فشارەكان لەسەر پارتی و یەكێتی زیاتر دەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوای یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە پارتی و یەكێتی دەكەن، تۆمەتباریان دەكەن بەوەی كە یەكلانەكردنەوەی دەست و پێیانى  بەستووە كە ناتوانن حكومەت پێكبهێنن.

چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند:" داوایان لە هێزە كوردییەكان كردووە كە لەپێناو تەواوكردنی مافە دەستوورییەكانی دیكە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ و كار لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بكەن.

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم سەركردە و سەرۆكی فراكسیۆنە سیاسییەكانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە:" داوا لە لایەنە كوردییەكان دەكەین كە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایبكەنەوە".

هەروەها سەعد مەتڵەبی سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەو دانوستان‌و لەیەكتێگەیشتنانەی لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوو پارتی سەرەكیی كوردیی، (یەكێتی‌و پارتی)دا كراون، نەیگەیاندوونەتە ئاستی ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

مەتڵەبی راشیگەیاند:"بەردەوامی ناكۆكییەكانی یەكێتی‌و پارتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەقۆناغی داهاتوودا، وادەكات پڕۆسەی سیاسیی لەوڵاتدا زیاتر پەكیبكەوێت، نزیكترین سیناریۆ بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستەكە هەریەكە بەكاندیدی خۆیان بچنە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سیناریۆی ساڵی 2018 دوبارەبێتەوە".

هاوكات، جەودا غەزالی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند:" ئەوەی زیاتر دەست‌و پێی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەستووە بۆئەوەی نەتوانێت حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت، ئەو دانوستانانەیە كە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار ئەنجامیان دەدەن".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار