بەرهەم ساڵح دەبێتەوە سەرۆك كۆمار

رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی 5ی یەكێتی لەبەغدا بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

بەرپرسی مەڵبەندی 5ی یەكێتی لەبەغدا ئەوە دووپاتدەكاتەوە تا 9ی تەموز پشووی پەرلەمانەو دواتر جەژنی قوربانەو هەفتەیەك پشوو دەبێت و زەحمەتە كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، دەشڵێت:» كاندیدی یەكێتی هەر دكتۆر بەرهەم ساڵحەو ئەو دەبێتەوە بە سەرۆك كۆمار».

رابیحە حەمەد، بەرپرسی مەڵبەندی 5ی یەكێتی لەبەغدا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە كاندیدی یەكێتی دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر رێكەوتن لەنێوان لایەنە كوردییەكان كرا ئەوە بەیەك كاندید دەچینە نێو پەرلەمان، ئەگەر نەكرا ئەوا سیناریۆی 2018 دووبارە دەبێتەوە».

هاوڵاتی: كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتی لەماڵی مام جەلال لەبەغدا چی باسكرا، ئایا لەبارەی پرسی سەرۆك كۆمار چی وترا؟

رابیحە حەمەد: مێژووی ماڵی مام جەلال لە بەغدا تازە نییە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای روخانی رژێمی بەعس كە هەمیشە ئەم ماڵە كۆكەرەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بووە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن لەبارەی بابەتەكانی پەیوەست بە دۆخی عێراق و نزیكبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە لەسەرەتای روخانی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەرۆك مام جەلال لەو ماڵە كۆدەبوونەوەو سەدان جار و لەنوسینەوەی دەستوریدا لەو ماڵە بەسەركەوتوویی كۆتایی هاتووە.

ئێستاش كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەو رۆڵە هەڵدەستێت بۆ نزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان كە رۆڵی ئیجابی دەبینێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی خزمەتگوزار لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراق و لەنێویشیدا گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان.

شەوی دووشەممە كۆبونەوە كراوە لە ماڵی مام جەلال سەرۆك بافڵ تاڵەبانی تێیدا ئامادەبوو توانی لایەنەكان لەیەكتر نزیكبكاتەوەو گفتوگۆ بكەن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دەبێت كەسێك دیاری بكەن بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.

پرسی سەرۆك كۆمار كێشە نییە، ئەگەر وەك لایەنە كوردستانییەكان رێككەوتین لەسەر كاندیدێك بەیەك بەرنامەوە بۆ حكومەت دەچینە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر رێكنەكەوتین بە دووكاندیدی جیاواز دەچینەوە پەرلەمان، وەك سیناریۆی 2018 ئەوكات هەردوولا دەتوانن كاندیدی خۆیان هەوڵی بۆ بدەن و ببنەوە، ئەگەر لایەنی دیكەش كاندیدی هەبێت ئەوكات دەنگ یەكلایی دەكاتەوە، چونكە تا ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندیدی خۆی كاك دكتۆر بەرهەم ساڵحە ئەم پۆستە پۆستی كوردەو لەناو كورد دا پشكی یەكێتی نیشتمانییە، بەڵام ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە شەر بەو پۆستە دەفرۆشێت و نایاتەژێر بار كە كاندیدەكەی بكشێنێتەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هەرێم.

 

زەحمەتە پێش جەژن كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت

 

هاوڵاتی: پارتی باسی ئەوە دەكەن كە بەرهەم ساڵح بە هیچ شێوەیەك نابێتەوە سەرۆك كۆمار و بەشێوەی نافەرمی باسی خەسرەو گوڵ محەمەد دەكرێت وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار هەر لەسەر پشكی یەكێتی، ئایا شتی وا هەیە؟

رابیحە حەمەد: بەهیچ شێوەیەك باسی هیچ كاندیدێكی دیكە نەكراوەو پارتی بەفەرمی داوای لەیەكێتی نەكردووە كاندیدەكەی بگۆڕێت، ئەوەی تا ئێستا گفتوگۆ كراوە كە دووپاتكراوەتەوە یەكێتی كاندیدی خۆی پێشكەش كردووەو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار  كە دكتۆر بەرهەم ساڵحە، چوارچێوەی هەماهەنگیش تا ئێستا گفتوگۆكانیان لەسەر پێكهێنانی حكومەتە و چۆنێتی بەشداری كردنی لایەنە سیاسییەكانە، چونكە لە سەرەتادا دروشمی ئەوان حكومەتێكی نیشتمانی تەوافوقی خزمەتگوزار بووە بۆیە دەبێت هەوڵ بدەن زۆرینەی لایەنەكان بەشداری بكەن بەتایبەت دوای كشانەوەی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق و پڕكردنەوەی كورسیەكان لەلایەن جێگرەوەكانیان بەتایبەتی لەلایەن زۆرینەی بەر چوارچێوەی هەماهەنگی كەوتووە، ئەركە قورسەكە ئێستا لەسەر چوارچێوەی هەمانگییە بەتایبەتی تۆپەكە لە ساحەی ئەوانە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

 

وەك چۆن پێشتر باسمان كردووە ئەگەر رەوتی سەدر حكومەتی نیشتمانی پێكبهێنایە لەگەڵ پارتی و حەلبوسی، ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان شەقامیان هەیەو رەنگە خەڵك نارەزایەتی دەرببرن دژی حكومەت بن، ئێستاش لەوانەیە بەرەی تر هەبێت حكومەتی نوێی بەدڵ نەبێت و نارەزایەتی لێ بكەوێتەوەو جێی رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەكان نەبێت، چونكە دۆخەكە نالەبارە.

 

هاوڵاتی: ئەوان پشتیوانی لە بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ ئەوەی خولێكی دیكە سەرۆك كۆمار بێت؟

رابیحە حەمەد: تا ئێستا هیچ لایەنێكی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتنەكردووەتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەو پۆستە پشكی كوردەو ئیستحقاقی یەكێتییەو پشتیوانی لە كاندیدی یەكێتی دەكەن، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە یەكێتی هەركەسێك كاندید بكات ئەوان دەنگی پێدەدەن.

هاوڵاتی: پێشبینیت كردبوو كە حكومەتی نوێ بەسەركردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان تەمەنی زۆر نابێت بۆچی؟ 

رابیحە حەمەد: پێشبینی خۆمە بۆ ئەم دۆخە سیاسییەی عێراق لەراستیدا، لەناو پرۆسەی سیاسی عێراق بەتایبەتی پێكهێنانی حكومەت ئاڵۆز بووەو لایەنە شیعیەكان نەیانتوانیووە بریاری یەكلاكەرەوە بدەن، شیعەكان لە ساڵی 2018 لەسەر كاندیدێك رێكناكەوتن و دواتر عادل عەبدولمەهدی یان كاندید كرد بۆ ئەوەی كێشەكانیان لەسنوری دەستور تێنەپەرێت، ئەوەی ئێستا لە 2018 قورسترە، ئەوەی 2018 روویدا تەمەنی حكومەتەكە نەك هەر درێژ نەبوو، بەڵكو بووە هۆی كوشتی سەدان كەس لەسەر شەقامەكانی عێراق و سوتاندنی بارەگاكان و تێكچوونی باردۆخی سیاسی و ئەمنییەكانیش تێكچوو، تا وای لێهات بە هەڵبژاردنی پێشوەختە كۆتایی هات كە ئەویش بەدەركردنی یاسایەك كە ئەم یاسایە زۆرینەی لایەنەكان بەگوانەوە سەیریان دەكرد، بەڵام بۆ تێپەراندنی دۆخەكە رەزامەند بوون لەسەر ئەو یاسایە.

  دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكەش دەزانین بە چ باردوخێكی سیاسی ئاڵۆزدا تێپەری كە كوتلەی سەدر زۆرترین كورسی پەرلەمانیان هەبوو و گەورەترین كوتلەبوون و ژمارەی كورسییەكانی 73 كورسی بوو، بەڵام كشانەوە لە پەرلەمان،  راستە لەناو پەرلەمان سەدرییەكان نوێنەریان نییە، بەڵام شەقامیان بەدەستەوەیەو لەناو پرۆسەی سیاسیدان.

وەك چۆن پێشتر باسمان كردووە ئەگەر رەوتی سەدر حكومەتی نیشتمانی پێكبهێنایە لەگەڵ پارتی و حەلبوسی، ئەوكاتە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان شەقامیان هەیەو رەنگە خەڵك نارەزایەتی دەرببرن دژی حكومەت بن، ئێستاش لەوانەیە بەرەی تر هەبێت حكومەتی نوێی بەدڵ نەبێت و نارەزایەتی لێ بكەوێتەوەو جێی رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەكان نەبێت، چونكە دۆخەكە نالەبارە.

 حكومەتی نوێ چەند ئەركێكی لەسەر شانە، یەك لەوانە دەركردنی یاسای بودجەو ناردنییەتی بۆ پەرلەمان، چونكە ناكرێت وڵاتێكی وەك عێراق ئیدارە بدرێت بەبێ بوونی یاسای بودجە، زۆربەی پرۆژە خزمەتگوارییەكان و دامەزراندن وەستاوەو خەڵك لە دۆخێكی خراپدایەو مووچە دوادەكەوێت هەمووی لەبەرئەوەی بودجە دەنگی لەسەر نەدراوەو یەك لەسەر 12ی بودجەی ساڵی رابردوو لەلایەن حكومەتی  كاربەرێكەری كازمی كاری پێدەكرێت و دەتوانێت خەرجی بكات.

 ناكرێت بۆ ساڵی 2023 بەو شێوەیە  حكومەتی نوێ ئیدارە بدرێت، راستە عێراق لەرووی دارایی و ئابووریەوە ئێستا گەشەی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هاوڵاتیان تووشی زەرەر بوون و حكومەت قازانجی كردووە كە نرخی نەوت بەرزبووەتەوەو بەهای دینار بەرانبەر دۆلار دابەزیووەو فرۆشی نەوتیش بەدۆلارە، بەڵام هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن، دەبێت حكومەتی نوێ ئەو ئەركە لەئەستۆ بگرێت قەربووی ئەو باجەی هاوڵاتیان بداتەوە. 

 

مالكی تەجروبەی رابردووی هەیە بۆ دۆخە سەختەكان گونجاوەو بەڵام دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بڕیار لەسەر كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران بدەن و دیاری بكەن

 

هاوڵاتی: باس لەمالكی و عەبادی دەكرێت كاندید بن بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆچونتان چییە لەوبارەیەوە؟

رابیحە حەمەد: لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەبێت كاندیدێك دیاری بكرێت، كە كەسایەتییەكی بەهێزی هەبێت، دەبێت سوود لەتەجروبە تاڵەكانی رابردوو وەربگرین بۆ نمونە عادل عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی سیاسی و ئیداری و تەمەنێكی زۆری لەناو سیاسەتدا بەسەر بردبوو ئەوە نەبوو ئیمكانییەتی ئیدارەدانی وڵاتی نەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كوتلەیەكی بەهێزی پەرلەمانی نەبوو دەسەڵاتی لەناو هێزی سەربازی عێراقدا باڵا دەست نەبوو نەیتوانی سەركەوتوو بێت كە كۆتنترۆڵی شەقام و لایەنە سیاسییەكان بكات و رێگری بكات لەو بەربەستانەی كە رووبەرووی دەبوویەوە بۆ جێبەجێكردنی كاروباری حكومەتەكە، بۆیە دەبێت سوود لەو رابردووە تاڵە وەربگرین كەسێك ببێتە سەرۆكی  حكومەت دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و كوتلەی بەهێزی پەرلەمانی هەبێت، بەڵام دەبێت لایەنەكانی پاڵپشتی بكەن و هەر كات هەڵەی كرد بۆی دەستنیشان بكەن و لە كارە باشەكاندا دەستخۆشی لێ بكەن.

ئەوەش دەوەستێتە سەر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە مالكی یان حەیدەر عەبادی یان ەر كەسێكی دیكە كاندید بكەن، قسە لەسەر ئەوەش دەكرێت لەناو كاندیدە بێلایەنەكان بۆ سەرۆك وەزیران كەسێك دیاری بكەن، دواجار بڕیارەكە لای چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانە.

هەر كەسێك بێت ئێمە پشتیوانی دەكەین، گرنگ ئەوەیە بزانین بەرنامەكەی چییە ئێمە ناچینە ناو حكومەت بۆ دژایەتی كردنی هیچ كەسێك بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەسەرەتای ئەنجامەكانی راگەیاندنی هەڵبژاردنەكانەوە كە  بەرەی سەدرو هاوپەیمانەكانی و بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانی لێكەوتەوە، یەكێتی نەچووە نێو ململانێی نێو ماڵی شیعەكان، بەڵكو هەوڵیدا نزیكبونەوە لەنێوانیاندا دروست ببێت تا حكومەتێكی تەوافوقی دروست ببێت كە ئێستا بەرەو پێكهێنانی حكومەت دەچێت.

هاوڵاتی: لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالكی كوتلەی پەرلەمانی بەهێزی هەیە، پێتانوایە دەتوانێت جڵەوگیری حكومەتی نوێ بكات؟

رابیحە حەمەد: مالكی تەجروبەی رابردووی هەیە بۆ دۆخە سەختەكان گونجاوەو بەڵام دەبێت چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بڕیار لەسەر كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران بدەن و دیاری بكەن

هاوڵاتی: پێتانوایە پێش 9ی تەموز كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەتوانرێت بكرێت و پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە؟

رابیحە حەمەد: ئێستا پشووی پەرلەمانییە تا 9ی مانگ، دواتر جەژنی قوربانەو هەفتەیەك پشوو دەبێت، ئەگەر بریاربێت بكرێت دەبێت سبەی یان دووسبەی داوای دانیشتنی ئیستنائی بكات، بەڵام بەبۆنەی پشووەوە زۆرینەی پەرلەمانتاران رەنگە لە گەشت بن و بۆ دەرەوەی وڵات رۆیشتوون، بۆ ئەو كۆبونەوەیە بەلانی كەم پێویستە  220 ئەندام تاێیدا بەشداربن، بۆیە پێش جەژن  زەحمەتە كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت بەو پەلە پەلە، چونكە كەسەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار