جێنین پلاسخارت: هێرشەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ شۆكهێنەرە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند:" هێرشەكەی توركیا بۆسەر زاخۆ، كە بە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل".
جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند" زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن، ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆی و هەرێمییەكان زیاد دەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە".
دەقی وتارەكەی جنین پلاسخارت:
زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ زۆر سوپاس بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ خستنەڕووی دوایین زانیاری لەسەر هێرشی تراژیدی ئەم دواییەی سەر قەزای زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك كە گیانلەدەستدانی 9 كەسی سڤیل و برینداربوونی 33 كەسی دیكەی لێكەتەوە. لە دوایین وتارم لەبەردەم ئەم ئەنجوومەنە، چونكە ئەمە یەكەمجارم نییە كە تۆپباران و مووشەكباران بخەمەڕوو، هۆشداریمدا كە "ئەمە رێگەیەكی زۆر مەترسیداری بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانە، هەروەها رێگەیەكە كە زیاتر دەوڵەتی عێراق" لاوازدەكات.
تاوەكو ئێستا ئەوەی دەیزانین ئەمەیە:
دوای نیوەڕۆی 20ـی تەممووز، پێنج گولە تۆپ بەر هاوینەهەواری پەرەخ كەوتن. هاوینەهەوارەكە شوێنێكی گەشتیاریی ناسراوە. هەروەكو لەم كاتەی ساڵدا پێشبینی دەكرێت، لە گەشتیاران جمەی دەهات و منداڵیش لەوێ بوون.
یەكەم تۆپباران بەر تەپۆڵكەیەك كەوت كە بەسەر پەرخەدا دەڕوانێت، بەڵام تۆپبارانی دووەم ناوجەرگەی هاوینەهەوارەكەی كردە ئامانج، هەروەكو وتم، 9 كەسی كوشت كە لەنێویاندا سێ منداڵ هەبوون، یەكێكیان منداڵێكی یەك ساڵان بوو؛ 33 كەسی دیكەی برینداركرد. 11 لە بریندارەكان نەشتەرگەریان بۆ كراوە و باری تەندروستی سێیان ناجێگیرە.
راستەوخۆ دوای هێرشەكە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لیژنەیەكی پێكهێنا. هەر لە هەمان رۆژ، لیژنەكە سەردانی شوێنی هێرشەكەی كرد بۆ ئەوەی شوێنەكە بەچاوی خۆی ببینێت، بەڵگە كۆبكاتەوە و قسە لەگەڵ شایەتحاڵ و خەڵكی ئەوێ بكات.
پشتئەستوور بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی كۆكرانەوە، حكومەتی عێراق بە روونترین شێوە رووداوە تراژیدییەكەی خستە ئۆباڵی هێزە چەكدارییەكانی توركیا. لە هەمان كاتدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە "توركیا دژی هەر جۆرە هێرشێكی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیلە و ئامادەشە هەموو هەنگاوێك بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان بگرێتەبەر" و داوای كرد "لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق تاوەكو هیچ راگەیێندراوێك لەژێر هەژموونی قسە و باس و پڕوپاگەندەی رێكخراوی تیرۆریستی بڵاونەكاتەوە و هەروەها هاوئاهەنگی بكات لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو رووداوە تراژیدییە."
رۆژی دواتر، لە رێگەی تۆڕەكۆمەڵاتییەكانەوە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا رایگەیاند: "هاوخەمی بۆ برا عێراقییەكانمان دەردەبڕین كە لەسەردەستی رێكخراوی پەكەكەی تیرۆرست شەهیدكران."
لە هەمان كاتدا، هەر لە 20ـی تەممووز، باڵی سەربازیی پەكەكە راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەتیكردەوە لەو شوێنانە پێگەیان هەبووبێ و توركیای بە هێرشەكە تۆمەتباركرد.
بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە وەڵامی ئەو هێرشە تراژیدییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە هەمان رۆژدا ئەنجامدا. ئەنجوومەنەكە بە تووندی سەركۆنەی كرد و گوتی: "هێرشی دڕندانەی توركیا"، هەروەها رەتیكردەوە خاكی عێراق وەكو بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و "یەكلاكردنەوەی ململانێكان بەكاربهێندرێت."
لە راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی دەرەوە راسپێردرا راپۆرتێك لەبارەی "هێرشە دووبارەبووەكانی توركیا" بۆسەر عێراق ئامادەبكات و هەروەها باڵیۆزی توركیا بانگهێشتبكات و باڵیۆزی عێراقیش لە ئەنقەرە بانگبكاتەوە، بێ ئەوەی باڵیۆزێكی نوێ بنێردرێتە توركیا. وەزارەتی كاروباری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەت"لە باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی وەڵامی دەبێت،" لەنێویاندا لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە 21ـی تەممووز، سەركردەكانی عێراق لە هەموو پێكهاتەیەكی سیاسی كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدا و راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و سەركۆنەی "هێرشی توركیایان" كرد و "پشتگیرییان بۆ رێوشوێنی بەرزكردنەوەی سكاڵا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربڕی."
لە 23ـی تەممووز، سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەدوای كۆبوونەوەكە، هەردوولا "سەركۆنەی تووندی هێرشەكانی توركیایان لەنێو خاكی عێراق" كرد.
لە 23ـی تەممووز، ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو رووداوە، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سوپاسالار و هەروەها جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان. لە وتارەكەی لە بەردەم پەرلەمان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە لە 2018وە 22700 پێشێلكاری توركیا دژی سەروەریی عێراق تۆماركراون؛ ئەو ئاماژەی بەوەش دا كە لە 2018ەوە وەزارەتی دەرەوە 296 یاداشتنامەی ناڕەزایی دژی "دەستوەردانی" توركیا پێشكەشكردووە. لە ماوەی كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێشنیازیكرد هێزەكانی پەكەكە لە عێراق دەربكرێن، تەواوی هێزەكانی توركیا بكشێنەوە، هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ توركیا بڵاوبكرێتەوە، رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەكانی [عێراق] بەهێزبكرێت.
لێرەوە، لەكاتێكدا هیچ كەسێك حەزی بە هەڵچوونی زیاتر نییە، عێراق داوادەكات توركیا لەتەواوی خاكی عێراق بكشێتەوە و دوای لێكۆڵینەوەیەكیش دەكات.
بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم هێرشە قێزەونە بۆ سەر ئەم شوێنە ناسراوە كە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل و هەروەها بۆ ستانداردە قبووڵكراوەكانی نێودەوڵەتی پەیوەست بە یاسا مرۆییەكان و هەروەها مافەكانی مرۆڤ. لەكاتێكدا هەموو لایەنەكانی بەشدار لە هەر پێكدادانێك پێویستە هەموو رێوشوێنێكی كردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانگەیاندن بە خەڵكی سڤیل لە هەموو كاتەكاندا بەدووربگرن، لەو هێرشەدا ئەمە لەبەرچاو نەگیرا.
لە گفتوگۆكانی دوێنێمدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەو جارێكی دیكە جەختی لە گرنگی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و تێروتەسەل كردەوە كە سەربەخۆیانە بێت و بە هاوبەشی بێت. ئەو وتی گرنگە كە كۆتایی بە گومانەكان و رەتكردنەوەكان، هەروەها تێنەگەیشتن و هەڵچوونی گرژییەكان بهێنین. لە هەمان كاتدا، من لەوە تێدەگەم كە توركیاش ئامادەیە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق پرسەكە یەكلابكەنەوە تاوەكو بزانن رێك چی روویدا.
بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەكو چەندین جار لە ساڵانی رابردوو وتوومە، عێراق وەك مافی خۆی رەتیدەكاتەوە وەكو گۆڕەپانێك بۆ ململانێ دەرەكی و هەرێمییەكان سەیربكرێت، بكرێتە گۆڕەپانێك كە تێیدا وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێكی دیكە، بەشێوەیەكی رۆتینی و بەپارێزبەندییەوە پێشێلی سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی بكەن.
لەڕاستیدا، زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەكان زیاددەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.