حكومەتی هۆڵندا لەسەر دیپۆرتكردنەوەی رۆژنامەنوسێكی لەلایەن پارتیەوە هاتە دەنگ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لەبارەی دۆسیەی دیپۆرتكردنەوەی فریدیریك گیردینك-ی ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندییەوە لەلایەن پارتییەوە هاتە دەنگ و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد پەیوەندیی بە فوئاد حوسێنەوە دەكات.
ئەمڕۆ 14ی تەموزی 2022، ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندا لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردووتەوە كە ئەمڕۆ باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق پەیوەندیی بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە كردووە و قسەیان لەسەر دۆسیەی دیپۆرتكردنەوەی ڕۆژنامەنووسێكی هۆڵەندییەوە كردووە لە هەرێمی كوردستان.
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە و پێویستە ڕۆژنامەنووسان كارئاسانییان بۆ بكرێت، تا بتوانن كارەكانیان لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت و ڕاپەڕێنن و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە گرنگی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی دەكەنەوە.
فریدیریك گیردینك ژنە ڕۆژنامەنوسی هۆڵەندی لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" لە شاری هەولێر دەستگیركرام و بەمەبەستی دەركردنیشیم لە هەرێم لە فڕۆكەخانەی هەولێر هێڵراوەمەتەوە و حكومەتی توركیاش بە هۆكاری دەركردنەكەم دەزانم".
دوێنێ فرێدریك گێردینك، كە ڕۆژنامەوانێكی هۆڵەندیە و ساڵانێكە كار لەسەر پرسی كورد و كوردستان دەكات لە كاتیكدا دەیویست لە هەولێرەوە بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پارتی دەستگیركرا و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە.