پەشیمان نیم لەو خەباتەی لەشاخ كردوومە ..... پەرلەمان هی كوڕی بەرپرس‌و كچی شەهیدەكان نییە

فەرهاد سەنگاوی، كەسایەتی سیاسی بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانی: هاوڵاتی

 

فەرهاد سەنگاوی پێشمەرگەی دێرین و كەسایەتی سیاسی دەڵێت:» فشاری جەماوەری و میدیا زۆر گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی خەڵك، بەڵام میللەت تێكشكاوە دەبێت میللەت هۆشیار بكرێتەوە لەمافەكانی»، دەشڵێت:» پەشیمان نیم لەو خەباتەی لەشاخ كردوومە، چونكە یەكێتی حزبێكی نیشتمانی نەتەوەیی بوو بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان».

فەرهاد سەنگاوی، كەسایەتی سیاسی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دەخاتەروو كە» ئەو برادەرانەی كاتی خۆی پێیانوابوو هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانكاری گەورەیە، پێویستە بزانن هەڵبژاردن شاڕێی تەزویرەو هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات».

هاوڵاتی: لەشكركێشی بەردەوامە، چی بكرێت تا ببێتە فشارێك یا سنورێك بۆ سوپاكەی ئەردۆغان دابنرێت؟

فەرهاد سەنگاوی: لەلایەن ئەو گروپ و دامودەزگایانەی كەپێیان دەوترێت دامودەزگای حزبی ئەوەیان دەستی لێ بشۆ، چونكە خۆیان جۆرێك لە جۆرەكان بەشدارن لەو لەشكركێشییە، ئێمە داوای چی لە حكومەت و حزب بكەین لەكاتێكدا هەر بەناو حكومەتی هەرێم و حزبە.

بەشێك لەهێرشەكە و لەشكركێشییەكە كە گومانم هەیە پارەی خەرجی لەشكركێشی توركیا لەپارەی نەوتی هەرێم بدرێت، لەبەرئەوە واز لەحكومەت و حزب بهێنین.

خەڵك لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا تاكەكانی كۆمەڵگا ئینتماكانیان لێ سەندراوەتەوە، بەڕێگای جۆربەجۆر، ئێستا مرۆڤی كورد كراوە بەمرۆڤێكی بەتاڵ لەبیروباوەڕو ئینتما و خۆشەویستی و رێز و خۆشەویستی بۆ خاك و وڵات، مرۆڤەكانی كوردو كۆمەڵگاكەمان كۆمەڵگایەكی بێ ئینتیمایە، هەموو پەیوەندییەكانی لێ سەندراوەتەوە پەیوەندی خێڵایەتی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت خێزانیشی لێ سەندراوەتەوە، كاتێك كۆمەڵگا وای لێهات زۆر قورسە تۆ كارێكیان پێبسپێریت و رێكی بخەیت، پێویستە جارێكی تر كۆمەڵگا رێكبخرێتەوە وەفای رێزو خۆشەویستی و بیروباوەڕو ئینتیمای بۆ بگەڕێنیتەوە، كە ئەوانەت بۆ گەڕاندەوە ئەوكاتە ئەتوانی كاریان پێ بسپێریت.

كوردستان وێران كراوە، دیوارو پردی لەناو برا بەمرۆڤەكان دروست دەكرێتەوە، ئەی ئەگەر مرۆڤەكان رووخان بەچی دروستیدەكەیتەوە، پێویستە مرۆڤەكان رێكبخەیتەوە دواتر نیشتمان بە مرۆڤەكان دروست بكەیتەوە.

هاوڵاتی: خەڵك گلەیی هەیە لەحكومەتی هەرێم و دەڵێن پاش 30 ساڵ دۆخەكە خراپتر بووە؟ بۆچوونتان چییە؟

فەرهاد سەنگاوی: ئێمە حكومەتێكمان نییە بەناوی حكومەتی هەرێم، بەناو هەمانە، بەڵام بەكردەوە نیمانە تا پێی بڵێن ئەوە میللەتەكەی خۆتە پەروەردەو ژیان و ئینتیمای رێكبخە، ئەگەر حكومەت، حكومەتی هەرێم بوایە خۆی كارەكانی دەكرد بەبێ ئەوەی پێی بڵێن.

حكومەتی دوو سێ كەس و بنەماڵەیەك هەیە، بەڵام حكومەتی هەرێم نابینم، حكومەتی خێڵەكی هەیەو حكومەتی هەرێم نییە.

فشاری جەماوەری و میدیا زۆر گرنگە، تا فشار بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی خەڵك، بەڵام میللەت تێكشكاوە دەبێت میللەت هۆشیار بكرێتەوە لەمافەكانی.

هاوڵاتی: بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمان بكرێت، هەرچەند دیار نییە دەكەوێتە كەی؟ پێتوایە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە گۆڕانكاری دروست دەبێت؟

فەرهاد سەنگاوی: نەخێر ئەو برادەرانەی كاتی خۆی پێیانوابوو هەڵبژاردن شاڕێی گۆڕانكاری گەورەیە، پێویستە بزانن هەڵبژاردن شاڕێی تەزویرەو  هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات، چونكە تۆ دەبێت پەرلەمانێكت هەبێت سەربەخۆ بێت و بریتی بێت لە رۆڵەكانی میللەت و كەسانی ئازاو لێهاتووبن، بەڵام ئێستا ئیش بۆ كوڕو كچەكانیان دەدۆزنەوەو دەڵێن كوڕەكەی فڵان كەس زانكۆی تەواو كردووەو كوڕەكەی فڵان شەهید بۆ پەرلەمان باشە، پەرلەمان پێویستی بەو كەسانەیە كە موخەزرەمن، كامڵن لەبیروباوەرو زانست و مەعریفەو تێربوون لە شتەكان.

پەرلەمان نە هی كوڕی بەرپرس و كوڕو كچی شەهیدەكانە، نە هی كوڕو كچی سەرۆك عەشرەت و سەرۆك و مەسئولەكانە، ئەوانە هەموو رێزی خۆیان هەیە لەشوێنی خۆیاندا، مەبەستەكەم ئەوەیە پەرلەمان دەزگایەكە بۆ تەشریح و چاودێری پێویستە خەڵكانێك بچن كە بوونە پەرلەمانتار لەوێ بڵێن حزبەكەم خراپی كرد لەفڵان بەرنامەو بەهەڵوێست بن.

خۆم خەڵكی سویدیم بینیوە دەنگی داوە بەپێچەوانەی حزبەكەی خۆی پێیان وتووە چۆن دەنگ دەدەیت بەو حزبە، وتوویەتی بەرنامەی ئەو حزبە باشترە لەو حزبەی خۆم، پەرلەمان لەئەوروپا پێی دەڵێن (windowdressing)جامغانە، ئەها لە جامغانەیەكدا پێڵاو یان كەلوپەل دادەنرێت خەڵك سەیری دەكات و دەیبینێت، پەرلەمان جامغانەیەكە بۆ دنیا كە بڵێن فڵان وڵات جامغانەیان هەیە.

هاوڵاتی: بەدیلی هەڵبژاردن چیە بۆ گۆڕانكاری؟

فەرهاد سەنگاوی: بەدیلی هەڵبژاردن كۆمەڵگاكەیە كە دەبێت خەڵك پەروەردە بكرێت، دەست لەپەرلەمان بشۆن.

پەرلەمان بووە بەدەستگایەك بۆ پەردە پۆشكردنی گەندەڵییەكان و جێبەجێ نەكردنی یاساكان، پرۆژەیاسایەك پەسەند دەكەیت و دەیكەیت بەیاسا، دەیدەیتە حكومەت جێبەجێی بكات، حكومەت لەسەر رەفەیەك دایدەنێت و حسابیشی هەر بۆ ناكات، ئەگەر لێشی بپرسی بۆچی ئەو یاسایە جێبەجێ ناكەیت دەڵێت وەختی نییەو پارە نییە، لەبەرئەوە پەرلەمان هیچ نییە.

ئەگەر زەمینەكە ئامادە بێت بڕوام بەخەباتی چەكداری هەیە ئەگەر زەمینەكە ئامادە بێت بۆ گۆڕانكاری، چونكە تۆ پێویستە دیفاع لەگەلەكەت بكەیت، ئەمەی بەناوی حكومەتی هەرێمەوە هەیە خەریكە گەلەكەمان دەتوێنێتەوە، ئەو دەزگایانەی حكومەت و حزب بەشدارن لەتواندنەوەی میللەتەكەدا و داگیركاریدا.

هاوڵاتی: پێتانوایە تەنها سێ لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان) بەرپرسیارن یان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش؟

فەرهاد سەنگاوی: هەمووی بەشدارە، بەڵێ ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمانشێوەی لایەنەكانی ناو حكومەت بەرپرسیارن، تەنانەت ئێمەش و دایك و باوكانی ئێمەش جوتیارێك و هەموو تووێژەكانی كۆمەڵگا بە موومەیەزاتی جیاواز، ئەو دایك و باوكەی سەربازێكی گوێڕایەڵی پەروەردە كرد ئەویش تاوانبارە، بۆیە هەموو گەورە دیارەكان ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و پارەیەكی زۆری میللەت لەبەردەستیاندایە.

هاوڵاتی: پارتی بەپێی بۆتۆگرافیای وای كردووە كە تووشی ئەوەبن توركیا لەشكركێشی كردووە، ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوە؟ یەكێتی ئەگەر لەشوێنی پارتیدا بوایە هەمان رووداوی لەشكركێشی روویدەدا؟

فەرهاد سەنگاوی: یەكێتی لەزۆنی زەرددا بووایە جیاواز دەبوو هەمان شت نەدەبوو بۆ لەشكركێشی توركیا، حزبەكان خراپن، هەیە زۆر خراپە، مەسەلە بەس تەنها جوگرافیای ناوچەكە نییە كە پێی دەوترێت زۆنی زەردو هاوسنورە لەگەڵ توركیا، بۆ پەیەدە لە رۆژئاڤای كوردستان جوگرافییەكەی لەگەڵ عێراق و توركیاشدا هەیەو سنوری خراپتری هەیە بەراورد بەهەرێمی كوردستان، بەڵام پەیەدە چونكە هێزێكی پاك و خاوێن و دڵسۆزە بەنیشتمان و نەتەوەكەی بەهێزترە، سازش ناكات، پارتی پێویستی بەسازش نییەو خۆی حزبی سازشە، پارتی حزبی بەكارهێنان و نۆكەرایەتییە، پارتی خۆیان دەعوەتی توركیایان كردووە بێت و لەشكركێشی بكات و بەتوركیایان راگەیاندووە كە» ئاگات لێمان بێت و بمانپارێزن».

هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەسەر بەرگری پەكەكە بەرانبەر لەشكركێشی سوپاكەی ئەردۆغان؟

فەرهاد سەنگاوی: پەكەكە پێویستە وشیارترو وردتر مامەڵە بكات ، هەرچەند خۆی هۆشیارەو وردیشە، بەڵام لەم پرسەدا پێویستە وردتر بێت و خەبات و بەرخودانی خۆی بەردەوام بێت.

هاوڵاتی: تۆ دەنگی شۆڕش بوویت لەشاخ، پێتوایە ئەم حزبانە لەڕێگەی گەندەڵیی و سپیكردنەوەی پارەوە سامانی ئەم میللەتە دەبەن بۆ خۆیان، كە هەندێك پێشمەرگەی دێرینیش دەڵێن پەشیمانین خەباتی پێشمەرگایەتیمان كردووە بەهۆی نیگەرانیان لەپارتی و یەكێتی؟

فەرهاد سەنگاوی: خەڵك تا رادەیەكی جیاواز ناحەقی نییە با وابیر بكاتەوەو بڵێت پەشیمانم لەخەباتی پێشمەرگایەتی، بەڵام بەش بەحاڵی خۆم لەخەباتی شاخ پەشیمان نیم، چونكە یەكێتی حزبێكی پاكو خاوێن و نیشتمانی نەتەوەیی بوو  بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، پاكیش بوو، پەشیمان نیم لەشتە باشەكان، چونكە سەنگەرەكەی جارانی یەكێتی جوان و نیشتمانی بوو.

ئێستا یەكێتی تووشی كۆمەڵێك كێشەو دەردەسەری بووەتەوەو وازی لەكۆمەڵێك مەبادئ و بیروباوەری خۆی هێناوە ئەوە خراپەو رێزم بۆ یەكێتییە هەرە باشەكان هەیە لەهەر شوێنێكدا بن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار