وردەكاری نوسراوەكەی راكان سەعیدو كاردانەوەی بەرپرسانی كورد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
نوسراوێكی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە كە بڕیارێكی دژی كورد دەركردووە و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دەڵێت:" بڕیارەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە"، نوێنەری یەكێتیش لەپەرلەمانی عێراق لەرێگەی وەزیری داد مستەفا كازمیان ئاگادار كردووەتەوە.

بەپێی بۆچوونی فراكسیۆنی یەكێتی، بڕیارەكەی راكان سەعید شۆڤێنیانەیەو رێگەی پێنادەن" بڕیارەكەی راكان سەعید ئامانج لێی بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەیە كە خانووەكانیان لە كەركوك تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون".
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تەمموز، نوسراوەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكردەوە كە نوسراوەكە 3ی تەمموز واژۆكراوە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەروو كە "دوای ئەوەی نوسراوەكەمان بەدەست گەیشت، بۆ بێبەشكردنی ئەو خێزانە كوردانەی خانوەەكانیان تاپۆ نییە لە كۆبۆنی خۆراك و كارتی نیشتەجێبون، راستەوخۆ دەستتێوەردانمان كرد و ئەو نوسراوە هەڵوەشایەوە و بەهیچ شێوەیەك كاری پێناكرێت".

هەروەها فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رایگەیاند: "بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە و دەبێت داوای لێبوردن بكات".

هاوكات، نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنن، هاوڵاتیانی شاری كەركوك دڵنیادەكەنەوە كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ڕەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت لای ئەوان رەتدەكرێتەوە و كاری پێناكرێت.

نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە "دوای ئەوەی نوسراوێكی نایاسایی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە لەبارەی جەردكردنی كارتی نیشتەجێبون و فۆڕمی خۆراك و بەستنەوەی بە شوێنی نیشتەجێ بون یان كرێنیشینی لەخانوێكی تاپۆوە ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوە و بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە چونكە پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە".

"سوپاسی حاكم سالار عبدولستار وەزیری دادی عێراق دەكەین كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیایی كردینەوە"، فراكسیۆنی یەكێتی وا دەڵێن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار