جۆبایدن پەیامێك دەداتە هەرێمی كوردستان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوییەوەو جۆبایدن رایگەیاند:" واشنتن پابەندە بە پشتیوانیكردن لە عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەندو و خاوەن سەروەری، هەمان پابەندیش بۆ هەرێمی كوردستان".
لە پەراوێز كۆنگرەی جەددە كە ئەمڕۆ لە سعودیە بەبەشداری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و سەركردەكانی وڵاتانی كەنداو، میسر، ئوردن و عێراق بەڕێوەدەچێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە، هەردولا جەختیان لە پابەندبونی خۆیان بە هاوبەشی بەهێزی دولایەنە لەنێوان واشنتن و بەغدا كردەوە بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی، هەروەها دوپاتیانكردەوە كە پابەندن بە هەماهەنگی هاوبەش لەبواری ئەمنییدا بەجۆرێك گەرەنتی سەرهەڵنەدانەوەی رێكخراوی داعش بكرێت.
هەروەها سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك حكومەتی عێراق جەختیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردوەتەوە بەجۆرێك رەنگدانەوەی خواستی گەل بێت، رێز لە دیموكراسی و سەربەخۆیی عێراق بگیرێت، لەم بارەیەوە جۆ بایدن رایگەیاند:" واشنتن جەخت لەسەر گرنگی ئەو رۆڵە دەكاتەوە كە ئەمریكا لەئەستۆی گرتوە بۆ بەدیهێنانی عێراقێكی ئارام، یەكگرتو، گەشەسەند و خاوەن سەروەری، بە هەرێمی كوردستانیشەوە".
هاوكات لەبارەی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتوە، هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی برەودان بە سیستمی دیموكراسی لە عێراق و بەهێزكردنی توانای سەربازی هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە، جۆ بایدن پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەوڵەكانی عێراق لەبوارەكانی گەڕانەوەی ئاوارەكان، دادگاییكردنی چەكدارانی داعش و ئامادەییشی نیشاندا بۆ هاوكاری زیاتر لەم دۆسییەدا.
" بایدن پێزانینی بۆ هەوڵە دیپۆماسییەكانی مستەفا كازمی دەربری بۆ هەوڵەكانی لە زیادكردنی ئارامی و باشتركردنی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها باوەڕیانوایە رێككەوتنی بەستنەوەی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو هاوكاری بەغدا دەبێت بۆ ئەوەی كارەبا بە نرخێكی كەمتر بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات"، لەراگەیەندراوەكەدا وا هاتووە.
جۆ بایدن جەختی لە پابەندی رۆڵی وڵاتەكەی كردوەتەوە بۆ بونیادنانی ئابوری عێراق و فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی، بەجۆرێك ئابوری عێراق بە سیستمی ئابوری جیهان ببەسترێتەوە و بتوانێت پێداویستییەكانی هاوڵاتیانی دابین بكات، هەروەها هەردو سەرۆك جەختیان لە گرنگی روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و دوبارە بونیادنانەوەی متمانە لەناو دەزگاكانی عێراق كردەوە، لەگەڵ پشتیوانی لە گەشەسەندنی ئابوری، چارەسەری كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا، ئاسایشی ئاو و هاوكاری دولایەنە لەبواری چاكسازی ئابوری.
سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی كازمی كردوە بۆ نزیكردنەوەی ئێران و سعودیە لەیەكتری و ئەنجامدانی گفتوگۆی وەفدی هەردوو وڵات لە بەغدا.