ئەمریكا لەبارەی شەهیدبوونی فەرماندەكەی رۆژئاڤا هاتە دەنگ
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی سێ ژنە فەرماندە لە بۆردوومانێكی دەوڵەت توركدا لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە كە" سەلوا ناسراو بە( ژیان) فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو"
ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022 فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتووە:" سەلوا ناسراو بە (ژیان) لەناو هێزەكانی هەسەدە-دا فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو، كە توانیی پێشڕەویی هێزەكان بكات لە شەڕی دژ بە داعش و لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆژیی شەڕەنگێزە".
ڕۆژی 22ی تەمموزی 2022 ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین، لە بۆردوومانێكی دەوڵەتی توركدا لە نێوان قامیشلۆ-تەربەسپی شەهیدبوون.
ئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی لە تویتەری خۆی لەبارەی شەهیدبوونی ئەو سێ فەرماندەیەوە بڵاوكردەوە و جەختیكردەوەكە" پێویستە هاوپەیمانان هەوڵێكی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، بێدەنگ نابین و تۆڵەی شەهیدەكانمان دەكەینەوە".