ئەمریكا فشارەكانی بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە چڕتر دەكاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمریكا فشارەكانی بۆ یەكخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتدا چڕتر دەكاتەوەو بۆ ئەو مەبەستە فەرماندەی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا لە بینای سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا كۆبوویەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی حوزەیرانی 2022، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشوازییان لە جەنەراڵ جۆن برێنان، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و وەفدێكی باڵای سەربازیی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری پێشمەرگە، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری - زانیاری ھەرێم، سوپاسالاری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە فەرماندە و پلەدارانی پێشمەرگە ئامادەبوون، پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوایین هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە و پێشنیارێكی ئەمەریكییەكان تاوتوێ كرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانان دووپاتكردەوە بۆ ئەو پشتگیری و هاوكارییەی لە كاتی شەڕی دژی داعشدا و ئێستاش پێشكەش بە پێشمەرگەی دەكەن و جەختی لە پشتگیریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی پێشمەرگە كردەوە.
هەروەهابافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی دەربڕی بۆ ھێزەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ھاوكاری ھەرێم بوون و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بوون لەرووی مەشق و راھێنان، پڕچەككردن و پێشخستنی توانا سەربازییەكان.
تاڵەبانی راشیگەیاند:" ھەر پلانێك بۆ رێكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بنرێت پێشوازی لێدەكەین، بەڵام پێویستە لەم ھەنگاوەدا ھەلومەرجی ھەرێم و واقیعی ئەمڕۆ لەبەرچاوبگیرێت و ھاوسەنگی بنەمابێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتمانییە و بە بەرنامەی كوردستانی بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە و ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت دەبێت لە خزمەتی پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بێت".
لای خۆیەوە جەنەراڵ برێنان دووپاتی كردەوە كە ئەمریكا لە پشتگیری و یارمەتیدانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و یەك فەرماندەییدا كۆبكرێتەوە و بكرێتە هێزێكی نیشتمانیی پیشەگەر كە بەهێز و بە توانا بێت و بتوانێت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.
دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و پێویستیی هاریكاریی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و بەردەوامیی پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.