حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون
سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بۆ هاوڵاتی:
2 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: سەركۆ جەمال
سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق ئەوە ئاشكرا دەكات كە" حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون، دوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی هەڵمەتی دەستگیركردنی پەنابەرانی كورد دەستپێكرد".
دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:" بەریتانیا بەنیازبوو چەندین پەنابەری كورد رەوانەی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، تائێستا 170 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا بێسەروشوێنن".
هاوڵاتی: ئەو كۆچبەرانەی لەبەریتانیا مەترسی ناردنیان لەسەربوو بۆ هەرێمی كوردستان، پاشان تكتەكانیان هەڵوەشایەوە، بڕیارەكە بەچی گەیشت؟
دەشتی جەمال: بڕیارەكە هەڵنەوەشاوەتەوە بەڵكو رێككەوتنێك كراوە لەنێوان حكومەتی بەریتانیا و حكومەتی عێراق ئێمە دەقی ئەو رێككەوتنەمان ئاشكراكردووە.
دوای رێككەوتنەكەش بەریتانیا پێشوازی لەجێگری وەزیری دەرەوەی عێراق كردووە، بەتایبەتیش لەدوای سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا حكومەتی بەریتانیا ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی دەستگیركرد كە خەڵكی هەرێمی كوردستانن و بڕیارەكە دەیانگرێتەوە، ئەو كەسانە زۆربەیان ساڵانێكی زۆرە لەبەریتانیا ژیان بەسەر دەبەن خێزان و منداڵیان هەیە، بڕیاربوو 31-5-2022 بیاننێرنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی هەولێر، ئێمە پێش ئەوەی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت هەڵمەتێكمان دەستپێكرد كە نەیەڵین ئەو كارە رووبدات و بەربەستی بۆ دروست بكەین.
دوای هەڵمەتەكەش ژمارەیەكی زۆر لایەن و رێكخراوی مافی مرۆڤ لەوانەش سكرتێری پێشووی پارتی كرێكاران (لەیبەر پارتی) نامەی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا كرد، لەچەند ئاستێكدا ئەو كەمپینەمان بردە پێشەوە، ئاستێكیان لەناوخۆی بەریتانیاو دووەمیش لەئاستی ئەوروپاو پاشانیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرۆژە بڕیارێكمان بردە پەرلەمانی عێراق و 104 پەرلەمانتار واژۆیان كرد كەهیچ فڕۆكەخانەیەك نەخرێتە خزمەتی ئەو وڵاتانەی بەزۆر پەرلەمانتار دەنێرنەوە.
هەروەها سزادانی ئەو كۆمپانیایانەی بەشدارن لەبەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، ئەوەبوو لیستی ناوەكانمان بۆ ناردن جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق وتی رێككەوتنەكە هەڵناوەشێتەوە بەڵام ئەو لیستی ناوە رێگەنادرێت بنێردرێنەوە، سەرئەنجام توانرا لەدواساتەكاندا مەسەلەكە راگیرا، بۆیە بەزۆر ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە راگیرا، بەڵام بڕیارەكە هەڵنەوەشاوەتەوە. تائێستاش 13 كەس لەكەمپی بەزۆر ناردنەوە ئازادكراون، بەڵام ئەڵقەیان لەقاچ كردوون، ژمارەیەكی تریشیان تائێستا ماونەتەوەو پارێزەریان بۆ گیراوە، ئێستاش زیاتر لە 40 پەنابەر راگیراون بەشێكیشیان ئەو پەنابەرانەن كە ئەمساڵ گەیشتوونەتە بەریتانیا و بڕیاربوو بیاننێرن بۆ رواندا، بەڵام ئەوانیش پارێزەریان بۆ گیراوە كە سیانیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون و سەرئەنجام ناردنەوەیان بۆ ئەو وڵاتە لەلایەن دادگای ئەوروپاوە راگیرا.
هاوڵاتی: ئەو رێككەوتنەی بەریتانیا لەگەڵ رواندا كردوویەتی چی بەسەرهات؟
دەشتی جەمال: ئەو بڕیارە هەموو پەنابەرێك دەگرێتەوە كە لەسەرەتای ساڵی 2022ەوە چووبێتە بەریتانیا رێككەوتنەكە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە كەبەناوی بوژاندنەوەی ئابووری رواندا ئەنجامدراوە، مەبەستیش لێی بەپێی رێككەوتنەكە رێگرییە لەبازرگانیكردن بەمرۆڤ لەلایەن قاچاغچیەكانەوە ئەوانەی كە بەڕێگەی شاحینە و چووپ دەگەنە بەریتانیا، ئەو سیاسەتەش سزادانی پەنابەرانە، چونكە پەنابەران بەهۆی دۆخی وڵاتەكانیان روو لەوڵاتانی دیكە دەكەن، بەمجۆرە دەیانەوێت لەڕێگەی سزادانی پەنابەرانەوە ژمارەی پەنابەران كەمبكەنەوە، ئەمەش لەلایەن زیاتر لە 160 رێكخراوی مافی مرۆڤەوە ئیدانەكراوەو رای گشتی بەریتانیاش دژ بەو سیاسەتەن، ئێستاش ئەو دۆسیەیە لەدادگایە بڕیارە 19ی مانگی داهاتوو بڕیاری لەبارەوە بدرێت لەچوارچێوەی ئەو رەخنانەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گرتوویەتی.
لەماڵپەڕە بەریتانیەكان وێنەی مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوەو ئاماژە بە رێككەوتنیش كراوە كە پەنابەران بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات
هاوڵاتی: چ لایەن و رێكخراوێك رۆڵی هەبووە لەڕاگرتنی ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران؟
دەشتی جەمال: میدیاكان و پەنابەران دەبێت بڕیاری ئەوە بدەن، ئێمە رۆڵێكی گرنگمان هەبوو لەگەڵ خودی پەنابەران خۆیان بەپشتیوانی پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافی پەنابەران و مافی مرۆڤ، كە ئەوەش لەئەنجامدا بڕیارەكە راگیرا.
هاوڵاتی: واتا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە؟
دەشتی جەمال: ئەوە كارەكانی ئایندە دەریدەخات كە ئایا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە یاخود نا، تا هەڵنەوەشێتەوە ئەگەری ناردنەوەی پەنابەران هەیە، ژیانی سەدان پەنابەرو خێزان دەخاتە مەترسییەوە، چونكە ئەو كەسانەی رۆیشتوون بەشێكی زۆریان بوونەتە هۆكاری بەخێوكردنی خێزانەكانیان لەكوردستان بەهۆی ئەو دۆخەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دروستیان كردووە.
ئەو كەسانەی خۆیان بەداكۆكیكار لەمافی پەنابەران دەزانن كەس دەستی نەگرتوون دەتوانن فشار بكەن و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بكەن كە بەچی مافێك رێكەوتنیان لەسەر ژیانی خەڵكی پەنابەر كردووە و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە.
هاوڵاتی: واتا بەفەرمی پێتانوایە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران بووە؟
دەشتی جەمال: لەماڵپەڕە بەریتانیەكان وێنەی مەسرور بارزانی و وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بڵاوكراوەتەوەو ئاماژە بە رێككەوتنیش كراوە كە پەنابەران بنێردرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە پێشوازی لەو پەنابەرانە بكات، ئەوەش دژی مافی مرۆڤە ئەگەر ئەو كەسانە كارێكی نایاسایشیان كردبێت سزای خۆیان وەرگرتووە، حكومەتی هەرێم ئاسانكارییان بۆ دەكات و تكتیان پێدراوە.
هاوڵاتی: ئایا حكومەتی هەرێم بەبێ ئاگاداری حكومەتی عێراق ئەو كارەی كردووە؟
دەشتی جەمال: بەڵگەمان هەیە كە ئەو رێككەوتنە سێ لایەنەیە، بەریتانیا لەگەڵ هەرێم و عێراق رێككەوتنی كردووە، ئەوان سوپاسی حكومەتی عێراقییان كردووە بۆ ناردنەوەو ئاسانكاری بۆ بڕیارەكەو دروستكردنی پاسپۆرت بۆیان و لابردنی ئاستەنگەكان.
هاوڵاتی: سەبارەت بەو كۆچبەرانەی لەبیلاروسیاوە ویستیان بچنە وڵاتانی ئەوروپا، زانیاری لەسەر ئەوان چییە؟
دەشتی جەمال: ئێستاش كۆچبەرێكی زۆر لەكەمپەكانی لیتوانیا و پۆڵەندا هەن، لەدۆخێكی خراپدان ژمارەیەكی زۆریان داوای مافی پەنابەرییان كردووە، بەڵام لەوێش حكومەتی عێراقی كاریان بۆ ناكات و مامەڵەیەكی نامرۆڤانەیان لەگەڵدا كراو بەشێكی زۆریان ناچاركران رێگەی گەڕانەوە بگرنە بەر، بەشێكیشیان لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان كردووە هەرچەندە زۆربەیان داوای مافی پەنابەرییان رەتكراوەتەوەو وەك زیندانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئێمە لەوبارەیەشەوە داوای سەیركردنی كەیسەكانی ئەوانەمان كردووەو داواشمان كردووە مافیان پێبدرێت.
هاوڵاتی: هیچ ئامارێك لەبەردەستە كەچەند خەڵكی هەرێم داوای پەنابەرییان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە؟
دەشتی جەمال: هیچ ئامارێكی ژمارەی پەنابەرانی هەرێم لەبەردەستدا نییە، بەڵام ساڵی رابردوو 32 كەسی هەرێم گیانیان لەدەستداوە لەڕێگای گەیشتن بەئەوروپا، بەداخەوە ئاماری گیانلەدەستدان و بێسەروشوێن بوون ساڵ بەساڵ زیاتر دەكات، تائێستاش زیاتر لە 170 كەسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێسەروشوێنن.