتانه‌. ئه‌ویش چونه‌ بۆ ناو ژیانی كرده‌یی و مه‌یدانی كار. دنیای ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ پڕه‌ له‌ ئاسته‌نگ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پڕه‌ له‌ ده‌رفه‌ت. ئێوه‌ زانستێكی زۆر و باوه‌ڕنامه‌یه‌كی گرنگتان پێیه‌. بۆیه‌ ده‌توانن له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ست به‌ دروستكردنی دواڕۆژێكی گرنگ بكه‌ن بۆ خۆتان و بۆ وڵاته‌كه‌تان. كار په‌یدا بكه‌ن، هه‌ر ده‌رفه‌تێكی كار كه‌ ده‌ستتان ده‌كه‌وێت له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ن. دواتر به‌ خه‌ونی گه‌وره‌ و كاری زۆری خۆتان، ده‌توانن كار و ده‌رفه‌تی زۆر گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بهێنن.

داواتان لێده‌كه‌م ببنه‌ بنیاتنه‌ری دنیایه‌كی نوێ. دنیایه‌ك كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت. دنیایه‌ك كه‌ له‌ دروستكردنیدا كوڕ و كچ وه‌ك یه‌ك به‌شدارن و هاوكارن. جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی هاوسه‌نگ له‌ كوڕان و كچانی سه‌ركه‌وتو لێره‌ ده‌بینم. ئه‌مه‌ ئومێدبه‌خشه‌، چونكه‌ هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ بنیاتنانی داهاتوی ئه‌م وڵاته‌دا، هه‌ردو ڕه‌گه‌ز پێكه‌وه‌ به‌شدارن و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵده‌گرن.

به‌داخه‌وه‌ مێژوی وڵاته‌كه‌مان پڕه‌ له‌ جه‌نگ و چه‌وساندنه‌وه‌ و وێرانی. نه‌وه‌كانی ڕابردو ژیانێكی زۆر سه‌ختیان هه‌بوه‌. به‌رگری و خه‌باتێكی زۆریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ له‌وان خۆشبه‌ختتر و باشتر بژین و ده‌رفه‌تی باشتری خوێندن و پێگه‌یشتنتان هه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئێوه‌ ئه‌مڕۆ گه‌شبینی بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و دڵگه‌رمی بۆ دواڕژێكی باشتر بده‌نه‌ هه‌مو گه‌لی كوردستان و گه‌لی عێراق.

پێویسته‌ ئامانجی سه‌ره‌كیتان ئه‌وه‌ بێت كه‌ ژیانی خۆتان باش بكه‌ن و ژیان له‌ وڵاته‌كه‌ماندا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن و خۆشی بكه‌ن. متمانه‌تان به‌ خۆتان هه‌بێت، متمانه‌تان به‌ تواناكانتان هه‌بێت. به‌ كرده‌وه‌ و له‌ كاردا سود له‌و زانسته‌ وه‌ربگرن كه‌ به‌ ده‌ستتان هێناوه‌.

كاری ئێوه‌ كۆتایی نه‌هاتوه‌. به‌رپرسیاریه‌تیی ئێوه‌ پرۆسه‌یه‌كی بێ كۆتایه‌، هه‌ر ڕۆژێك كه‌ تواناكانی خۆتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌ر ڕۆژێك كه‌ به‌شداری ده‌كه‌ن له‌ باشتركردنی ژیانی كه‌سانی دیدا، زیاتر شان ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسیاریه‌تی.

كاری ئێوه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ست پێده‌كات. ده‌كرێ سه‌ختی و به‌ربه‌ست بێنه‌ ڕێتان، به‌ڵام پێویسته‌ كۆڵ نه‌ده‌ن و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئێوه‌یه‌. ئێوه‌ ده‌توانن له‌ كاردا سه‌ركه‌ون، چونكه‌ له‌ خوێندندا سه‌ركه‌وتن. ئامانجی ئێوه‌ ده‌بێ گه‌وره‌ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانتان و كارتان گه‌وره‌ بێت. ده‌بێ گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر، گۆڕینی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات به‌ره‌و باشتر، ئامانجی ئێوه‌ بێت.

ئێوه‌ ده‌توانن ئه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن، چونكه‌ ڕێگه‌ زانستییه‌كانی ئه‌و گۆڕینه‌ له‌م زۆنكۆیه‌ و له‌ زانكۆیه‌كانی دیكه‌ فێربون و ده‌توانن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و گۆڕینه‌ به‌ره‌و باشتر له‌م وڵاته‌دا دروست بكه‌ن. ئێوه‌ هێزی گه‌وره‌ی پێشكه‌وتن و گۆڕانكارین له‌م وڵاته‌دا، ژیانی خۆتان باش بكه‌ن و وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ش پێشبخه‌ن.
ده‌رچوانی خۆشه‌ویست .

ئێوه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشتان له‌ ده‌ره‌وه‌ هاتون، ئه‌م زانكۆیه‌ ئێوه‌ی پێكه‌وه‌ كۆكرده‌وه‌، ئێوه‌ش پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن. ئێوه‌ لێره‌ فێر بون كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ پێكه‌وه‌بوندا ئاسانتره‌. ژیان له‌ پێكه‌وه‌بوندا خۆشتره‌. ئه‌و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌بونه‌ی لێره‌ فێر بون، ببه‌ن بۆ هه‌مو عێراق. براده‌رانی زانكۆتان له‌بیر نه‌كه‌ن و په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستیتان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بپارێزن.

ئێوه‌ پێویسته‌ هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌كاركردن بكه‌نه‌ كولتور. ئێوه‌ پێكه‌وه‌ ده‌توانن كار له‌سه‌ر فراوانكردنی ماف و ئازادییه‌كان بكه‌ن. ئێوه‌ی گه‌نج ده‌توانن هه‌میشه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان. ده‌بێ دروستكردنی بڕیار له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیان و زانست بكه‌نه‌ كولتور، ئاوا وڵات پێشده‌كه‌وێت.

ئێستا قوتابخانه‌ و زانكۆی باش هه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وه‌ بۆ من هه‌میشه‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئامانجه‌كانم. چونكه‌ پێشكه‌وتنی وڵات لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. زۆر پێویسته‌ زانكۆكان ڕۆڵێكی زیاتریان هه‌بێت و زیاتر تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ببن.

جا بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م كه‌ ئاماده‌ بن بۆ هه‌مو ئه‌و ئاسته‌نگ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ی دێنه‌ ڕێگه‌تان. بێ هیوا نه‌بن و وڵاته‌كه‌تان به‌جێنه‌هێڵن. ببنه‌ هێزی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. ببنه‌ هێزی نه‌هێشتنی كێشه‌كان و ببنه‌ به‌شداری سه‌ره‌كیی دروستكردنی ژیانێكی نوێ له‌م وڵاته‌دا. دڵنیا بن دنیایه‌كی باش له‌ خۆیه‌وه‌ دروست نابێت، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ له‌خۆبوردویی و كاری به‌رده‌وامی ئێوه‌ ئه‌و دنیایه‌ له‌ كوردستان و له‌ عیراق دروست ده‌بێت.

دنیایه‌كی باش و وڵاتێكی پێشكه‌وتو، پێویستی به‌ ئێوه‌یه‌. ئێوه‌ ده‌بێ ئێره‌ بكه‌نه‌ شوێنێكی باشتر بۆ هه‌مومان. ئێوه‌ به‌شێكن له‌و نه‌وه‌ وشیاره‌ی ئه‌مڕۆ پێده‌گات و ده‌زانێت ده‌بێ ژینگه‌ و هه‌ساره‌كه‌مان له‌ تێكچونێكی زۆر مه‌ترسیداری كه‌شوهه‌وا بپارێزین و چاكی بكه‌ینه‌وه‌.

ده‌رچوانی خۆشه‌ویست..
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز ..
له‌سه‌ر ئاستی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها ڕێگه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان، یه‌كترقبوڵكردن و یه‌كترخوێندنه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ نه‌رمونیانی نواندنه‌، ئێمه‌ جگه‌ له‌ لێبورده‌یی بژارده‌یه‌كی دیمان نییه‌، جێگره‌وه‌ی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، بریتیه‌ له‌ جه‌نگ و په‌راوێزخستنی یه‌كتر، وڵات ئێستا له‌ هه‌مو كات زیاتر پێویستی به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان پێشمه‌رجی خۆی هه‌یه‌، پێشمه‌رجی پێكه‌وه‌ژیانیش بریتییه‌ له‌ ویستی لێكنزیكبونه‌وه‌ و لێكگه‌یشتن.

سه‌ركرده‌كانی عێراق هه‌مو هه‌ست به‌ مه‌ترسیی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای وڵات ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی وڵات و كۆتاییهێنان به‌و چه‌قبه‌ستویی و بنبه‌ستی سیاسی له‌ وڵات، له‌ ده‌ستی بڕیاربه‌ده‌ستانی وڵاتدایه‌. هه‌نگاوی یه‌كه‌می چاره‌سه‌ریش بریتییه‌ له‌ ویست و ئیراده‌ بۆ چاره‌سه‌ر. ئه‌گه‌ر بێتو هه‌ریه‌كه‌مان هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر بڕۆین، هه‌نگاوی كرده‌یی، ئه‌وا له‌ زۆر خاڵی هاوبه‌شدا یه‌كده‌گرینه‌وه‌ و كۆتایی به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی وڵات ده‌هێنین كه‌ گه‌لی عێراق شایسته‌ی ژیانێكی باشتر و دۆخێكی باشتره‌.

له‌ عێراق ئێمه‌ و هه‌مو پێكهاته‌كان، به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌وه‌، له‌ ژیانێكی هاوبه‌شداین، چوارچیوه‌ی یه‌ك وڵات كۆمانده‌كاته‌وه‌، یه‌ك ده‌ستور ماف و شایسته‌كانمان پێناسه‌ ده‌كات. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا مێژویه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌. مه‌به‌ستم مێژوی هه‌نوكه‌ییی عێراقی فیدراڵه‌. ئێمه‌ هه‌مو پێكه‌وه‌ له‌ ئێستایه‌كی هاوبه‌شداین، داهاتو و چاره‌نوسیشمان له‌ چوارچێوه‌ی سنوری عێراقدا هاوبه‌شه‌.

خۆشه‌ویستان؛
ده‌مه‌وێ ئه‌و ڕاستییه‌ به‌بیر هه‌مو لایه‌ك بهێنمه‌وه‌: عێراقی نوێی فیدراڵ كه‌ سیسته‌مێكی په‌رله‌مانیی دیموكراسی هه‌یه‌، به‌ به‌شداریی هه‌موان هاتۆته‌ ئاراوه‌. هه‌مو پێكهاته‌كان له‌ دروستكردنی ئه‌م عیراقه‌ نوێیه‌ به‌شدار بون. هه‌ر بۆیه‌ش پێشمه‌رجی مانه‌وه‌ی عێراق و به‌ره‌وپێشچونی عیراق، بریتییه‌ له‌ پاراستن و چه‌سپاندنی مافی هه‌مو پێكهاته‌كان.

ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی عێراق له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌ییی عیراقدا ده‌بینین و داخوازیه‌كانمان له‌ عێراقی فیدرال ده‌ستورین، مافن. شتێكی زیاتر له‌وه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستوری عیراقدا هه‌یه‌، داوا ناكه‌ین و داوامان نه‌كردوه‌. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ من وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتی كۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور و به‌سه‌روه‌ركردنی یاسا، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو ئه‌و كێشانه‌ بده‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ ڕوبه‌ڕوی وڵاته‌كه‌مان بونه‌ته‌وه‌.

ئێمه‌ ئاماده‌ی هه‌مو هاوكاریه‌كین. ویستمان هه‌یه‌ و هه‌نگاومان ناوه‌ به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی دۆخی وڵات. له‌ هه‌نگاوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین تاكو ده‌گه‌ین به‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ عێراق ده‌رباز ده‌كات له‌و دۆخه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ پێیدا تێده‌په‌ڕێت.

ده‌رچوانی خۆشه‌ویست؛
له‌ كۆتاییدا ڕوی قسه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌ ئێوه‌. خوێندن و زانست ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی وڵاتن. بیری ئێوه‌ به‌ زانست پێشكه‌وتوه‌. داواتان لێده‌كه‌م وڵاته‌كه‌تان پێشبخه‌ن. چاومان له‌ هیممه‌تی ئێوه‌یه‌ بۆ پێشخستنی ئه‌م وڵاته‌.

دیسانه‌وه‌ له‌ قوڵایی دڵمه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ هه‌رهه‌موتان ده‌كه‌م و كاتێكی خۆش بۆ هه‌مو لایه‌كتان ده‌خوازم و زۆر سوپاس بۆ هه‌مولایه‌كتان.
زۆر سوپاس..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار