سیاسەتی بازرگانی هەرێم‌و سەرنجێک

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ یونس 

هەرێمی کوردستان، لەدوای ساڵی 2003 ەوە، بازاڕەکانی بەڕووی بەرهەمی جیهانیدا واڵاکرد، یەکێک لەهۆکارەکانی جیهانگیری ئابوری پەیڕەوکرد.

هەرێمی کوردستان، لەپێش 2003ەوە، جۆرێک لەخۆپارێزی ئابوری هەبوو، بەتایبەت لەڕووی بازرگانییەوە، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لەڕێگای باج و رسوماتی گومرگییەوە، سەرەڕای گەمارۆی وڵاتانی دراوسێ و عێڕاق و دوو ئیدارەیی و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان تاڕادەیەک خۆژێنی ئابوری هەبووە، کەمتر پشتی بەهاوردە دەبەست.

لەئێستادا، سیاسەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، پەیڕەوی بازاری ئازادو سەربەستی بازرگانییە، کە لەهەموو بارودۆخێکدا لەبەرژەوەندی ئابوری هەرێم نیە، جگەلەوەی کە بەرهەمهێنانی ناوخۆی هەرێم توانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نییە، ئەگەر هەشبێت، بەرهەمی ناوخۆ ناتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراو بکات، بەناچارییەوە هاوردەی پێداویستییەکان دەکەین، تەرازووی بازرگانی هەرێم لاسەنگەو قەبارەی هاوردەی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و حکومەت دەیان ئەوەندەی هەناردەیە! (بێگومان بەبێ هەناردەی نەوت و غازی سروشتی) هەرێمی کوردستان، لەڕووی سامانی سروشتی و کەرتی کشتوكاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی لەئاستێکی پێوانەیی باشدایە، بەڵام بەهۆی خراپ ئیدارەدان و نەبوونی پلانی زانستی و واقعییەوە، نەتوانراوە سوودی تەواویان لێ وەربگیرێت.

لەلایەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان، لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لەشەش ملیۆن کەس، خۆشبەختانە، رێژەی چینی خاوەن بڕوانامە و کەسانی پسپۆڕ زۆرە، بەڵام بەهۆی دامەزراندنی بێ شوماری دەستی کاری کشتوکاڵی و پیشەسازی (پێش ساڵی ٢٠١٤) لەدامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی ناوخۆو پێشمەرگەو فەرمانگەکانی تردا، دەرئەنجانی ئەم سیاسەتە حزبییە، بەرهەمی کەرتی کشتوکاڵ بەرەو کەمبونەوە رۆیشت، خەڵکی کوردستان بوونە شارنشین و گوندەکان روو لەچۆڵبوون و زەوییەکان بێ جوتیار مانەوە، تا گەشتینە ئەو ئاستەی بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆی هەرێم، تا رێژەی سەروو ٪90 (جگە گەنم) پشت بەهاوردەی دەرەکی دەبەسرێت.  حکومەتی هەرێم، یەک ملیۆن و 295 ههزارو 109 کەس مووچەخۆری هەیە، مانگانە بۆ مووچە، پێویستی بەنزیکەی 895 ملیار دینارە، هاوردەکردن بەڕێژەی زیاتر لە %90 خۆی لەخۆیدا کارەساتەو ئەم رێژەیە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت! بەمانایەکی تر، رێژەیەکی گەورەی داهاتی تاک و خێزان و حکومەت، ڕاستەوخۆ دەچێتە دەرەوە. سیاسەتی بازرگانی هەرێم، بۆ سەرجەم شمەک و کاڵای بەکاربردن و خانووبەرە و کارەبایی و پیشەسازی و هەموو بابەتەکانی تر، کرانەوەیە بەڕووی کەلوپەلی هاوردەکراو لەوڵاتانی ئیقلیمی و جیهانەوە.  هەرچەندە سیاسەتی بازرگانی دەرەکی، ناوەندییەو بەغدا داڕێژەری ئەم لایەنەیە، بڕیارو رێنمایییەکان لەحکومەتی ناوەندییەوە دەردەچن، ئابوری عێراقیش بەدەست ئەم قەیرانە گەورەیەوە گیرۆدەیە، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان، هاوردەی شمەک و کاڵاکان بەڕێژەی (%90) زیاترە .. بۆ ئەوەی ئابوری هەرێم، لەم بارودۆخە بێتەدەرەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوانە بنێت:- * پێداچوونەوە بەسیاسەتی بازرگانی دەرەکی، بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی ئابوری هەرێم و دانیشتوانەکەی بێت، گەڕانەوە بۆ سیاسەتی پاراستنی بازرگانی و بەرهەمی نیشتمانی، باشترین هەنگاوە. *  گرنگی دان بەئاوەدانی گوندەکان و گەڕانەوەی دەستی کار بۆ زەویە کشتوکاڵییەکان، ئەویش بە پێشخستنی ژیانی خەڵکی گوندو هاندانی ماددی و مەعنەوی جوتیاران و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گوند وەک شارەکان. * 

هاووڵاتیانی هەرێم، بەڕێژەیەکی گەورە بەکاربەری بەرخۆرن، بۆ ئەوەی بتوانرێت جارێکی تر، هاونیشتیمانیان بکەونەوە سەر کار، بەگشتی و دەستی کاری کشتوکاڵی بەتایبەتی، زۆر گرنگە پەیڕەوی لەسیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت. *

هاندانی خەڵک بۆ گرنگیدان و بەکاربردنی بەبەرهەمی ناوخۆو دوورکەتنەوە لەبەکارهێنانی بەرهەمی هاوردە، بەتایبەتی بەروبومی کشتوکاڵی. * 

کەمکردنەوەی باج، لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی ناوخۆ، تا بتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی دەرەوە بکات. *

دەرئەنجامی بازاڕی ئازاد، دەیان کێشەو قەیران بەرۆکی ئابوری هەرێم و دانیشتوانەکەی بووەتەوە، وەک هەڵاوسان و بێ بازاڕی لەلایەک، لەلایەکی ترەوە چەندان ئاریشەو کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە. *

لەئێستادا سەرەکیترین کێشەکانی جوتیاران و خاوەن بەرهەمەکان، ساغنەکردنەوەی بەرهەمەکانیانە، هەربۆیە گرنگە پەیڕەوی سیاسەتی پاراستنی بازرگانی بکرێت، رێژەیەکی زۆری جوتیاران بەرهەمەکانیان بۆ ساغ نابێتەوە، بەبەردەوامی لەزەرەرو زیاندان، تەنانەت تێچوونی بەرهەمهێنانیان دەستناکەوێتەوە. *

هەوڵی جددی بدرێت، بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لەبازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق. لەهەمانکاتدا، پێویستە بتر لەبازاڕی دەرەوە بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەوروپاو وڵاتانی کەنداو. *

هۆشیاری ئابوری نەتەوەیی زۆر گرنگە، پێویستە هەوڵی بڵاوکردنەوەی و چەسپاندنی هۆشیاری ئابوری نەتەوەیی بدرێت، بۆئەوەی هیچ نەبێت لەبری کڕینی بەرهەمی هاوردەکراو، بەرهەمی ناوخۆیی بکڕێت، بەگشتی و بەروبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی. *چاودێریکردنی بازاڕ لەڕووی نرخ و کواڵیتی شمەکەکان، زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر شمەکی هاوردەکراوی هاوشێوە، بۆئەوەی نرخی هاوردەکراو بەرزببێتەوە و خواستی لەسەر کەمببێتەوە. *

کردنەوەی کارگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەگشتی و کارگەی رۆن، چونکە لەلایەک زەوی کشتوکاڵی لەبارو گونجاوە و لەهەمانکاتدا بڕی بەرهەمیش زۆرە.  ناکرێت، هەتا کۆتایی حکومەتی هەرێم، خاوەنی سیاسەتی بازرگانی نەبێت، لۆژیک نییە، بۆ هەموو شتێک چاومان لەدەرەوە بێت، تەنانەت بۆ پێداویستییە سەرەتاییەکانی بەکاربردن.  بۆ ئەم هەنگاوە، ئیرادەیەکی نەتەوەیی دەوێت و پێویستمان بەبڕیارێکی سیاسی گشتگیرە، بەپاڵپشتی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاهەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری دەربازی ببێت.

*ئابووریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار