ماچی «کوشتن»
7 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
به‌شێک له‌به‌کارهێنه‌رانى تۆڕە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ره‌خنه‌ى توند ئاڕاسته‌ى په‌رله‌مانتار حاجی کاروان ده‌که‌ن که که‌یسی مامۆستهکهى شاری هه‌ولێری به ماچێک «کوشتووه«، دواى ئه‌وه‌ى به شه‌ق هێرشیکرایه سه‌ر له‌لایه‌ن چه‌ند کارمه‌ندێکى هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه.
بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤیدیۆى په‌لاماردانى مامۆستاکه له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌نگدانه‌وه‌ى زۆری به‌دواى خۆیدا هێنا، خه‌ڵکانێکى تووڕه‌و ناڕازیی داواى ده‌ستگیرکردن و دادگایی ئه‌نجامده‌ره‌کانیان کرد، له‌م کاتانه‌دا ڤیدیۆیه‌کى مامۆستاکه بڵاوبوویه‌وه، له ڤیدیۆکه‌دا که پشتى له کامێرایه، حاجى کاروان ماچی ده‌کات و ده‌ڵێت «ئه‌م مامۆستایه نایه‌وێت ده‌رکه‌وێت و نایه‌وێت ببێت به بهتهڵى ساحه«.
ئه‌گه‌رچی حاجی کاروان که هاوکات پیاوێکى ئاینیه له لایه‌ن ههودارانیهوه ده‌ستخۆشی لێ‌کرا، به‌ڵام خەڵکانێکى تریش ره‌خنه‌ی لێده‌گرن که به‌و هۆیه‌وه که‌یسی مامۆستاکه داخراوه، به‌ڵام حاجی کاروان ره‌تیده‌کاته‌وه که مه‌به‌ستى داخستنى که‌یسه‌که بووبێت.
کاردانه‌وه‌ى گرته ڤیدیۆکه‌ى حاجى کاروان لە تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک، هیچى که‌متر نه‌بوو، له کاردانه‌وه‌ى لێدانى ئه‌و مامۆستا بهتهمهنهى که لێى ده‌درێت، حاجی کاروان به‌و کاره له‌نێو کۆمه‌ڵێک پیاهه‌ڵداندا رهخنهکهشى ئاڕاسته کراوه.
ڕه‌وه‌ند ته‌ها له ئه‌کاونتى خۆى له فه‌یسبوک ڤیدیۆکه‌ى حاجی کاروانى داناوه‌و ده‌ڵێت «ئەم ڤیدیۆیەش سوکایەتییەکی ترە بەم مامۆستا بەڕێزە سەر سپییە لەلایەن حاجی کاروان بۆ حەملەی ئینتیخابی» بەکارهاتووە.
هه‌روه‌ها نوسیویهتى »حاجی باوەشی پێدا مەکە، ماچی مەکە، ئەو منداڵ نییە پێویستی بە و شتانەنیە، بڕۆ ئەو کەسانە بگەیەنە بەدادگا کە ئازاریاندا. ئەگەر نا‌توانیت وەرە بۆ خۆپیشادان با لە تۆش بدرێت یان شەوێک لە گەڵ مامۆستایان بمێنەرەوە».
له دیمه‌نى ڤیدیۆکه‌دا حاجی کاروان ده‌ست ده‌خاته سه‌ر شانى مامۆستاکه‌و چه‌ند جارێک ده‌کێشێت به پشتیداو ده‌ڵێت «من لە جیاتی ئێوەو هەموو مامۆستایان و خەڵکی کوردستان هاتمە خەزمەتی تا بتوانم لە جیاتی هەمووتان ماچی بکەم»
دواتر باوه‌ش به مامۆستاکه‌دا ده‌کات و ده‌ڵێت «من لە جیاتی هەمووتان لە باوەشی دەگوشم».
حاجى کاروان ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه «که‌یسه‌که بووه‌ته قهزییهکى قانونى، چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى دادگا ده‌که‌ین، من به نه‌وزاد هادیم وت که بۆچى ئه‌و که‌سه ده‌ستگیرناکرێت، ئه‌و وه‌عدى دامێ که‌ئه‌و که‌سه‌ى شه‌قى لهمامۆستاکه داوه ده‌ستگیر بکرێت، به‌ڵام وتى نازانن کێیه. ئێمه ئه‌و رۆژه به‌یاننامه‌مان ده‌رکردووه و وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و ناوخۆ به به‌رپرسیار ده‌زانین و ده‌بێت ته‌حه‌مولى مهسئوللیهتى بکه‌ن «.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که ناتوانن ته‌داخولى کارى یاسایى دۆسییه‌که بکهنو په‌رله‌مانتاریش یان به‌یاننامه ده‌رده‌کات یان کۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجام ده‌دات.
له نێو ئه‌م ره‌خنانه‌دا زۆرێکیش ئافه‌رین و ده‌ستخۆشی له کاره‌که‌ى حاجی کاروان ده‌که‌ن، به‌ڵام سامان که‌ریم له ئه‌کاونتى خۆى له فه‌یسبوک ره‌خنه له‌و کاره ده‌گرێت و ده‌نوسێت «لەو ڤیدیۆیەدا حاجی کاروان بە ناوی هەموومانەوە ڕۆیشتووە بۆ لای مامۆستاکەو ماچی ئەکا و لە باوەشی دەگرێت. وەک زۆر شتی تر ئێمە عاتفییانە لێکدانەوەمان بۆ کرد».
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت «خۆتان ئەزانن نزیکی هەڵبژاردنه، ئەمە ئاشکرا موزایەدەیەو وەک پێشتر، جۆشدانی عاتیفەی خەڵکە سادەو ساکارەکەیە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ».
سامان که‌ریم هه‌روه‌ها نوسیویهتى»لەوە مەترسیدارتر، ئەو کارەیە حاجی کردوویەتی، کوشتنی ئەو کەیسەیەو نوقم کردنی مامۆستاکەو قەزیەکەی».
له وه‌ڵامى ئه‌م قسانه‌دا حاجی کاروان ئه‌وه ره‌تده‌کاته‌وه که ئه‌و که‌یسه‌ى کوشتبێت و ونیکردبێت، یاخود به لاڕێدا بردبێتى، به‌ڵکو ده‌ڵێت که ئه‌و بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى که‌سانى تر ئاشنابن به که‌یسه‌که‌و لێى ئاگاداربن. «به‌پێچه‌وانه‌وه که‌یسه‌که ونبوو بوو، من زیندووم کرده‌وه، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌و خه‌ڵکى تر ده‌یان وت ئه‌وکه‌سه‌ى لێى دراوه مامۆستا نییه، من پێم وتن مامۆستایه، خه‌ڵک ره‌خنه ده‌گرێت و له‌دووره‌وه لێت ده‌ڕوانێت، من وه‌کو لایه‌نى مه‌عنه‌وى چووم و دڵى بده‌مه‌وه، نه‌ک که‌یسه‌که‌م کوشتبێت».
جگه له‌مه هه‌ندێک ره‌خنه‌ى تر هه‌یه که له‌و پرسه‌دا ئاڕاسته‌ى حاجی کاروان کراوه ئه‌وه‌یه، که ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌و پێیانوایه که ده‌بوو له رێگه‌ى یاساوه به‌رگری لێبکات نه‌ک وه‌کو پرسێکى کۆمه‌ڵایەتى که‌یسه‌که «بچووک» بکاته‌وه.
سامان که‌ریم زیاتر ده‌نوسێت «ئەوانەی دەنگیان بە حاجی کاروان داوە بۆ پەرلەمانی کوردستان. چاوەڕێن حاجی کاروان لە هەموو کێشەو لادانێکی یاساییدا قسەی هەبێت چونکە پەرلەمانتارە. بەڵام حاجی کاروان ڕۆڵی چاکسازی کۆمەڵایەتی (مصلح الاجتماعی) دەبینێت. حاجی کاروان وەک پەرلەمانتار دەبوایە لەڕووی یاساییەوە ئەو کەیسەی بجوڵاندایەو پاڵپشتی مامۆستاکە بوایە بۆ ئەوەی بە مافەکەی بگات. نەک کەیسەکە بە ماچکردنێک و لە باوەش گرتنێکدا کورت بکاتەوە».