وەزیرێكی ئەردۆغان: پێشتر ناوی داواكراوانمان داوەتە سوید و فینلاند و رەتیانكردووەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دادی حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەكاتی رێككەوتن لەگەڵ سویدو فینلاند بۆ ئەندامبونیان لەناتۆ لیستێكی داواكراوان هاوپێچی رێككەوتنەكە كردووە.
بەكر بۆزداغ، وەزیری دادی توركیا رایگەیاند:" دوو نووسراوی فەرمییان لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ناردووە بۆ سوێد و فینلاند بۆ رادەستكردنەوەی ئەو داواكراوانەی توركیا لە كاتی دانوستاندنەكان داوای كردبوو، پێیان راگەیەندراوە كاتی جێبەجێكردنی هاتووە و لەگەڵ نووسراوەكانیشدا لیستی ناوی داواكراوەكانیان هاوپێچ كردووە".
هەروەها راشیگەیاند:"پێشتر بە نووسراوی فەرمی داوای رادەستكردنەوەی چەند داواكراوێكمان لە سوێد و فینلاند كردبوو، بەڵام هەردوو وڵات رەتیانكردبووەوە رادەستیان بكەنەوە، هەروەها وەڵامی رادەستكردنەوەی چەند كەسێكی دیكەشیان تا ئەم ساتە نەداوەتەوە، وەزارەتی داد ئەو دوو نووسراوەشی هاوپێچ كردووە و بە لیستێكی نوێ دووبارە ناردوویەتی و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوێد و فینلاند كراوە".
هاوكات ئەوەشی ئاشكرا كرد گە لە بڕگەیەكی یاداشتنامە واژۆكراوەكانی نێوان توركیا، سوێد و فینلاند لە دانوستاندنەكانی مەدرید، توركیا مەرجی داناوە كە دەبێت لیژنەیەكی هاوبەشی پێكهاتوو لە دامەزراوەكانی دادوەری، ئاسایش و هەواڵگری پێكبهێندرێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاداشتنامەكە و لە نووسراوەكەشیاندا داوای دەستنیشانكردنی چەند كەسێكیان كردووە لە فینلاند و سوێد بۆ پێكهێنانی لیژنە هاوبەشەكە.
وەزیری حكومەتەكەی ئەردۆغان ئەوەشی روونكردەوە كە پرسی ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە تەنیا بەربژێرن و رێكاری زۆر هەن بۆئەوەی جێبەجێ بكرێن، بەڵام سەرباری هەموو ئەو رێكارە پێویستانە، مەرجە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێ بكرێن"بە پێچەوانەوە ئەگەر توركیا ڤیتۆ كارا بكاتەوە، بەربژێربوونیان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ سفر دەبێتەوە".