بەنزینی 690 دیناری بۆ سلێمانی نەماوە.. شەقام گرتن چارەسەری دۆخەكە ناكات

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

 

 

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئەوە ئاشكرا دەكات بەنزینی 690 دیناری بۆ سلێمانی نەماو پاڵاوگەی كەڵەك رێككەوتنی لەگەڵ عێراق هەیەو ئامادەنین بۆ سلێمانی بنێرن.

بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم و عێراق رێكبكەون بۆ هێنانی بەنزین، یان حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەكان تا سوتەمەنی(بەنزین) بدرێتە بەنزینخانەكان بەنرخێكی گونجاو».

هاوڵاتی: بەنزینی 690ی كەی دەگات؟ بڕەكەی چەندە؟

بەهمەن قادر: بەنزینی 690 دیناری هەشت و نۆی ئەم مانگە لەڕێگەی 29 تانكەرەوە گەیشتە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین، بڕەكەی ملیۆنێك لیتر بوو، لە دوو رۆژدا دابەش كراوە، بەڵام بەداخەوە لە 10 ئەم مانگەوە بەنزینەكە نەهاتووە.

هاوڵاتی: بۆچی راگیراوەو بەتەواوی چی دیكە نایەت یان هۆكارەكەی چییە؟

بەهمەن قادر: ئەوەی كە هەیە حكومەتی عێراق خۆی پێویستی بە سوتەمەنییە و بەشی موسڵا و دەوروبەری سوتەمەنی كەمەو فشار لەسەر پاڵاوگەی كەڵەك هەبووە، هەتا ئەوەی خۆیان وەستابێـت عێراق ئامادە نییە بۆ سلێمانی رەوانە بكات.

هاوڵاتی: چارەسەر چییە كاك بەهمەن، دواجار خەڵك زەرەرمەندی یەكەمە؟

بەهمەن قادر: ئەو رێككەوتنەی كراوە رێككەوتنێكی نابەرامبەر و شەفەییە و رێكەوتنێكە بەدڵی ئێمە نییە، رێككەوتن كە كرا هەقە بەشێوازێكی باشتر بكرێت و پێویستە لەهەردوو لادا سیستەمێك هەبێت بۆ ئەوەی بەنزینی 690 دیناری بەردەوام بێت.

هاوڵاتی: گرێبەستەكە چۆن بووە وا كێشەی تیابووە؟

بەهمەن قادر: گرێبەستەكە گرێبەستێكی تەواو نەبووە و هەر بەزارەكی بووە و ئەگەر بە زارەكی نەبووبێت چۆن گرێبەست ئاوایە ئەوان بە تاقەتی خۆیان ئیلتیزامات دەكەن هەر كات بیانەوێت رایدەگرن

هاوڵاتی: واتە ئێوە لە پاڵاوگەی كەڵەكەوە بۆتان دێـت؟

بەهمەن قادر: بەڵێ لە كەڵەكەوە بۆمان دێـت.

هاوڵاتی: هەوڵی ئێوە وەك بەنزینخانەكانی سلێمانی چییە؟

بەهمەن قادر: ئێمە لە نزیكەی 90 بەنزینخانە هەشت بەنزینخانە لەسنوری پارێزگای سلێمانی ئەو بەنزینە دابەشدەكەین و ئەوەی كە قسەبێت كردومانە و داوادەكەین كە ئەو پڕۆسەیە گەورەبكرێت و ئەگەر بۆیان ئەكرێـت حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێكبكەون ئێمە هەر ئەوەندەمان دەسەڵات هەیە كە داوابكەین بەردەوام بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرتووە.

هاوڵاتی: پاڵاوگەی كەڵەك و حكومەتی عێراق وەڵامیان چی بووە؟

بەهمەن قادر: تا ئێستا هیچ شتێك نەبووە و وەكو قسەیەك هاتووە نەك وەكو رەسمی دەڵێن كە خۆمان پێویستمان بووە، ئێ كە خۆیان پێویستیان بێت نایدەن بەئێمە و دەبێت لەخۆیان زیادبێت ئینجا دەیدەن بەئێمە.

هاوڵاتی: پێتانوایە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەوتی خاو بداتە پاڵاوگەی بازیان لە سلێمانی و كەڵەك لەهەولێر بۆ ئەوەی بەشێكیش بۆ بەنزینخانەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی راپەرین و گەرمیان تەرخان بكرێت؟

بەهمەن قادر:خۆی لەم كاتەدا چارەسەری خێرا دەبێت كاری بۆ بكرێت، دیارە ئێمە پاڵاوگەی حكومیمان نییە و پاڵاوگەی مەدەنیمان هەیە، پاڵاوگە مەدەنییەكانیش بێگومان ئەبێ چۆن رێككەوتنی لەگەڵدا بكات ئەگەر حكومەتی هەرێم بچێـت نەوتی خاوی هەبێـت و پێیان بدات و لەگەڵیان ئیتیفاق بكات  و پێدەچێت ئەمەش قورس بێت، چونكە تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە بۆ ئەو پڕۆسەیە.

هاوڵاتی: پێتوانییە چەند رۆژی دیكە ناڕەزایەتی دروست ببێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە تایبەتی كە كاڵاو پێداوستیش لەگەڵی گران بووە؟

بەهمەن قادر: ئێمە داوا دەكەین كە حكومەتی هەرێم لەم كاتەدا بەپەلەو خێرا هەنگاو بنێت بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی بەنزین، هیوادارم پەلەی تێدا بكەن و چارەسەرێك بدۆزنەوەو هەرچی ئاسانكارییە و لەدەستیان دێـت بیكەن.

هاوڵاتی: خەڵك شەقام بگرێـت و ئۆتۆمبێل بوەستێـت ئەمە چارەسەرە كە بەشێك لە شۆفێران بۆ هاوڵاتی باسیان كردووە؟ چونكە نرخی بەنزین زۆر گران بووە نزیكبووەتەوە لە دۆلارێك بۆ یەك لیتر؟

بەهمەن قادر: خەڵك و شۆفێران شەقام بگرن بەوە چارەسەر نابێت، چونكە چەندێك تۆ ئەتوانیت لەسەر جادە بوەستیت دە خولەك نیو كاتژمێر ئەی كارەكەت؟

لەمەسەلەی نرخی بەنزیندا، ئێمە وەكو سلێمانی ئێستاش لەگەڵا هەولێر جیاوازیمان زۆرەو چەند ساڵی رابردوو ئێمە بەردەوام حساباتمان و نرخەكەمان كەمتر بووە لەهەولێر و دهۆك و بەفشاری بازرگانان و بەنزینخانەكان بەردەوام ئێمە هاوسەنگیمان راگرتووە.

ئێستا لەهەولێر بەنزینی جۆری سۆپەر بە هەزار و 600 دینارەو لەسلێمانی بە هەزار و 400 دینارە،  موحەسەن لەهەولێر بە هەزار و 400 دینارە و لەسلێمانی بە هەزار و 325دینارە، بەهەمان شێوە لە جۆری بەنزینی نۆرماڵ، لەهەولێر بە هەزارو 300 دینارەو لە سلێمانی بە هەزارو 200 دینارە، واتا ئێمە لەسلێمانی كارێكمان كردووە كە تا بتوانین و مەجالی تێدا بێت بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتیان زیاد نەكەین.

ئێمە ئومێد دەكەین حكومەتی هەرێم هەوڵبدات و مەسەلەی سوتەمەنی چارەسەر بكات لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی راپەرین و گەرمیاندا، چونكە ئەوەش لە قازانجی بەنزینخانەكاندایە كە نرخەكەی هەرزان بكرێت.

هاوڵاتی: پێتانوایە چارەسەری كۆنكرێـتی تەنها ئەوەیە كە حكومەت نەوتی خاو بداتە پاڵاوگە مەدەنییەكان بۆ دابین كردنی بەنزین، یان رێگەی دیكە هەیە بۆ چارەسەر؟

بەهمەن قادر: دەتوانن لەگەڵا حكومەتی عێراقیشدا رێككەوتن بكەن و هەر لەو پاڵاوگانەوە خۆیان لەوەدەچێ بتوانن شت بكەن ئەگەر بەگوێیان بكەن، بەڵام چارەسەر ئەوەیە یان ئەو 690 دینارییە زیادبكرێـت یان خۆیان ئەوكارە بكەن، بەڵام ئەوە پێنج رۆژ بەسەر هاتنی بەنزینی 690 دینارییەكە تێپەڕ بووەو تائێستا هیچ دیار نییە، تەنانەت لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی قسەمان كردووەو دەڵێن پاڵاوگەی كەڵەك رێكەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیەو نەوتی خاوی پێدەدات بۆ موسڵ و دەوروبەری، بۆیە گرنگە هەموو بەرپرسانی پەیوەندیدار لەسەر ئەم پرسە بێنە سەر خەت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار