قاچێكی كورسییەكـەی كازمی لەتاران

كازمی لەكۆتری ئاشتیی ئێران تا مسۆگەركردنەوەی كورسیی سەرۆك وەزیران

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات بەنزیك كردنەوەی سعودیەو ئێران پریسكی ئاگری ئەم دوو وڵاتە دوورخاتەوەو هاوكات بەختی خۆی بۆ مسۆگەركردنەوەی تەختی دەسەڵات بەهێزتر بكات.

سەردانە كتوپڕەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سعودیەو ئێران وەك نێوەندگیرییەك بۆ تاران و ریاز لێكدرایەوە، بەڵام كازمی جگە لەو ئامانجە هەنگاوەكانی لەپێناو ئارامبوونەوەی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و بەهێزبوونەوەی پێگەی وڵاتەكەیە لەناوچەكە بەتایبەت كازمی سەرقاڵی ئەوەیە كۆتایی بەگرژی و ناكۆكیی شەش ساڵی رابردووی سعودیەو ئێران بهێنێت.

هاوكات لەلایەكی دیكەوە نێوەندگیرییەكی مێژویی نێوان قاهیرەو تارانی دەستپێكردووە كە زیاتر لە 40 ساڵە پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆیە كازمی وەك كۆتری ئاشتی لەنێوان میسرو ئێرانیش وەسف دەكرێت.

هەنگاوە خێراكانی كازمی لەتاران و ریازو قاهیرە ئەنجامە ئەرێنییەكانی لەگۆڕانكاریی لێدوانی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بەهەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، چونكە پێشتر بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەموشەك هەڕەشەیان دەكرد، بەڵام لەنوێترین لێدواندا وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای چارەسەریی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەخوازێت و دەڵێت:» هەرێمی كوردستان تێگەیشتنی باشی بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا هەیە».

لەئێستادا كە بەهۆی كشانەوەی موقتەدا سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران، لایەنەكانی نزیك لەئێران رۆڵی سەرەكی لەپێكهێنانی حكومەت دەبینن كازمی دەیەوێت بەدروستكردنی هاوسەنگیی لەنێوان واشنتۆن و سعودیەو تاران دەستكەوتی هەنگاوەكانی بچنێتەوەو ئەوەش بە بوونەوەی بەسەرۆك وەزیرانی عێراق بەدی دێت.

كازمی لە تاران

مستەفا كازمی رۆژی یەكشەممە 28ی حوزەیرانی 2022 بۆ دووەمجار وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كردو لەگەڵ سەرۆك كۆمارو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەو ژمارەیەك لەبەرپرسانی دیكە كۆبووەوە.

كازمی لەو گەشتەدا كە پێشتر بەرنامەكەی رانەگەینرابو و بەگەشتی چاوەڕوان نەكراوەو بەپەلە وەسف كرا، سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای بەرپرسانی عێراقی دەكرد كە بەوتەی ئەو مەبەست لێی ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ تاران بووە.

میدیاكانی ئێران ئاشكرایان كردووە لەسەردەمی كازمیدا بە بەهای 13 ملیار دۆلار كاڵای ئێرانی رەوانەی عێراق كراوە كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا لە دژی تاران كاڵاكان بەدراوی یۆرۆو تمەن مامەڵەی پێوەكراوە.

ئیبراهیم رەئیسی لە كۆنگرە رۆژنامە هاوبەشەكەی لەگەڵ كازمی، رایگەیاند:» ئاسایش و سەقامگیریی لەناوچەكەدا بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل مسۆگەر نابێت، دەبێت وڵاتانی ناوچەكە بەبێ دەستوەردانی وڵاتانی بیانی كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

رەئیسی راشیگەیاند كە ئێران لە رۆژە سەختەكاندا پشتی لەعێراق نەكردووە و بەبەردەوامی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە.

لای خۆیەوە مستەفا كازمی لەو كۆنگرەیەدا وتی:» ئێران وڵاتێكی گرنگەو دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ تاران بەهێز بكەین و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ رێككەوتین لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی خەڵك و حكومەتی عێراق و ئێرا».

ئەو لە بەشێكی لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە تاران و بەغدا پشتیوانیی لە ئاگربەستی وڵاتی یەمەن دەكەن كە نزیكەی سێ مانگە بە نێوەندگیریی نەتەوەیەكگرتوەكان راگەیەنراوە.

پێگەی بەغدا لەتاران شەفاعەت بۆ هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لەگەڵ وەرگرتنی پەیامی سعودییەكان لەلایەن كازمییەوە، بڕیارە بەرپرسانی دیپلۆماسیی هەردوولا لە ئاستی باڵادا كۆببنەوە كە ئەمەش ئەنجامی نێوەندگیرییەكانی عێراقە.

سەعید خەتیب زادە، هەر ئەو رۆژە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:» بەوردیی چاودێریی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین و نیگەرانین لەو ناكۆكییانەی لەسەر كێلگەكانی غازو نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دروستبووە».

ئەو وتی: ئەگەرچی ئەو پرسە بابەتێكی ناوخۆیی دەسەڵاتی ناوەندو ناوچەكانی دیكەی عێراقە لەگەڵ ئەوەشدا بەوردیی چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین، لەم ساڵانەی دوایدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروستبووەو هیوادارین ئەو گرژییانە كۆتایی پێبێت.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران لەكاتێكدا پێشتر خەتیب زادە هێرشە موشەكییەكانی سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی بۆ سەر هەولێر بە نەشتەرگەریی بچووك ناوهێناو لەچوار مانگی رابردووشدا زۆربەی بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەكانی سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی دیكەیان لەهەرێمی كوردستان دەكرد.

لانیكەمی ئەنجامی سەردانەكەی كازمی بۆ تاران رەنگە ئەوە بێت كە هەڕەشەكانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی گۆڕی بۆ هیواخواستن لەپێناو چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

كازمی لەكۆتری ئاشتیی بۆ كورسیی دەسەڵات

زۆربەی میدیاكانی سەر بەدەزگا دیپلۆماسی و سیاسییەكانی ئێران حاشایان لەوە نەكردووە كە كازمی دەوری گرنگیی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی ناوچەكە هەیەو ئاشكرایان كردووە سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو ئامانجی سەرەكیی لەهەنگاوە ئاشتیخوازنەكانی هەیە كە رەنگە لەداهاتودا دەستكەوتەكانی بچنێتەوە.

بەپێی لێكدانەوەی ئەوان كازمی دەیەوێت لەم قۆناغەدا كە زیاتر لەهەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی وڵاتەكەیدا تێپەڕیوە و تائێستا چارەنووسی حكومەت و دەسەڵات لەبەغدا یەكلایی نەكراوەتەوە رەزامەندیی تاران و لایەنگرانی شیعەی ئێران لەعێراق بەدەستبهێنێت و جارێكی دیكە كورسیی سەرۆك وەزیران بۆخۆی مسۆگەر بكاتەوە لەو پێناوەشدا نایەوێت وڵاتەكەی لەئەنجامی ململانێكانی سعودیەو ئێران گرژیی و ناكۆكی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە كازمی لەسەرەتای دەستبەكاربوونیشی وەك سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی زیاترین هەوڵی داوە جگە لەكەمكردنەوە گرژییە ناوخۆییەكان، هاوسەنگیی ئێران و ئەمریكا لەگۆڕەپانی عێراق بپارێزێت.

قاچێكی كورسییەكەی كازمی

لەتارانە

رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) كە سەر بەباڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی ئێرانە: لە لاپەڕەی یەكەمدا بە ناونیشانی (یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی مستەفا كازمی لەگەشتكردن بۆ تاران بەدەستهێنانەوەی كورسیی سەرۆك وەزیرانی عێراقە).

رۆژنامەكە نووسیویەتی گەشتەكە كتوپڕو بەپەلەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران دوای سەردانی سعودیە بووە، بەپێچەوانەی شیكارییەكان و لێكدانەوەكان ئامانجی سەرەكیی كازمیی نێوەندگیریی نێوان سعودیە و ئێران نییە، بەڵام كازمی بەزمانێكی ساددە سعودییەكانی ئاگادار كردووەتەوە هەنگاوەكانیان بۆ لێكتێگەیشتن لەگەڵ تاران پێچەوانەی تێڕوانینەكانی ئەمریكا بۆ گۆڕانكارییە نوێیەكانی ناوچەكە نییە.

ئەو رۆژنامەیە جەختی لەوە كردووەتەوەتەوە كازمی هەوڵدەدات بە رازیكردنی ئێران و نزیكایەتیی لەحەشدی شەعبی و هاوپەیمانە شیعەكانی تاران لەعێراق، پێگەی خۆی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووی وڵاتە بەدەست بهێنێتەوەو بە راگرتنی دڵی سعودییەكانیش نەبێتە مایەی گومان بۆ بەرنامەكانی واشنتۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش.

عێراق لەئاگربەستی یەمەن تا گەڕانەوەی دیپلۆماتكارەكانی ئێران بۆ سعودیە

عێراق لەسەرەتای ساڵی 2021 تائێستا میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی نێوان بەرپرسانی ئاسایشی و دیپلۆماسیی ریازو تارانی كردووە كە ئاماژەیە بەڕۆڵی باڵای بەرپرسانی عێراق و پێگەی سیاسیی وڵاتەكە لەنێوەندگیریی نێوان وڵاتانی دراوسێی.

ئەنجامی ئەو نێوەندگیرییەی عێراق بووە هۆی ئەوە سێ دیپلۆماتكاری ئێران دوای شەش ساڵ بتوانن بچنە سعودیە و نوێنەرایەتیی خۆیان لەبارەگای سەرەكیی وڵاتانی هاریكاریی ئیسلامیی لەشاری جەددە بكەنەوە و دەست بەكارەكانیان بكەنەوە.

ساڵی 2016 دوای ئەوەی سعودیە لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 2016، شێخ نەمر باقر، زانای ئایینی شیعەی لەوڵاتەكەی بەتۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی سعودیە لەسێدارەدا كە ئەوەش كاردانەوەی توندی ئێرانی لێكەوتەوە و بەرپرسێكی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند سعودیە دەكەن بەدۆزەخ.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی نەمر، هێرش دەكرێتەسەر باڵیۆزخانەی سعودیە لەتاران و كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەشاری مەشهەد دەسوتێنرێت كەئەوەش ناڕەزایەتیی ریازی لێكەوتەوەو بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان، هاوكات ئەوەش بە هۆكاری توندبوونەوەی جەنگی یەمەن لەقەڵەمدەدرێت كە بەجەنگی ساردی نێوان تاران و ریاز لەیەمەن ناودەهێنرێت.

دوای ئەوەی ساڵی 2014 چەكدارە حوسییەكانی یەمەن كە سەر بەئێران لەقەڵەمدەدرێن  توانیان شاری سەنعا-ی پایتەخت كۆنتڕۆڵ بكەن، سعودیە لەساڵی 2015 راستەوخۆ لە رێگەی سەربازییەوە دەستوەردانی كردو بنكە و پێگەكانی حوسییەكانی دەكردە ئامانج كە لەگەڵ گرژبوونەوەی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی تاران و ریاز ئاگری جەنگ لەو وڵاتەش توندتر بووەوە، یەكێك لەمەرجەكانی سعودیە بۆ ئێران لەدانوستانەكانیان لەبەغدا لەساڵی رابردوودا، كۆتایی پشتیوانییە سەربازییەكانی ئێران بۆ حوسییەكان بووە.

رەئیسی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كازمی پێنج مەرجی وڵاتەكەی سەبارەت بەیەمەن بۆ سعودیە راگەیاندووە كە سەرەكیترینیان نەمانی گەمارۆی سعودیە لەدژی دانیشتوانی یەمەن و پابەندبوونی ریاز بووە بەئاگربەستی وڵاتەكەوە.

وەزارەتی درەوەی ئێران بەفەرمی بڵاویكردووەتەوە؛ مستەفا كازمی پەیامەكانی سعودیەی بە فەرمی گەیاندووەتەوەتە تاران بەپێی راگەیەنراوەكە، ریاز ئامادەیی دەڕبڕیوە گەڕی دیكەی دانوستانی نێوان ئێران و سعودیە لەبەغدا بەڕێوەبچێت و كات و شوێنی كۆبوونەوەی و دانوستانەكان دیاریكراون و دوای ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە، شاندی دیپلۆماسیی هەردولاو ئامادەكاریی دەكەن بۆ كردنەوەی باڵیۆزخانەكانی دوو وڵاتەكە لەتاران و ریاز.

بەغدا هەوڵی نزیكکردنەوەی قاهیرەو تاران دەدات

ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران بەناونیشانی (نێوەندگیریی لەنێوان تاران و بەغدا، گەیاندنی پەیام بۆ قاهیرە) بڵاوی كردەوە، مستەفا كازمی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز كردووەتەوەو عەبدوڵاهیانیش ئاشكرای كردووە بەنێوەندگیریی و هەوڵەكانی عێراق ئامادەكاریی كراوە بۆ ئەنجامدانی گەڕی شەشەمی دانوستانی بەپرسانی باڵای سعودیە و ئێران لەبەغدا.

عەبدوڵاهیان سوپاسی رۆڵی عێراقی لە نێوەندگیرییەكان و میوانداریی پێنج گەڕی دانوستانی نێوان تاران و سعودیە كردووەو ئاماژەی بە كۆبوونەوەی نهێنیی شەرم شێخ لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا كردووە كە هەریەكە لەبەرپرسانی باڵای  وڵاتانی (ئیسرائیل، سعودیە، ئوردن، قەتەر، میسر) بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا بەشدارییان تێدا كردووەو كۆبوونەوەكەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی جموجۆڵە سەربازی و هەنگاوە موشەكییەكانی ئێران بووە لەناوچەكەدا.

عەبدوڵاهیان بەكازمی راگەیاندووە؛ تاران خوازیاری پەیوەندیی بەهێزە لەگەڵ قاهیرە، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندیی ناوچەكەو وڵاتانی ئیسلامییە.

پەیامەكەی عەبدوڵاهیان لەكاتێكدایە ئێران و میسر لەساڵی 1979 پەیوەندییەكانیان بەهۆی ئەوەی محەمەد ئەنوەر سادات،  سەرۆكی ئەوكاتی میسر، رایگەیاند روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لەئێران كەسێكی نەخۆشەو مایەی شەرمەزارییە بۆ ئیسلام، لەو رۆژەوە پەیوەندییەكانی تاران و قاهیرە كە پەیوەندییەكی توندو تۆڵ بوو، كێشە و ئاڵۆزیی تێكەوت و تائێستاش ئاسایی نەبووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژێك دوای گەشتەكەی كازمی بۆ تاران جەختی لەوە كردەوە ئەگەرچی نوسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لەقاهیرە كاردەكات لەسەر توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و قاهیرە، بەڵام میسر زۆر بۆ ئێران گرنگەو سود لەهەموو ئامرازێك وەردەگرێت بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتەكە.

ئێران هەوڵدەدات پەیامەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر بەكازمی بگوازێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار