سوید ئەندامانی "پە.كە.كە" ڕادەستی توركیا دەكاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كەناڵێكی فەرمیی توركیا ئاشكرای دەكات كە حكومەتی سوید لیستی ناوی 10 ئەندامی (پە.كە.كە)ی ئامادەكردووە بۆئەوەی بەپێی یاداشتنامە و رێككەوتننامەی نێوانیان، ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە و ئامینە كاكە باوە بەدواداچون دەكات.
كەناڵی TRT Haberی توركی لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، یاداشتنامەی لەیەكتێگەیشتنی نێوان توركیاو سوید بەردەوامەو لەوچوارچێوەیەدا ستۆكهۆڵم لیستێكی ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) پێكهاتووە بۆئەوەی ڕادەستی ئەنقەرەی بكاتەوە.
كەناڵەكە ئەوەی بیرهێناوەتەوە كە لەنێوان ساڵی 2019 بۆ 2022 حكومەتی سوید لەكۆی 16 داواكراو، تەنها سێ داواكراوی ڕادەستی حكومەتی توركیا كردۆتەوە، بەڵام لەدوای واژۆكردنی یاداشتی لەیەكتێگەیشتنی نێوان ئەو دوو وڵاتە، پرۆسەكە خێراتركراوە و لەمدواییەدا دەزگا ئەمنییەكانی سوید لیستێكیان ئامادەكردووە كە لە10 ئەندامی پەكەكە پێكهاتووە بۆئەوەی دەستگیریان بكاتو ڕادەستی ئەنقەرەی بكەنەوە.
دەزگاكانی ڕاگەیاندنی سوید ئاشكرایانكرد، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان سویدو توركیا كە مانگی ڕابردوو واژۆی لەسەركرا، حكومەتی سوید چوار هاوڵاتی توركیا كە ڕەگەزنامەی سویدیان هەبووە، ڕادەستی ئەنقەرە كردۆتەوە"ئەو چوار كەسەی ڕادەستی توركیا كراونەتەوە، كەسانی سیاسی نەبوون، بەڵكو ئەوكەسانە تۆمەتباربوون بەئەنجامدانی چەندین تاوان لەتوركیا پێشئەوەی وڵاتەكەیان بەرەو سوید جێبهێڵن".
دوێنی ئامینە كاكە باوە پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی سوید ڕایگەیاند، بەدواداچوونی كردووە كە حكومەتی سوید چوار كەسی ڕادەستی توركیا كردوەتەوە، بەڵام دیارنییە هەموویان كوردن یان نا، بەڵام یەكێك لەو چواركەسە توركە.
هەروەها ئامینە كاكە باوە بەڵێنی داوە لەوبارەیەوە لەسەر بەدواداچونەكانی بەردەوام بێت.
پاش رێككەوتنی سوید و فینلاند لەگەڵ توركیا بۆ ئەندامبوونیان لەهاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی(ناتۆ) حكومەتی سوید رووبەرووی رەخنەی توندی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان بووەتەوە كە سازشی زۆری بۆ توركیا كردووە، بەشێكیان دەڵێن:" سوید هیچ كێشەی نەبووە بوون بەئەندامی لەناتۆ وڵاتەكە تووشی شەڕ و ململانێی سیاسی لەگەڵ روسیاو ئەو وڵاتانە دەكات كە لەگەڵ روسیادان".