لێدە، بیکوتە
2 ساڵ لەمەوپێش
زاهير باهير
لێدە تەپڵی شادمانی جەنگ با دەنگی بەرزتر بێت... بیکوتە دەهۆڵی شەڕی بەرژەوەندیی، تا صەدا و زرمەی بڵندتر بێت ، با لێدانی کەڕەنای جەنگ دڕ بە تاریکی و لێڵی و بێ دەنگی ئاسمانی سووری ڕەنگگرتوو بە خوێن، زیاتر بدات .... با قەڵای لاشە و کەلەسەری کوژراوان و قوربانیانی جەنگ باڵابەرزتر و بەهێز تر بێت ... با لافاوی خوێنی سەربازانی بەزۆرگیراو و خەڵکانی بێ تاوان ڕەنگەکەی, سووری تۆختر بێت.... با قوڕی گیراوەی سەری باوکان و دایکان و ئازیزانی قوربانییەکان لە هەموو کات زیاتر خەستتر بێت ..... با فرمێسکی زیاتری چاوی دایکان و خوشکان جۆگەلەکەیان بە خوڕتر بێت.... با دەروازەی جبەخانەکان و کارخانەکانی جەنگ بۆ هەمیشە ئاوەڵاتر بێت ....با مامەڵەی کڕیاران و بازرگانانی جەنگ و خوێن هەمیشە لە برەودا بێت..... تا سامان و سەرمایەی زیاتری کەڵەکەبووی سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکان زیاتر بێت ........
چۆن بڕیارێك دەردەکەن بیکەن .... چۆن هاوکاری جەنگ و خوێن دەکەن بیدەن....دەی چی لە ئێوە دێت ئەی بڕیاردەران و سەرکردەکانی جەنگ... پوتین ، بایدن ، بۆریس، ئیمانوێل و ئەوانی ترتان؟ خوێنتان لەبەر ناڕوات ، تەنانەت دڵۆپێك عارەقیشتان لێ ناچۆڕێت.... منداڵ و ئازیزانتان بە بەلاش تیاناچێت... با لەوان بڕوات ... بۆچی نەڕوات؟ ... ئەوان لە کاتی ئاشتیدا با سامان و سەرمایە دروست بکەن و لە کاتی جەنگیشدا با پارێزگاری لێبکەن.... ئەوان هەر بۆ ئەوە باشن و مەخلوقێكن بۆ ئەوە دروستکراون .. زیندەوەرانێکن بۆ بارکێشان و کارکردن و بەکارهێنان خولقێنراون ..... دەی با دەهۆڵ و کەڕەنای جەنگ دەنگیان بڵند تر صەدایان ترسناکتر و کاراییان مەترسیدارتر بێت .....
پەمپی کەن ... پارەی زیاتری تێخەن... هاوکاری چەك و تەقەمەنی زیاتری بکەن....بوغرایی ژێلینیسیکی و هاندانی ئێوەی سەرکردەکان و بڕیاردەرانی جەنگ و فاشییەتی پوتین با وڵاتێك وێرن بێت ... با گۆمی خۆێن قووڵتر بێت ....با کاری زیاتر بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان پەیدا بێت ... با بەخەڵکانی بەیەکەوە ژیاوی چەند سەد ساڵە لە یەك بترازێن و بەش بەش بن .... چی لە ئێوە دێ؟ ئێوە چ دەربەستێكن؟...
ئێوە جەنگێك بەڕێوە دەبەن کە هەژاران زیاتر هەژار دەکات ... کە جەرگسوتاوان زیاتر خەمناك و وێڵی ژیانی مندالەکانیان دەکات ..... ژینگەی سروشتی و ژینگەی ژیانی دانیشتوانی چەند وڵاتێك وێران دەکات .....ئێوە جەنگێکی ئاوا بەڕێوەدەبەن.
سەخاوەتی ئێوە لە بن نایەت..، بە ملیار دۆلار و پاوەند و یورۆ دەخنە ئەم پرۆژە گەورەیەوە ... پرۆژەی جەنگ و خوێن ... بۆ یەك چرکەش بیر لەوە ناکەنەوە کە بوجەکەتان کەم و کەمتر دەبێتەوە ... کەسێك لە پەڕلەمانتارەکانیشتان گلەیی و بناشتێك ناکات ... بۆ ئەم بازرگانی و جەنگە ئێوە دەستکراوەن .. پارەتان زۆرە ... ئیدی گرنگ نییە لە ئەمەریکا زیاتر لە 30 ملیۆن کەس ئەکسێسی چارەسەری بەلاشی نەبێت ... گرنگ نییە ڕۆژانە بە سەدان کەس هەر لەوێ یا بکوژرێت یا خۆی بکوژێت ... با پیشەسازی چەك و تفاقی کوشتن بەردەوام بێت.. گرنگ نییە لە وڵاتەکەتا ئەی بایدن بە ملیۆن کەس لە هەژاری و بێ خانووبەرەدا بژین ... بۆ هەموو ئەمانە پارە هیچ نییە ... لە بریتانیاش با هەر ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە سەرکەوێت ، با کولفەی ژیانی دانیشتوانەکەی گرانتر بێت ... با کرێکارانی ڕێگاو هاتووچۆ و بەشی تەندروستی و فڕۆکەخانەکان و مامۆستایان و پۆست و گواستنەوەی پێویستییەکان و بەشەکانی خزمەتگوزاری و ئەوانی دیکە هەر شەقام بکوتن بۆ زیادکردنی مووچە ... با هەر مانبگرن بۆ چەند پاوەنێکی زیاتر ...با 6.5 ملیۆن نەخۆش هەر لە ئینگلتەرەدا لە لیستی چاوەڕوانی دکتۆر و نەشتەگەریدا بن..... بۆ هیچ یەکێك لەمانە پارە نییە بەڵام بۆ بەردەوامدان بە شەڕ ... بەردەوامدان بە کوشتن و بڕین و وێرانکردنی خاك و نیشتمانی ئۆکرانییە داماوەکان پارە کێشە نییە .. بوجەی تایبەتی ناردنی چەکی قورس و هەموو کەرەستە و ماتریالیەکانی جەنگ گرفتێك نییە ...
ئێوە هەموو ئەمانە دەکەن ئەی بڕیاردەرانی جەنگ و وێرانکاریی ... بەڵام ئەوەی کە ئەم جەنگە دەباتەوە تەنها و تەنها دوو کەسە لە ناوتانا : پوتین و ئەردۆگان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان . جەنگێکتان دەستپێکردوە کە ناتانەوێت کۆتایی پێبهێنن، داخوازی و پێشنیار و چاوەڕوانیتان بەزاندنی پوتین و گۆڕینی ڕژێمە ... بەڵام خۆتان دەزانن کە پوتین وا بە ئاسانی ناچیتەوە دواوە .. بەهای ڕۆبل لە ئێستادا بەرزترە لە سەردەمی پێش شەر، ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە لەوێ کە 8.1 هێشتا نزمترە لە بریتانیا و تورکیا و هەندێك وڵاتی دیکەی ناتۆ.. ڕێژەی پەسەندکردنی کەسایەتی پوتین-یش زیاترە لە پێش جەنگەکە.