نەدیم زەهاوی: متمانەی پارتەكەم بەدەستبهێنم باج لەسەر هاوڵاتیان كەمدەكەمەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیرە كوردەكەی بەریتانیا، هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ متمانەی پارتەكەی دەستپێكرد تا پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وەربگرێت و بەڵێن دەدات ئەگەر سەركەوتوو بێت باج لەسەر هاوڵاتیان كەمدەكاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ی تەموزی 2022، نەدیم زەهاوی لە كورتە ڤیدۆییەكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە كە لەماوەی شەش كاتژمێردا 51 هەزار كەس بینویەتی باسی لە وێستگەكانی كاركردنی لەو وڵاتە و سەركەوتنەكانی دەكات.
زەهاوی بۆ ماوەیەك كرابە وەزیری پێدانی ڤاكسێن دوای دەستلەكاركێشانەوەی ریشی شوناك، وەزیری دارایی بەریتانیا، نیشانەی ناڕەزایی بەرامبەر بە بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی وازی لە پۆستەكەی هێنا زەهاوی ئەو پۆستەی بە دەستەوە گرت.
زەهاوی پێش لەوەی وەك وەزیری دارایی دەستبەكاربێت، وەزیری پەروەردە بووە. ئەو ساڵی 2010 متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنا و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا.
ناوبراو، چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دیدار و كۆبوونەوەی هەبووە.
بێجگە لە زەهاوی 10 كاندیدی دیكە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران دان. بڕیار وایە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا كەسێك لەنێو پارتی پارێزگارانی بەریتانیاوە وەك سەرۆك وەزیران دەستنیشان بكرێت.
زەهاوی بڕیاری داوە ئەگەر متمانەی پارتەكەی بەدەست بهێنێت، باج لەسەر هاووڵاتیانی بەریتانیا كەم بكاتەوە و بودجەی وەزارەتی بەرگریش زیاد بكات.