كابینەی نۆیەم كوردستانی كردووەتە دۆزەخ بۆ رۆژنامەنووسان

نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنووس بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

رۆژنامەنوسێكی كورد كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی (سی پی جەی) ئەوە دەخاتەڕوو كە  كابینەی نۆیەم كە بەشێوەیەكی داپڵۆسێنەرانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەكات، دەڵێت:» تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی ساڵانی رابردوو كە رەخنەیان لە پارتەكانی دەسەڵات گرتووە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین لە قۆناغێكی مەترسیدایە».

نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنووس لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، دەشڵێت:»هەرێمی كوردستان وەكو عێراق جەهەنەمێكە بۆ رۆژنامەنووسان، بێگومان بۆ ئەوەی هەرێمێك یان وڵاتێك ناوبنێیت جەهەنم كۆمەڵێك پێوەرت هەیە ئەو پێوەرانەش تەواوی ماددەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی پێشێل دەكەن و ئەوپێوەرانەی كە ماددەی 38ی دەستووی عێراقی پێشێل دەكەن».

هاوڵاتی: ئەو خەڵاتەی كە سی پی جەی بۆ بەڕێزتان دیاریكراوە لەسەر چ بنەمایەك بووە؟

نیاز عەبدوڵا: خەڵاتەكەی سی پی جەی خەڵاتی رۆژنامەوانی ئازادی نێودەوڵەتی یەكێكە لەو خەڵاتە ساڵانانەی كە رێكخراوەكە لەسەر ئاستی جیهان بەرۆژنامەنووسانی دەبەخشێت، خۆشیان بەشێوەیەكی فەرمی رایانگەیاندووە بنەمای دیاریكردنی ئێمە بۆ پێبەخشینی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییە كارەكانی رابردوومانە بەتایبەت كاركردنمان لەسەر دۆسیەی ئاشكراكردنی دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

هەروەها چوارچێوەی بەرگریكردن لەپرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین بەتایبەت ئەوان ئاماژەیان كردووە بە بەشێكی كارەكانی وەك لەسەر پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان، ئەوان ئامانجیانە لەرێی پێبەخشینی ئەم خەڵاتەوە هەمیشە تیشك بخەنە سەر ئەو رۆژنامەنووسانەی كە ساڵانێكە رووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگی گەورە بوونەوە بەڵام هەرگیز سازشیان نەكردووە و پاشەكشەیان نەكردووە لەوتنی راستییەكان.

هاوڵاتی: ئێوە 19 ساڵ كاری رۆژنامەنووسیتان كردووە تاچەند ئەوە پەیوەندی بەو خەڵاتەوە هەیە؟

نیاز عەبدوڵا: بەدڵنیاییەوە ئەزموونی كاركردن لەلایەك و ئەو كوالێتییەی كە رۆژنامەنووس لەلایەك لەمەیدانەكەی خۆی بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەئەنجامی دەگەیەنێت كوالێتی كاركردنەكەی بابەتێكی دیكەی پێبەخشینەكەیە، هەموو ئەو پێوەرانەی كۆمیتەی بەرگریكردن لەڕۆژنامەنووسان رایگەیاندووە پرەنسیپی زۆر روونن، چونكە یەكێك لەڕۆڵە هەرە گرنگەكانی میدیا چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانەو لەناو دەسەڵاتەكانیش ئەوەی رۆژنامەنووس ئەنجامی دەگەیەنێـت ئاشكراكردنی زانیاریەكانەو قسەكردنە لەسەر دۆخی راستەقینەی ئەو بارودۆخەی هەر وڵاتێك و ئەو تەنگەژانەی پێیدا تێپەڕ دەبێـت.

ئەوان زۆر بەڕوونی ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە ئێمە بەدرێژایی ماوەی رابردوو رووماڵی رووداوە گەرمەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە و تەنانەت هەڵوێستمان هەبووە لەسەر زۆر پرس لەسەر پێشێلكاری و ئەو بارودۆخانەی رۆژنامەنووسان پێیدا تێپەڕین و تەنانەت ئەوان نموونەی زیندانییەكانی هەرێمی كوردستانیان هێناوەتەوە.

هاوڵاتی: وەك دەزانن لەهەرێمی كوردستاندا بەتایبەت لەدوای كابینەی نۆیەم و بابەتی ئازادی رادەربڕین لەدهۆك و هەولێر بەشێك لە رۆژنامەنووسان بەتۆمەتی جیاواز دەستگیركران و بەڕێزتان لە نزیكەوە ئاگاداری كەیسەكەن، پێتوایە بارودۆخی رۆژنامەوانان لەهەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟ باشە یان خراپە؟ چی بكرێت تا بارودۆخەكە باشتر ببێت؟

نیاز عەبدوڵا: یەكێك لەو كێشە گەورانەی كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێـت ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی پێداچوونەوە بكات بەو رەخنانەی كە لە راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ئاڕاستەی كرابوو، هەرێمی كوردستان كەوتە دووڕیانی ئەوەی كە رێگەیەك هەڵبژێرێـت پێچەوانەی هەر ئاڕاستەیەكی باشبوونەوە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بێـت بەتایبەت دۆسیەكانی ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانی، بۆیە ئەوەی ئێستا پەیوەندی بەبارودۆخی كاری رۆژنامەوانی هەیە دەكرێت بڵێـین هەرێمی كوردستان وەكو عێراق جەهەنەمێكە بۆ رۆژنامەنووسان، بێگومان بۆ ئەوەی هەرێمێك یان وڵاتێك ناوبنێیت جەهەنم كۆمەڵێك پێوەرت هەیە ئەو پێوەرانەش تەواوی ماددەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی پێشێل دەكەن و ئەوپێوەرانەی كە ماددەی 38ی دەستووی عێراقی پێشێل دەكەن.

ئەوانەی كە یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان و یاسای بەدەستهێنانی زانیاری پیشێل دەكەن و ئەوانەی كە هیچ بەهایەكیان بۆ گەیاندنی راستی نەهێشتۆتەوە لەبەرامبەر وتنی هەر راستیەكدا رۆژنامەنووس رووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوەو ئاماری پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان بەدرێژایی ماوەی رابردوو لەهەرێمی كوردستانداو ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لەدە ساڵی رابردوودا بۆ نموونە لەساڵی 2008-2018 ئاماژە بەزیاتر لەهەزار و 400 رۆژنامەنووس دەكات كە رووبەڕووی پێشێلكاری جۆراوجۆر بوونەتەوە ئامارەكانیش روو لەزیادبوونن.

هەروەها دەربازبوون لە سزا بووەتە سیمای حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كابینەی نۆیەم كە بەشێوەیەكی داپڵۆسێنەرانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەكات تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی ساڵانی رابردوو كە رەخنەیان لەپارتەكانی دەسەڵات گرتووە ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبینین لەقۆناغێكی مەترسیدایە، لەساڵانی رابردوو كەموكوڕی و پێشێلكاری هەبوو، بەڵام كاتێك راپۆرتێك دەكرا یان رای گشتی دەجوڵێنرا جۆرێك كاریگەری هەبوو لەسەر وەستاندنی ئەو پێشێلكاریە  بۆ نموونە، دۆسیەی زیندانیانی بادینان وەربگرین تەواوی ئەو پێشێلكاریانە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ناڕەزایەتیانەی كە هەبوون نەبوونە مایەی ئەوەی پارتی سیاسی دەستبەرداری دەستتێوەردان بێت لەكاروباری دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئێستا هەرێمی كوردستان لەخراپترین بارودۆخیدایە لە مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووساندا.

هاوڵاتی: زۆرجار بەرپرسان یان نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكی ئێوەیان بینیوە، بەشێوەیەكی گشتی ئەوان بۆچوونیان لەسەر ئازادی رادەربڕین لەهەرێمی كوردستان باش بووە یان خراپ؟ بەتایبەت دوای دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی بادینان؟

نیاز عەبدوڵا: هەمیشە پەیامی وڵاتان پشتگیریكردن بووە لەئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنووسان و بەدڵنیاییەوە لەناو ئەو هەموو بەرپرسانە و پێشتریش چەندینجار لەبارەیەوە نووسیوەو پەیامبەرێكیان بینیوە كە ئاگاداری بارودۆخی هەرێمی كوردستانن لەوەی كە چی ئەگوزەرێت و كۆبوونەووەیان هەبووە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم باسی رەوشی ئازادی رادەربڕینیان كردووە و ئەمان لەبەرامبەردا نموونەكانی پێشێلكاریەكانیان پێوتوون و جەختیان كردۆتەوە لەوەی كە رۆژنامەنووسان لەهەرێمی كوردستان پارێزراوبن و بێگومان رەخنەیان لەبەرپرسانی هەرێم گرتووە.

هاوڵاتی: لەهەرێمی كوردستاندا سەندیكای رۆژنامەنووسانمان هەیە و سەنتەری میترۆمان هەیە بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، پێتانوایە ئەمانە رۆڵ و كاریگەریان نەبووە؟

نیاز عەبدوڵا: جۆرێك لە ئیزدیواجیەت هەیە لەكاری ئەم رێكخراوانەدا هەرچەندە خۆم یەكێك لەدامەزرێنەرانی سەنتەری میترۆ بووم، بەڵام پێویستە ئیزدیواجیەت نەبێـت و ناكرێت باسی راپۆرتەكان بكەیت و دۆسیەكانت ئاشكرابكەیت و نیشانی بەرپرسانی سیاسی بدەیت بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی خۆیان لەتاواندا تێوەگلاون و لەدوایین ساڵدا ئەو كەسەی لەدۆسیەی كامەران نەجمدا تێوەگلاوە دێت باسی دیموكراسی دەكات كە بەرپرسێكە پێویستە لەبەردەم دادگادا بێت كە بۆچی كامەران نەجمی بەبرینداری جێهێشتووە تا بەبرینداری بكەوێتە دەست رێكخراوێكی تیرۆریستی و چەندین بەرپرسی دیكە پێشینەی پێشێلكاریان بەرامبەر رۆژنامەنووسان هەیە.

رێزم بۆ سەندیكای رۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆو تەواوی رێكخراوەكانی تر كەكاری تۆماركردنی پێشێلكاریەكان دەكەن و هەوڵدەدەن ئەم ئامارانە بەردەست بن كە زۆر گرنگن، بەڵام چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامی ئەم راپۆرتانە زۆر گرنگەو ئەم موجامەلە زیادانەی كە هەیە لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبی بە راستی نیەت باشیەكی زۆر دەرناخات و بەداخەوە لەهەندێ شوێندا گەیشتۆتە ئەوە كە بازرگانی بەخوێن و گۆشتی ئەو رۆژنامەنووسانەوە دەكەن.

بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە سەنتەری میترۆو سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە هەیە هەنگاوێكی گرنگە كە ئەوان هەڵئەدەستن بەتۆماركردنی تەواوی ئەو پێشێلكاریانە.

ساڵانێك حكومەتی هەرێم هەوڵی دەدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت لەبەرامبەر راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا هەر بۆ ئەو مەبەستەش دیندار زێباری و ئۆفیسەكەی بۆ ئەم مەبەستە دانا كە هەمیشە ئەستۆپاكی حكومەتی هەرێم بسەلمێنێت لەبەرامبەر ئەو راپۆرتانەی ئەخرانەڕوو لەو پێشێلكاریانەی كە هەبوون.

هاوڵاتی: بەڕێزتان ئاگادارن سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێكی زۆر لەدەزگا میدیاییەكان و بەشێك لە میدیاكاران كە كەناڵی سەربەخۆ و میدیای ئەهلیان هەیە بەشداربوون، پێتانوایە ئەمە كارێكی باش بوو كە سەرۆكی حكومەت كردوویەتی؟ ئایا میدیاكاران توانیان پەیامی میدیایی و رۆژنامەوانی بگەیەننە سەرۆكی حكومەت لەسەر پێشێلكاریەكان و ناڕەزایەتی خەڵك و نادادپەروەری و پێشێلكردنی یاسا؟

نیاز عەبدوڵا: هەمیشە گفتوگۆكردن خاڵێكی ئەرێنییەو ئەو خاڵەیە بەردەوام جەختی لێدەكەینەوەو دەڵێین پێویستە كێشەكان بە دیالۆگ و گفتوگۆی راشكاوانە چارەسەر بكرێن، بەڵام پێموایە نیەت پاكیەكی راست لەپشت ئەم كۆبوونەوەیەوە نەبوو لەنێوان سەرۆكی حكومەت و رۆژنامەنووسان لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت ماوەیەكی زۆرە پێویستی بە كۆبوونەوەیەكی هاوشێوە هەبوو كە نیشانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات كە ئەو چۆن كەسێكی ئازادیخوازەو باوەڕی بە دیموكراسی هەیە خۆی لەگەڵ رۆژنامەنووسان دادەنیشێت و هەرچیان هەیە راستەوخۆ بیڵێن و گوێیان لێدەگرێت، بۆ ئەم بابەتەش ماوەیەكە بەشێكی رێكخراوەكان كە بەشێكن لەدەسەڵات  ئەم كۆبوونەوەیەیان رێكخستبوو و باس لەنیازباشی دەكەن.

بەڵام دەرئەنجامەكەی بەو شێوەیە نەبووەو بەتایبەت رووی دەمم لەو دەزگا میدیایانەیە كە بەمیدیای سەربەخۆو ئەهلی ئەژمار ئەكرێت، پێموابوو ئەو وتارانەی دەبوو بگەن تیرۆركردنی شەهید سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی، عبدوستار  شەریف و تەواوی ئەو رۆژنامەنووسانەی دیكە،  بەڵام ئەو دەرئەنجامەی كە بینیمان بەتایبەت كەمن رووی دەمم لەو دەزگا رۆژنامەوانیانەیە كە هەژمارن لەسەر میدیای ئەهلی و سەربەخۆ لەهەرێمی كوردستان بۆیە پێموابوو ئەو وتارانەی كە پێویست بوو بگەن لەسەر تیرۆری رۆژنامەنوسان بووایە، تەنانەت دۆسیەی زیندانیانی بادینان و ئەو ئەشكەنجەیەی رووبەڕووی بوونەتەوە كەمترین باسی لێوەكراوە، زۆرترین وتاری پۆپۆلیستی سیاسی پەیوەست بەدۆسیەكانی نەوت و غازو ئەو بابەتانە خرانەڕوو لەكاتێكدا ئەو دانیشتنە بەپێی ئەوەی لەسەرەتاو كۆتاییشدا اگەیەندرا پەیوەست بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی رۆژنامەنووسان ئەنجام نەدرا.

هەندێك پرسیار هەیە لەلای من بەهەڵواسراوی ماوەتەوە رۆژانێك ئێمە دۆسیەمان هەبوو لەگەڵ بەشێك لەو رۆژنامەنووسانە كە نامەوێت ناوی هیچ یەكێكیان بێنم هەموومان فەرمانی گرتنمان هەبوو، بەڵام ئەوانەی لەهەولێر بووین رووبەڕووی دادگایی كردن و ئەزیەت و هەڕەشەیەكی زۆر بووینەوە ئێستا ئێمە هەمان ئەو كەسانە دەبینین لەگەڵ هەمان پارتی سیاسی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركردبوو گفتوگۆ دەكەن، ئەم دانیشتنانە هەندێك راستی تر ئاشكرا دەكات كە ئایا ئەو دەزگا راگەیاندنانە بەو رادەیە تێوەگلاون كە بەهۆی نزیكیانەوە جۆرێك لیخۆشبوون بۆ ئەوان بكرێت، بەڵام یەكێكی دیكە كە هیچ نزیكیەكیان نییە لەدەسەڵاتەوە دەبێت زیاتر رووبەڕووی هەڕەشە ببنەوە، ئەمە كۆمەڵێك پرسیارە لەداهاتوو وەڵامەكەی باشتر وەردەگرین.

هاوڵاتی: میدیاكار چی بكات بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت بەبێ ترس تا لەهەرێمی كوردستان پەیامی خۆی بگەیەنێت بەخەڵك؟

نیاز عەبدوڵا: بەرلەوەی وەڵامی بدەمەوە دەكرێت بڵێم یاسای ژمارە 13ی ساڵی 1993 ی پارتە سیاسییەكان دەرفەتی داوە پارتە سیاسیەكان خاوەنی كەناڵ بن، بەڵام ئەوەی ئێستا بەشێك لەپارتە سیاسییەكان مەترسیدارترە لەهەركارێك كە خودی كۆمەڵگا بخاتە مەترسییەوە چونكە هەندێك پروپاگەندە دەكرێت لەگەڵ شێواندنی بابەتەكان، یەكێك لەو هەنگاوانەی رۆژنامەنوس دەبێت بیكات دووركەوتنەوەیە لەكەناڵی حزبی، راستە دەرفەت زۆر كەم ماوە، هاوڵاتی  كە شانازی پێوە دەكەم و ئەو شوێنانەی ئێمە كارمان لێكردوون دەوڵەمەند نەبوون، بەڵام لەبەرئەوەی بڕوامان پێی هەبوو بەردەوام بووین، زۆر گرنگە رۆژنامەنووسان تێونەگلێن لەململانێی حزبی و راستیەكان یەكلایی بكاتەوە و رۆڵ ببینێت و بزانێت چۆن بەپارێزراوی دەمێنێتەوە.

گرنگیشە شارەزا بن لەیاساكانی  هەرێمی كوردستان جگە لەوەش رۆژنامەنووس نابێت ئامرازێكی شەڕكردن بێت بەدەست هیچ پارتێكی سیاسییەوە یاخود دەزگایەكی سیخوڕی لەهەر شوێنێك بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار