تەندروستی جیهانی باری نائاسایی راگەیاند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
بڵاوبونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون وای لە تەندروستی جیهانی كردووە كە باری نائاسایی رابگەیەنێت، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئاشكرای كرد: " پەتایەكە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن".
تائێستا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون لەزیاتر لە 75 وڵاتدا تۆماركراوە، لەئەفریقاش پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022، تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند:"بڵاوبونەوەی خێرای پەتای ئاوڵەی مەیمون حاڵەتێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی هێناوەتە ئاراوە كە لەبەرزترین ئاستی ئاگاداركردنەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیدایە".

هەروەها راشیگەیاند:"ناونیشانە نوێیەكەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (PHEIC) تەندروستی گشتی بۆ نیگەرانی نێودەوڵەتی لەناكاو بۆ دەستپێكردنی وەڵامێكی نێودەوڵەتی گونجاو داڕێژراوەو دەتوانێت بودجە دابینبكات بۆ هاوكاریكردن لەهاوبەشیكردنی ڤاكسین‌و چارەسەرییەكاندا".

لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژنامەنوسانی وت"ئەندامانی لیژنەیەكی پسپۆڕ ڕۆژی پێنجشەممە كۆبونەتەوە بۆ تاووتوێكردنی ڕاسپاردەكان لەسەر بڕیارەكە، بەڵام 9 ئەندامیان دژی بڕیارەكە بوون‌و شەش ئەندامیان لەگەڵ بەیاننامەكەدا بوون".

هاوكات، وتیشی:" هەرچەندە باری نائاسایی تەندروستی گشتیی ڕادەگەیەنم كە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتییە، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە پەتایەكە كە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی چەندین هاوبەشی سێكسیان هەیە". لەبارەی مەترسیەكانی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون وتویەتی:"لەڕێگەی بەركەوتنی نزیكەوە بڵاودەبێتەوەو ئەگەری ئەوەشی هەیە ببێتە هۆی نیشانەكانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزاو برینەكانی پێستی پڕ لەچڵك‌و پیسی - لەئاستی جیهانیدا مامناوەندە، تەنها لەئەوروپا نەبێت كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسییەكەی بەبەرز زانیوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار