ئایا بەرزکردنەوەی ڕیژەی سوو چارەسەری کێشە سەرەکییەکانی ئابووریی بریتانیا دەکات؟

2 هەفتە لەمەوپێش



زاهیر باهیر 

ڕۆژی 5شەمە،16/06/2022،  لیژنەی سیاسەتی دراوی بانکی  کە لیژنەی چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی ئابووری بریتانیایە لە بانقی مەرکەزی ئینگلەند جارێکی دیکەش بڕیاری بەرزکردنەوەی  ڕێژەی سوو-یان دا. ڕێژەی سوو لە بریتانیا کە بۆ ماوەی 13 ساڵ هەر هەمان ڕێژە بوو تاکو کۆتایی ساڵی پار، 2021 ،  بە بڕیارێك لە لایەن ئەو لیژنەیەی سەرەوە لە بانقی مەرکەزیی بەرزکرایەوە بۆ ڕێژەی لە سەدا 1.25 گوایە ئەمە بۆ چارەسەری هەڵئاوسانی پارەیە واتە بەرزبوونەوەی تێچوی ژیانی خەڵکی لە بریتانیا.
لە ڕاستیدا ئابوورییناسەکانی ئەم سیستەمە پینەو پەڕۆی زۆریان لایە بۆ چارەسەری بارودۆخی ئابوریی هەر لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو و دابەزاندنی کە هەژموونی لەسەر بەرزی و نزمی بەهای دراوی وڵاتەکە هەیە تا دەگاتە گرتنەبەری سیاسەتی دەستگرتنەوە [ تەقەشوف].

سوود و زیانی بەرزکردنەوەی بەهای پاوەند لە بریتانیادا:

بەرزکردنەوەی بەهای دراوی هەر وڵاتێك لەوانە بریتانیاش، چەند قازانجێکی  هەیە:
یەکەم: لە بواری بازرگانیدا واتە هەناردە و هاوردە. کاڵا هەناردەکانی بریتانیا لە دەرەوە بە گرانتر دەفرۆشرێت و ئەمەش وا دەکات پارەی زیاتر بێتە ناو بریتانیاوە.  هاوکاتیش مەترسی کەمکرنەوەی کڕینی کاڵاش هەیە بە هۆی گرانبوونییەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی دراوی ئێرەوە . لە هاوردەی کاڵادا هەلێك دەڕەخسێنیت کە کاڵای هاوردە هەرزانتر لە پێشتر دەستبکەوێت کە ئەمەش دەکرێت لە لایەکەوە پاشەکەوتی بڕێك پارە لە کڕینی هەمان کاڵادا کە پێشتر کڕراون  بکرێت ، هەر ئاواش دەکرێت کە لەناو خۆدا بە هەرزانتر بفرۆشرێتەوە.
دووەم: پاشەکەوتکردنی پارە: بەرزبوونەوەی بەهای پاوەند یا هەر دراوێك  لە ڕێگەی بەرزبوونەوەی بڕی سووەوە یارمەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بە دەستهێنانی زیاتری سوو لە پارەی پاشەکەوت کراودا، دەدات.  هاوکاتیش مەترسی ئەوە دروست دەکات کە ئەوانەی پاشەکەوتی زۆریان هەیە لە بانقەکاندا نەیخەنە گەڕ  لە لایەکەوە مانەوەی لە بانقدا قازانجەکەی زیاتر دەبێت ، لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ناسەقامگیریی ئابووری و باری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەوە وەکو ئیستای بریتانییا.
بێ گومان ڕێژەی سوو کە لەلایەن بانقی مەرکەزییەوە دادەنرێت، بانقەکانی وڵات سیاسەتی تایبەتی خۆیان هەیە لە بەکارهێنان و بەجێهێنانی ئەو بڕیارە بۆیە هەر بانقە و لە بانقێکی دیکە جیاواز سەبارەت بە ڕێژەی سوو لەسەر پاشەکەوت، قەرز ، سلفەی عەقار ..تد، لەگەڵ مشتەرییەکانی  مامەڵە دەکات.
بە گوێرە ڕاپۆرتێك کە توێژینەوەی لەسەر چەند بانقێك کردووە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو هەندێك لە بانقەکان ڕێژەی سوویان لە ساڵی 2020 دا تەنها لە سەدا 0.1 بووە هەندێکی دیکەیان لە سەدا 0.01 بووە.  دوای ئەم بڕیارەی ڕۆژی 5شەمە هەندێك لە بانقەکان دەڵێن ڕێژەکە بۆ لە سەدا 0.06 و هەندێکی دیکەیان بۆ 1.1 و باشترینیان بۆ 1.15 بەرزدەکەنەوە.

سێیەم: گوایە بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە دەبێتە هەڵکشانی بەهای پاوەند ئیدی توانای کڕینی کڕێار بەرزدەبێتەوە و سەرەنجام ئابووریی گەشە دەکات.  ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئاوا دەرناچێت .

چوارەم: لە مەسەلەی کردنی سەفەر و هۆڵیدەی بۆ وڵاتانی دەرەوەی بریتانیا بە ڕادەیەکی ئێکجار کەم گەشتکەران لە ڕێگای گۆڕینەوەی بڕێکی زۆری پاوەند بە دۆلار قازانج دەکەن ، یورۆ یاخود هەر دراوێکی دیکە تۆزێك زیاتر دەکڕریت لە چاو پێش بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو. 

زیانەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو :

یەکەم : لە بواری قەرزی ئاسایی و سلفەی عەقاردا: بێ گومان ئەم بەرزبوونەوەیە کارایی نەرێیانەی خۆی لەسەر دانەوەی قیستی قەرزەکان و دانەوەی پارەی عەقار دادەنێت .  بۆ نموونە گەر تۆ قەرزی 10 هەزار پاوەندت بە ڕێژەی سووی لە سەدا 1 کردبێت بۆ چەند ساڵێك ، ئێستا کە ئەو ڕێژەیە دەچێتە سەرەوە تۆش لێرەدا دەبێت پارەی زیاتر بدەیت کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر داهاتت دادەنێت.
بە گوێرەی هەمان توێژینەوەی کە لە سەرەوە باسم کرد ئەگەر خانویەک 150 هەزار پاوەند پارەی بانقی تیادابیت کە ڕێژەی سووەکەی لە سەدا 2.25  بووە و  گرێبەستەکەی یا دانەوەی  بۆ ماوەی 20 ساڵ، لە ئێستادا ئەو سووە بۆ لە سەدا 2.50 بەرزدەبێتەوە بەمەش مانگانە لەسەر ئەوەی کە سلفەعەقارەکەی کردووە 18 پاوەند زیاتر دەکەوێت. بی گومان بڕی ئەم قیستە کەمترینە چونکە نرخی خانوو لە بریتانیا دوو دەیە زیاترە کە لە فڕیندایە و دەکەوێتە سەر شار و شوێنەکە.  ئایا لێرەدا دەکرێت بڵێین توانای کڕینی کڕیار بەرزبووەتەوە؟

دووەم: قەرز و کارتی بانق: پێشتر باسی قەرزی شەخسیم کرد کە بە ڕاستەوخۆ لە بانقی وەردەگریت. ئەمڕۆ کڕین و ئۆردەرکردنی زۆرێك لە کاڵاکان لە ڕێگای کارتەکانی بانقەوەن. ئەم کارەش  بە  تەلەفون یاخود ڕاستەوخۆ یا لە ڕێگای ئۆنلاینەوەیە ئەنجام دەدرێت.  هەموو ئەو کارتانەش بڕی سوویان لەسەر دانراوە کە لەکاتی دیاریکراودا گەر پارەکە نەدرێتەوە ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەبێت لە مانگی ئایندەدا سووی لەسەر بدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕین لەلایەن کڕیارەوە.

سێیەم: نرخی خانوو و زەوی: بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو کارایی خۆی بە باش و بە خراپ لەسەر بازاڕی خانووبەرە و زەوی لە کڕینیانا دادەنیت.  بازاڕی خانووبەرە لە بریتانیادا ماوەیەکی زۆر زۆرە لە هەڵکشاندایە هەلێکی دەوڵەمەندبوون و سامان کەڵەکەکردنێکی بێ وێنەی بۆ هەندێك ڕەخساندووە بی ئەوەی تنۆکێك ئارەقی بۆ بڕیژێت یا خود تاکە ڕۆژێك بکوژیت جگە لە بەسەربردنی ڕۆژانی تەواوکردنی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنی خانووەکە تاکو بە پارەیەکی باش بیفرۆشیتەوە یاخود بەکرێ بدرێتەوە.

نزمی ڕێژەی سوو لە ماوەی 13 ساڵی ڕابوردوودا ئەم بازاڕەی تا ئەو ڕادەیە گەرم کرد کە هەندێك لە ئابووریناسان وایان پێشبینی دەکرد و ئێستاش هەر دەیکەن کە بازاڕی خانوو و بەرە بە خراپی  هەرەس دەهێنێت و هەرەسهێنانیشی دەبێتە هۆی هەرەسی ئابووریی بریتانیا و هاڕەی دراوەکەی.
لە ئێستادا کە بڕی سوو دەچێیتە سەرەوە دیارە بڕی پارەی سلفەی عەقاریش لەسەر خاوەنخانووەکان دەچێتەسەرەوە ، بەڵام خاوەنخانوو ئەم سووە زیادەیە دەداتەوە بە ملی کرێچییەکانیدا و کرێی خانویان لەسەر زیاد دەکات.  لە ئێستادا هەر لە ئینگلەنددا بە تەنها 11 ملیۆن کڕێچی هەیە کە پارە بە خاوەنخانوو دەدەن . جگە لەمەش خاوەنخانوو پارەی زیاتر قەرز ناکات بۆ چاککرنی خانووەکە یاخود پێداویستییە هەرە زەروورییەکانی خانووەکە، هەر ئاواش خەڵك ناخاتە کارەوە بۆ ئەو مەبەستە. ئایا بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لەم بوارەشدا توانای کڕین لە لایەن کڕیارەوە دەباتە سەرەوە یاخود دایدەبەزێنێت؟ 

بۆچی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو چارەسەری ئابووری بریتانیا و قورسی گرانی دانیشتوانەکەی ناکات؟ 

ئەگەر بە کردنی بڕێك قازانج یاخود سوودمەندبوونی کەم وەکو لەسەرەوە نیشانم دا وا بزانین ئەمە چارەسەرە و کێشەکان لابەلا دەکاتەوە، ئەوە بێ گومان دەکەوینە هەڵەوە. 
من لە سەرەوە سوود و زیانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو-م ڕوونکردەوە و پەنجەشم خستە سەر ئەو بوارانەی کە دەیانگرێتەوە.  بەڕای من گەر ئەوە وەکو چارەسەرێکی بنەڕەتیش بگرین هێشتا کێشە و گرفتەکان چارەسەر ناکات. لە مەدایەکی تۆزێك دووردا زیانبەخش دەبیت هەر لەبەر ئەوەش ئەم گەمەیە تێكدەدرێتەوە و پێچەوانەکەی دەگیرێتە بەر، واتە دابەزاندنی ڕێژەی سوو هەر ئاواش بەهای پاوەندیش.
ئەم چارەسەرانە بە هەر بارێکیاندا بێت چارەسەرێكن کە لەسەر بنەمای چارەسەری هۆکارەکان یاخود ڕوودانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە بەرچاو نەگیراوە . 
بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو کە چەند هۆکار و ڕووداوێك بنەماکەین لە بریتانیا دەستیان لێنەدراوە. لەو هۆکار و رووداوانە: قەیرانی دارایی 2008 ، دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، نەبوونی تەواوی کرێکارانی بێگانە بۆ کۆکردنەوەی بەروبومی کشوکاڵی کێڵگەکان، هاتنەخوارەوەی  بەهای پاوەند بە ڕێژەی لە سەدا 15 پەتای کۆرۆنا، قەیرانی وزە کە پێشتر پەیوەندی بە ڕوسیاوە نەبووە، دابەزینی توانای کڕین لە لایەن خەڵکەوە، تێكچوونی ژینگە زۆر بە خراپی لە هەندێك وڵاتدا کە سەرچاوەی هەندێك کەرەسەی بناغەیی ژیانن بە هۆی هەڵکشانی پلەی گەرمییەوە بەرووبومیان کەمی کردووە. هەروەها  زیادبوونی کەلێنی نێوانی سامانداران و کرێکاران و چەوساوان و باقی خەڵکە ئاساییەکە کە لە 350 کۆمپانیادا لە بریتانیا،سەرۆکی کۆمپانیاکان یا بەڕێوەبەری جێ بەجێکار  موچەو داهاتی ساڵێکیان  لە 700 هەزار وە بۆ نزیکەی 7 ملیۆن پاوەند سەلمێنراوە.  ئەمە بڕە پارەیە زیاترە لە 100 جار  لە موچە یاخود  داهاتی کرێکارێکی ئاسایی، ئێستاش شەڕی روسیا و ئۆکرانیا .  
هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ گرانیی، بۆیە ناکرێت کە لە سەرەوە دەستکاری شتێك بکرێت ئیتر وا بزانرێت کە کێشەکە چارەسەر کراوە. ڕیشەی گرفتەکان قوڵترن و چارەسەری بنەڕەتییان دەوێت.  بی گومان ئەوە نەبێت دەوڵەت و بەرپرسان ئەمانەی کە من وتومن نەیزانن.  ئەمەی کە دەیکەن  لە نەشارەزایی و نەزانینیانەوە نییە ، بەڵکو ئەمە چارەسەرێکە کە ئێمە پێی دەڵێین پینە و پەڕۆکردن کە تەنها بە لەقە لەق بەردەوامی بە سیستەمەکە و بە ژیانی مەمرە و مەژی زۆرینەی خەڵکی دەدات.
ئاخر لە وڵاتێکدا کە هەڵئاوسانی پارە ڕێژەکەی سێ مانگی دیکە وا پێشنیار کراوە بگاتە لە سەدا 10 و 11 ، لە وڵاتێکدا نرخی گۆشت و ڤێجیتەبڵ [ سەوزە و کەرەسە نەباتییەکان] بە ڕێژەی لە سەدا 15 چووبێتە سەرەوە، لە وڵاتێکدا کە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە تەنها پارەی دانی وزە، یاخود قائیمەی وزە ، لە ساڵێكدا لەسەر مالێکی ئاسایی بە بڕی 1500 پاوەند زیاد بکات ، ئەمە جگە لەوەی کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە ڕێژەی لە سەدا  54 بەرزکرایەوە !! ...ئایا  ئەو پینەو پەڕۆیەی کە لە 16/06 دا کرا بە زیادکردنی ڕێژەی سوو چۆن دەتوانێت ئەم گرفتە بنەڕەتیانە لابەلابکاتەوە؟  ئاخر بێ دەستبردن بە هۆکارەکانی دروستبوونی بارودۆخی هەنووکەیی و چارەسەرکردنیان چۆن دەکرێت کێشەکان لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ڕێژەی سووەوە لابەلابکرێنەوە!!

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار