بزانە سیناتۆر لینزی گرام لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی باسی چی كردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سیناتۆر لینزی گرام پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كۆبوییەوەو تێیدا دۆخی پرسی كورد لە سوریا خراوەتەروو.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تەموزی 2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ‏هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سیناتۆری ناوداری ئەمەریكی لینزی گرام ‏و شاندێكی یاوەری كرد كە لە خاتوو ئالینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق ‏و جەنەرال جۆن برێنان فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ژمارەیەك ‏دیپلۆماتكار و پلەدارانی سەربازیی ئەمەریكی پێكهاتبوو.‏

لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسیی وڵات، دوایین پێشهاتەكانی ‏شەڕی دژی تیرۆر، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی ‏كێشەكانی نێوانیان، دۆخی سووریا و پرسی كورد لەو وڵاتە، تاوتوێ كران.‏

هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی‌ ناوچەكە كردەوە و ‏كۆك بوون لەسەر ئەوەی مەترسیی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش هەڕەشەیەكی ‏ڕاستەقینەیە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی‌ عیراق و سووریا و بۆ ‏بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییە، پێویستە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكە ‏پارێزراو بێت و هەمووان لەم پێناوەدا هەوڵ و كۆششیان بخەنە گەڕ.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستان ‏بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی ئەمەریكا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی ‏تیرۆردا، دووپاتیكردەوە كە كلیلی سەقامگیری و چارەسەكردنی كێشەكانی عێراق، ‏چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا یە بە گفتوگۆو بەپێی دەستوور.‏

پەیوە‌‌ندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، ‏دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی ‏هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو.‏
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار