ئەولەویەتی هەسەدە رزگاركردنی ئەو ناوچانەیە كەسوپای تورك داگیری كردووە

ئەڤین سوێد، نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەهەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات لەسەر هەموو كوردێك واجبە بەرخودان بكات دژی سوپای ئەردۆغان و تەنها نیەتی قڕكردنی گەلی كوردە لەباشور بێت یان رۆژئاڤای كوردستان.

ئەڤین سوێد، نوێنەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاڤای كوردستان) لەهەرێمی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئەولەویەتی قەدەسە رزگاركردنی ئەو ناوچانەیە كە لەلایەن سوپای تورك و میلیشیاكانەوە داگیر كراوە، چونكە رەوشێكی زۆر خراپ لەو ناوچانە بەڕێوەدەچێت».

هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەهەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ لەشكركێشی و داگیركاری لە رۆژئاڤای كوردستان جدییەو وتی:» هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان».

هاوڵاتی: خوێندنەوەتان بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان چیە كە جارێكی دیكە دەیەوێت لەشكركێشی بكاتە سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا( رۆژئاڤای كوردستان)؟

ئەڤین سوێد: لە راستیدا لەساڵی 2016 بەشێوەی فەرمی ئەردۆغان بەبەرچاوی هەموو دنیا وتی ئەز دەخوازم ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندووبكەینەوەو توركیای ئێستا فراوان بكەینەوە، هەروەها باكورو رۆژهەڵاتی سوریای باسكرد كە ئەوە خاكی توركیایە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی 2016 لە جەرابلوس  و هەرێمی دەردووری داگیر كرد، هەرێمی عەفرین لە 2018 و سەرێكانی و گرێ سپی لە 2019 هەموو لەچوارچێوەی ئەو پلانەی ئەردۆغاندا بوو كە داگیركران.

ئەو هێرشانەی سوپای ئەردۆغان لەباشوری كوردستان ئەنجامی دەدات هەمووی لە خزمەتی ئەو نەخشەیەدایە بۆ فراوانكردنی توركیاو گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەیەوێت جارێكی تر میساقی میللی بگەڕێنێتەوە.

 ئەردۆغان دەمێكە هەڵمەتێكی داگیركاری لەسەر باشووری كوردستان وەشاندووە بەتایبەت بەرانبەر هێزی تەڤگەری ئازادی ( پەكەكە)، ئەوانیش دەزانن پلانی ئەردۆغان چیەو بەرخودانی ئەو پلانەی دەكەن و بەواجبی سەرشانی خۆیانی دەزانن، چونكە بەردەوام ئەردۆغان دەیەوێت هێرش بكات و پاوانخوازی خۆی بكات.

ئەردۆغان لەعەفرین هەتا دێرك لە رۆژئاڤای كوردستان هەتا سنوری باشوری كوردستان دەیەوێت وەكو هەرێمێكی گەورە داگیری بكات لەژێر ناوی (هەرێمێكی ئارام)، هەرێمێكی ئارام دروست دەكات بۆ ماڵباتی چەتەو  توركمان و كەسوكاری داعش تا بیهێنێتە ئەو ناوچانەو نیشتەجێیان بكات.

ئەردۆغان هەرێمی عەفرینی وەكو هەرێمێكی چەتەكان لێكردووەو رۆژانە رفاندن كوشتن داگیركردن و هەموو كردەوەیەكی دژی مرۆڤایەتی لەناو عەفریندا ئەنجامدەدرێت، بەهەمان شێوە لەگرێ سپی و سەرێكانی، بۆیە بەرخودانی كردن دژی لەشكركێشی و داگیركاری خاكی كوردستان لە رۆژئاڤا بێت یان لە باشووری واجبی هەموو كوردێكە.

 

هێزەكانی سوریای دیموكرات هەموو رۆژێك لە شەڕدان دژی سوپای تورك و چەتەكانی و ئامادەن بەرخودان بكەن بەگیانی خۆیان بۆ پاراستنی خەڵكی رۆژئاڤای كوردستان

 

هاوڵاتی: واتا چەند كەس بەهۆی داگیركارییەكانی سوپای ئەردۆغان و میلیشیاكانیەوە ئاوارەبوون؟

ئەڤین سوێد: 300 هەزار تەنها لەعەفرین ئاوارە بوون، لەسەرێكانی 200 هەزار كەس و لەگرێسپی 150 هەزار كەس ئاوارە بوون، ئەوانە هەموویان بڵاوبوونەتەوە، هەندێكیان لە كەمپەكاندا دەژین، هەندێكیان لەباژارو شارەكانی دیكەی رۆژهەڵات و باكوری سوریا نیشتەجێبوون، هەندێكیشیان رۆیشتوون بۆ دەرەوەی وڵات.

بەڕاستی ئەو خەڵكانەی عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی، رەوشێكی گەلێك زەحمەت بەڕێ دەكەن كە ماڵ و موڵكیان داگیركراوە لەلایەن چەتەكانی توركیاوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەولەویەت دەدات بە رزگاركردنی ئەو هەرێمانەی لەلایەن سوپای تورك و چەتەكان داگیركراون و گەڕانەوەی بۆ ئەو كەسانەی ئاوارە بوون.

هاوڵاتی: سوپای تورك و میلیشیاكانی چەند ناوچەی خاكی رۆژئاڤای كوردستان و سوریایان داگیركردووە؟

ئەڤین سوێد: هەرێمێكە عەفرین و نسبەیەكی كەم پێكهاتەی دیكەی تێدا بوو لەسەدا 95% كورد بوون، سەرێكانی و گرێسپی پێكهاتەی عەرەب و ئەرمەن و چەركەسی تێدا بوو بەهەمان شێوە لەكوردیشی تێدابووە و ژیانیان دەكرد كە پێشتر كە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی خۆسەردا بوو هەموو كەس بە رەوشێكی ئازاد و ئارام مامەڵەیان كردووە و ئەنجومەنی خۆسەر هەموویانیان دەپاراست.

ئەو سیاسەتەی ئەردۆغان دیمۆگرافی ناوچەكانی گۆڕیوەو هەتا جێگەی پیرۆزیشیان تێكداوەو لەشوێنی ئەوان كۆمەڵەی كوەیتی و قەتەری و میلیشیاكانی تێدا نیشتەجێ كردووە.

سوپای تورك و میلیشیاو چەتەكانی (عەفرین، گرێسپی، سەرێكانی، ئیدلیب، مارع، جەرابلوس) داگیركردووە، مەخابن ئەو بێدەنگییەی دەوڵەتی سوریا كە چەندین ناوچەی داگیر كردووەو ئەوان بێدەنگن بەرانبەر دەوڵەتی تورك، دەبوو حكومەتی سوریا رێگری بكردایە لەسەر ئەو لەشكركێشیانەی ئەردۆغان كردوویەتی، بەڵام تائێستا بێدەنگە.

هاوڵاتی: رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی هەیە كە جارێكی دیكە ئەردۆغان هێرش نەكات و ئەو وڵاتانە بەتایبەت ئەمریكاو روسیا رایبگرن؟

ئەڤین سوێد: رێككەوتنی نێودەوڵەتی هەیە راستە، بەڵام ئەو وڵاتانە هەڵوێستێكی شەرمنانەیان هەیە  بەرانبەر ئەو هەڕەشانەی ئەردۆغان دەیكات، ئەمریكا دەڵێت:» لەشكركێشی لە باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نەكات»، واتا هەسەدەیان بۆ شەڕی داعش دەوێت، ئەمریكا پەیامێك نادات كە ئێمە شەریكێكی راستەقینەی هێزەكانی سوریای دیموكراتین بۆ پاراستنی خاكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، یان ناڵێن ئێمە هاوبەشی (مەسەدە)ین بۆ ئاوەدانكردنەوەی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا. ئەگەر ئەردۆغان هێرش بكاتەسەر رۆژئاڤای كوردستان كە  زیندانی داعش لە كەمپی (هوڵ) هەیە كە داعشیان تێدایە دەبێتە مەترسی گەورە نە بۆ خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵكو مەترسیی بۆسەر ئەمریكاو جیهانیش هەیە.

ئەوە هێزەكانی سوریای دیموكراتن كە زیاتر لە 70 هەزار چەكدارو ماڵباتی كەسوكاری داعشیان لە كەمپ و زیندانەكاندا راگرتووە، كە 35 هەزار كەسیان عێراقین و عێراق ئامادە نییە وەریانبگرێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەمریكاو روسیاو وڵاتانی دیكەش بەر بەهێرشی سوپای تورك و چەتەكان بگرن.

لەماوەی رابردوو لە حەسەكە داعش هێرشی كردەسەر (زیندانی غوێران) بۆ ئەوەبوو كە داعش و ماڵ و منداڵەكانی داعش ئازاد بكرێت ئەوە لە پلانی ئەردۆغان و چەتەكانیدا بوو، ئەوانەی كە دەستگیركران لە زیندانی غوێران دانیان بەوەدا كە توركیا پلانی داناوەو بۆ ئەوە بووە بچنە پاڵ توركیا و چەتەكانی كە پڕچەك بكرێنەوەو دژی هێزەكانی سوریای دیموكرات جارێكی دیكە بەكاریان بهێننەوە.

هاوڵاتی: ئەمریكا تا چەند بەپێداویستی سەربازیی هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكات، ئەگەر لەشكركێشی توركیا بكرێت؟

ئەڤین سوێد: راستییەك هەیە كە ئەو هاوكاریە سەربازیانەی كە ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەیكات(قەسەدە) دەیكات بۆ شەڕی دژی داعش بەكاریاندەهێنێت. بە راستی ئەگەر هێرش و لەشكركێشی ئەنجام بدرێت رەوشێكی گەلێك زەحمەت دەردەكەوێت، ئەگەر هێرشی نوێ بكەن كاریگەری لەسەر شەری داعش دەبێت مەترسی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.

هاوڵاتی: ئەگەر هێرشی سوپای ئەردۆغان جارێكی دیكە بكرێت، بەرخودانی فراوان دەكرێت؟

ئەڤین سوێد: خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەو بیركردنەوەیەیان هەیە كە هەتا 2023 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پەرلەمانی توركیا كە لەمانگی حوزەیران ئەنجامدەدرێت، ساڵوەگەرا سەد ساڵەی ئیتفاق لۆزانە ئەو خەتەری گەورە لەسەر گەلی كوردو هەرێمی كوردان هەیە، ئێستا هێرش بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان هەیە، هێرش بەردەوام هەیەو قەسەدە بەرگری دەكات.

بۆیە گەلی كوردو هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە ئەوان لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگدان نە لەگەڵ شەڕ، بەڵام ئەگەر لەشكركێشی بكرێت هێرشی پێچەوانە ئەنجام دەدەن، واتا هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانەش كە لەلایەن سوپای تورك و چەتەكانەوە داگیركراون، بەڵێ بەرخودانی مەزن ئەنجام دەدەن.

ئەردۆغان بۆ قڕكردنی كوردان ناوەستێت، ئەگەر كورد كارو خەبات نەكات بەرانبەری لەئێستاو داهاتوودا خەتەری زیادەیە هەیە لەسەر دەستكەوتەكانی كوردستان لەباشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان، هەیەو باژارێ عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی وەكو نمونەیەكی زیندوو وایە.

هاوڵاتی: وەكو نوێنەرایەتی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا چیتان كردووە بۆ كردنەوەی تەواوی دەروازەی سمێڵكا؟

ئەڤین سوێد: دەروازەی سمێلكا كراوەیە بۆ حاڵەتی ئینسانی وەك نەخۆشی گران و قورس و دەربازكردنی حاڵەتی تایبەتی، بۆ مەسەلەی خواردەمەنی و كاڵاو پێداویستییەكان خەڵكی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەساسەن بۆ ئەو رەوشە پێداویستی خۆیان بۆ ماوەی 10 ساڵ تەئمین كردووە، بەڵێ گەمارۆ هەیە لەسەر خەڵكی رۆژئاڤاو هیوادارم بە دیالۆك ببێتە چارەسەركردن.

هاوڵاتی: جەنەراڵ مەزڵوم كوبانێ پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا چۆنە؟

ئەڤین سوێد: راستی ناتوانم بەناوی ئەوەوە قسە بكەم، بە فكراندنە ئێمە ئەوەیە كە پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنێكی باشووری كوردستاندا هەبێت و باوەڕمان بە دیالۆگ و دانوساندن هەیە ئەگەر شتێكیشی هەبێت چارەسەری بكەین

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار