لۆزان؛ رێككەوتننامە شوومەكە 99 ساڵی تێپەڕاند

2 ساڵ لەمەوپێش



 

سەركۆ جەمال

 

لەشاری لۆزانی سویسرا 99 ساڵ لەمەوبەر 12 وڵات رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا، كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان بەرنامەو پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەساڵی داهاتوودا ئەو رێكەوتنە شوومە هەڵبوەشێنرێتەوە.

رێكەوتنی سیڤەر لە 10ی ئابی 1920 واژۆكرابوو كە بەفەرمی كوردیان وەك نەتەوە ناساند، بەڵام لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 كۆنگرەی لۆزان لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، سلۆڤینیا، سربیاو توركیا بەڕێوەچوو، جگە لەوەش وڵاتانی ئۆكرانیا و جۆرجیا و بولگاریا ئەندامی بەشداربووی كۆنگرەكە بوون.

لەسەر پێشنیاری توركیا، لە 23ی نیسانی 1923دا، قۆناغی دووەمی كۆنگرەی لۆزان دەستی پێكرد، لەدانیشتنی دووەمی كۆنگرەكەدا گفتوگۆكان لەسەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوون، لەئەنجامدا  لە 24ی تەمموزی 1923 پەیمانی لوزان لەقەڵای ئۆشی «قەڵای مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی 13» لەلۆزانی سویسرا واژۆكرا لەنێوان شاندی توركیاو وڵاتانی هاوپەیمان.

رێككەوتننامەی لۆزان 99 ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووەو بەو هۆیەوە پرۆسەی جینۆسایدو لەناوبردنی كورد دەستیپێكردو وڵاتانیش چاویان لەسیاسەتەكانی كوشتنی كورد داخست.

بەوتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ، ئێستا نەیارانی كورد تەكنیك و مامەڵەیان گۆڕاوە بەرامبەر كورد

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» هەتا مەسەلەی كورد چارەسەر نەكرێت لەهەر پارچەیەك بەتایبەتمەندی خۆی و مافی چارەنووسی خۆی پیادە نەكات دەسكەوتەكانی هەر دەڵەمە دەبن و هەڕەشەی جۆراوجۆر هەر دەمێنێت».

هەروەها ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو:»توركیاو غەیری توركیاش خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە، بەڵام زەحمەتە لۆزان ناونیشانی هەنگاوی داهاتوویان بێت، ئەم لۆزان و مۆزانانە بۆ ئەوان هەر دەسكەلایە بۆ هەژموون لای نەیارانی مەسەلەی كورد ناوەرۆكی هەژموون گرنگترە لەناوەكانی».

هاوكات پێشیوابوو بۆ گەلی كوردیش هیچ چاری نییە، درێژەدان بەخەبات و سەرخستنی ئیرادەی رەوا و مافەكانی حزب و هێزەكان بۆ ئەم دروست بوون ئەگینا جەدوایان چییە؟».

كەسایەتییەكی سیاسی ئیسلامی رێككەوتننامەی لۆزان بە  « وێستگەیەك بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی» ناودەبات

ئەبوبەكر كاروانی كەسایەتی دیاری ئیسلامی و سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»حوكمدانی چوارەمین نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەسەد ساڵ زیندانی لەنێو زیندانی قەوارە دوواكەوتووە نوێیەكانی ناوچەكەدا، لەگەڵ كاری قورس و ئەشكەنجەدان و سوكایەتیپێكردنێكی بەردەوام».

كاروانی  وتیشی:»لۆزان تەنها وێستگەیەكە بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناسیۆنالیزمە سەردەستەكانی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، بەرامبەر رۆڵەكانی ئەم میللەتەو مافەكانیان.»

مامۆستایەكی زانكۆ پێیوابوو دەبێت كورد داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی سیڤەر بكاتەوە.

حەسەن ئەمین شێخانی، مامۆستای زانكۆو توێژەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەڕووی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتی و رێكەوتننامەكاندا، لۆزان 99 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێ واتا   ساڵی 2023 كۆتایی دێت، دەبێ كورد داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر بكات، چونكە بنەماو بنەڕەتی سەرەكیە بۆ رێكەوتننامە گشتیەكانی ناوچەكەداو زامنی پێكەوە ژیان و ئارامی ناوچەكەیە «.

حەسەن ئەمین  ئەوەشی روونكردەوە لە رێكەوتنامەی سیڤەردا لەماددەكانی 62، 63 ، 64 مافی ئەوەی داوە بەكورد كەوا لەڕاپرسیەكدا قەوارەو دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت، وتیشی:» دەوڵەتی عوسمانی كەپایتەختەكەی ئیستانبوڵ بوو واژۆی كردو ئەو مافەی بەگەلی كورد دا، بەڵام رێكەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 ئەتاتورك كە ئەنقەرەی كردبووە پایتەخت، توركە  سیكویلارەكان واژۆیان كردو مافەكانی كوردیان پشتگوێ خست».

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە كورد داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكات بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار