فوئاد حسێن لە ئەنجومەنی ئاسایش: داوا دەكەین توركیا خاكی عێراق جێبهێڵێت 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی  لە شاری نیویۆرك سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا، رایگەیاند: "توركیا هێرشەكەی بۆ سەر ناوچە گەشتیاریەكەی دهۆك ئەنجامداوەو توركیا ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق ناگرێت".
وتیشی: "هەفتەی ڕابردووی هێرشی توركیا بۆ سەر هاوینەهەواری پەرەخی لە پارێزگای دهۆك 9 گەشتیار شەهید بوون و 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "توركیا بەردەوام پێشێلكاری بەرامبەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش  دەكەین بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت".
فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:" داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەروو:" توركیا رێز لە داواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك راست نییە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لە پشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتوشیەتی، "ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كە دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژیی كردووەتە سەر خاكەكەمان."
فوئاد حوسێن داواشیكرد: " لەناو ئەنجومەنی ئاسایش گوشار بكرێت و توركیا ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكانی بهێنێت، و بوونی هێزەكانیشی لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەرێی ئەنجومەنی ئاسایشە بێت بەدەمییەوە".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار