زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری فەرەنسا: شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتی 

١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا دەڵێن:" شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەوروپا دەكات و داوا دەكەن، ئاسمانی باكوری سوریا بە ڕووی توركیادا دابخرێت".

بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لۆرێنس كۆهێن ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە. رایانگەیاند:" دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆكرانیا، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سوود لە بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان و بێدەنگی میدیا نێونەتەوەیەكان وەرگرتوە و پلانی داناوە هێرش بكاتە سەر كورد لە باكوری سوریا".

پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن:" لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی كورد، عەرەب، ئاشووری- كلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیكە پێكەوە دەژین و هەوڵ دەدەن سیستمێكی دیمكرایتك، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن، ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەكۆشن".

پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیركارییەكانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێكانییان بەبیرهێنایەوەو ئاشكرایدەكەن: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلكارییەكانی سوپای تورك بكەن".

ئەو پەرلەمانتارنەی فەرەنسا تەئكیددەكەنەوە: " كە تێكۆشانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"، هەروەك و داوایان لە دەوڵەتانی خۆئاوا و بە تایبەتی حكومەتی پاریس كرد: كە"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەك هەندێك و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێكی تر هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان". 

باس لەوەشدەكەن:" ئێمە لە بیرمان ناچێت، كە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریادا دەستگیركراون، قبوڵكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی ئەردۆغان بۆ داگیركەری لە دژی باكوری سوریا بە واتای ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسییەكی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا".
پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن:" ئێمە وەك پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەكەین و داوا لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەوروپا دەكەین، كە خاوەن هەڵوێست بن".

بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئاسمانی باكوری سوریا و پاراستنی كوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارەی فەرەنسا داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنسا كرد:" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی لە ناوچەكە بگرنە بەر". داواشیانكرد" قەوارە و كیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت".


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار