لەپاش مام جەلال هیچ سەرۆك كۆمارێك نەیتوانیوە بەرگری لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكات

شوان محەمەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لەبەغدا بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: سەركۆ جەمال
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لەبەغدا دەڵێت:" پارتی هێشتا سوورە لەسەر نەكشاندنەوەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت".
شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لەبەغدا لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:"لەپاش مام جەلال هیچ سەرۆك كۆمارێك نەیتوانیوە بەرگری لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكات".
هاوڵاتی: پارتی دیموكراتی كوردستان لەئێستادا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆچوونی چییە؟
سەبارەت بەپرسی سەرۆك كۆمار سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر روونە، لەسەرەتاوە باسمان كردووە ئەو پۆستە پۆستی كوردە، بەڵام بەداخەوە یەكێتی دەڵێت پۆستی ئێمەیە، ئێمە دەڵێین پۆستی كوردە، لەدواجاردا وەكو پارتێكی سیاسی كە خاوەنی زۆرینەی كورسیەكانی هەرێمی كوردستانین لەپەرلەمانی عێراق بەمافی خۆمانی دەزانین ئێمەش كاندیدێكمان هەبێت.
هاوڵاتی: لەگەڵ یەكێتی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆكان بەچی گەیشتوون؟
شوان محەمەد: ئەگەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئامادەبوایە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە بكات كە گفتوگۆی لەسەر نەكردو یەكلایەنە بڕیاریدا كە ئەو پۆستە پشكی ئەوانە، ئەوا هیچ پێوەرێك نییە ئەو پۆستە هی ئەوان بێت، تەنها عینادیكردنی یەكێتییە لەسەر ئەو بابەتە، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆمان لەسەر كەس نییە، بەڵام كاندیدی خۆمان هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو تائێستا كاندیدی ئێمە بۆ ئەو پۆستە رێبەر ئەحمەدە، هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ دكتۆر بەرهەم نییە یاخود كەسێكی دیكە بێت، تەنها ئەوەیە خوێندنەوەی  دیكە بۆ ئەو بابەتە دەكرێت، ئێمە پێمانوایە ئەگەر ئەو پۆستە دەستی پارتی بكەوێت دەتوانین باشتر بەڕێوەی ببەین.
هاوڵاتی: بۆچی پرسی سەرۆك كۆمار لەنێوان یەكێتی و پارتی بووە بەگرێكوێرە و رێكناكەون لەسەری؟ ئایا هۆكارەكە دكتۆر بەرهەمە یاخود چی؟
شوان محەمەد: مەسەلەی ڤیتۆ زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، ئێمە كێشەمان لەگەڵ كەسەكان نییە، كێشە دكتۆر بەرهەم ساڵح نییە، كێشەی ئێمە ئەوەیە  لەپاش مردنی بەڕێز مام جەلال پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەغدا نەیتوانیوە داكۆكی لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكات، تەنانەت نەیتوانیوە بەرگری لەمافەكانی خەڵكی كوردستان بكات، بۆیە پێمان وایە ئەگەر پارتی ئەو پۆستە وەربگرێت دەتوانین بەشێوەیەكی باشتر كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت، چونكە پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها پۆستێكی تەشریفاتی نییە، بەڵكو رۆڵێكی گرنگی دەبێت ئەگەر كەسێكی شیاو لەو شوێنە دابنرێت.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن قەزیەیە، هەرێمی كوردستان لەئەستۆی ئێمەو هێزە كوردستانیەكاندایە بۆیە دەرگای گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەكان نە داخراوە و نە دایدەخەین

 

هاوڵاتی: پارتی دانوساندنی لەگەڵ هەماهەنگی شیعەكان دەستپێكردووە دوای ئەوەی سەدر بڕیاری كشانەوەیدا لەپەرلەمان؟
شوان محەمەد: سەبارەت بەپەیوەندی ئێمەو رەوتی سەدر، بەڵێ لەهاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتیمان پێكەوەبووین، بەداخەوە كە رەوتی سەدر كشایەوە، ئێمە سەر بەهیچ لایەنێكی سیاسی نین و هاوپەیمانین، لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستان دەڕوانینە هاوپەیمانێتی، بەوە هاوپەیمانیەكە دەپێوین كە چەند لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت.
هاوڵاتی: مەرجتان چییە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەت و بەشداریكردن لەپرۆسەی سیاسی عێراق؟
شوان محەمەد: پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەن قەزیەیە، هەرێمی كوردستان لەئەستۆی ئێمەو هێزە كوردستانیەكاندایە بۆیە دەرگای گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ لایەنەكان نە داخراوە و نە دایدەخەین، بەڵام پەیوەندی ئێمە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەكانی هەرێمە كە ئایا كێ دەتوانێت زیاتر بەپیری مافەكانی خەڵكی كوردستانەوە بێت.
هاوڵاتی: ئێستا پارتی بارەگای لەبەغدا هەیە؟ دوای ئەوەی بارەگاكە لەلایەن چەند شوێنكەوتوویەكی شیعەوە سوتێندرا؟
شوان محەمەد: سەبارەت بە بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغدا، ئێمە لەباشوری عێراق و لەبەغداش بارەگامان هەیە، تەنانەت یەك كاتژمێریش بارەگای ئێمە دانەخراوە و كارو چالاكیەكانی پارتی لەبەغداو شارەكانی دیكەی عێراق بەردەوامە، دەتوانین بڵێین بارەگا ئاستەنگ نییە لەبەردەم كارو چالاكییە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكانی پارتی لەبەغدا، بارەگای پارتی لەبەغدا لەكاتی رووداوەكەوە بەردەوامەو یەك سەعاتیش لەكارنەكەوتووین.
هاوڵاتی: ئەو وەفدەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەبەغدان دەستیان بەگفتوگۆ كردووە؟
شوان محەمەد: سەبارەت بەچوونی وەفدی پارتی بۆ بەغدا، ئێمە هیچ وەفدێكمان نەهاتووەتە بەغدا، ئەو بەڕێزانەی ناویان دەهێنن خۆیان دانیشتووی بەغدان، بەڕێز فوئاد حسێن لەبەغدایە كاك بەنگین ماڵی لەبەغدایە، كاك شاخەوانیش بۆخۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، بەڵام ئەو بەڕێزانە راسپێردراون بۆ كاروباری بەغداو لەبەغدا ئامادەن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار