دۆخی عێراق لەسەر لێواری هەڵدێرانە

ئەگەری روودانی جەنگی ناوخۆیی شیعەكان زیاتردەبێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

چوارشەممەی رابووردوو 27ی تەمموز، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی عێراقەوە ئێوارەیەكی چارەنووسسازبوو، ئەگەری لەناوچوونی پرۆسەكە بەهۆی هێرشی لایەنگرانی رەوتی سەدرەوە بۆ سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لەئارادابوو، هاوكات مەترسی پێكدادانی سەدرییەكان و لایەنگرانی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (كە دووژمنایەتییەكی قووڵی لەگەڵ موقتەدا سەدر هەیە) لەئان و ساتدا بوو، تا دواجار بەتویتێكی سەدر خۆپیشاندەران بڵاوەیان لێكردو بەبێ رژانی هیچ خوێنێك خۆپیشاندانەكە كۆتایی هات، كەچی زۆری نەبرد چەند رۆژ دواتر جارێكی دیكە لایەنگرانی سەدر هێرشیانكردەوە سەر پەرلەمان و ئەمجارە مانگرتنێكی كراوەیان تیادا ئەنجامداو رایانگەیاند ناوچەی سەوز ئازادكراوە.

موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند:» وەك قۆناغی یەكەم شۆڕشی هەڕەمەكیانەی ئاشتیخوازانە ناوچەی سەوزی ئازاد كردو وتیشی:» ئەمە دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لەسیستەمی سیاسی و دەستوورو هەڵبژاردن».

بەبڕوای چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق دیمەنەكە بەو زووییە كۆتایی نایەت بەتایبەت دوای ئەوەی لایەنگرانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)یش رژانە شەقامەكان لەدژی سەدرو هەنگاوەكانی بەكودەتایەكی سپی ناوزەد دەكەن و هەردوو لایەن (سەدرییەكان و هەمئاهەنگی) لەلێدوان و قسەوباسەكانیاندا نیازی چارەسەرییان نییەو بەئاراستەی توندكردنەوەی دۆخەكە هەنگاو دەنێن و ئەم گرفتە تاوەكو یەكلاییبوونەوەی چارەنووسی حكومەتی عێراقی بەردەوام دەبێت و لەم نێوەندەشدا شەقامی عێراقی دەبێتە شوێنی یەكلایكردنەوەی زۆربەی كێشەكان.

لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ روودانی هەر ئاڵۆزی و خۆپیشاندانێكی دیكەی لایەنگرانی سەدر، چاودێران پێیان وایە ئەركی (چوارچێوەی هەمئاهەنگی بەسەركردایەتی نوری مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی) بۆ درووستكردنی حكومەتی نوێ قورستر دەبێت بەتایبەت تادێت ئەو دەنگانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی دیكە لەعێراقدا دەكەن زیاتر دەبێت.

رووداوەكانی عێراق زۆر بەخێرایی روودەدەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە وڵات لەسەر خەتێكی راست رووەو جەنگی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت، ئەمەش هەر ئەوەیە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق لەتۆمارە دەنگیە دزەپێكراوەكانیدا ئاماژەی پێكردو ئاستی بیركردنەوەو دەمارگیری ئەوی خستەڕوو، جگە لەوەی پەیوەستبوونی خۆی بەكۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاشكراكرد.

واپێدەچێت دووكەڵی ئەم جەنگە دەرئەنجامێكی سروشتی ئەو چەقبەستنە سیاسییە بێت كە نزیكەی نۆ مانگە بەردەوامی هەیە، ئەو چەقبەستنەی كە لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە كە لەئۆكتۆبەری پێشووەوە لەسایەی دەسەڵاتی حكومەتەكەی كازمییەوە ئەنجامدراوە دەستیپێكردووە. هەڵبژاردنەكە دەستكەوتێك بوو بۆ حكومەت و خودی كازمی، بەڵام ئەم سەركەوتنە بەهۆی رەتكردنەوەی ئەنجامەكانییەوە لەلایەن ئێرانەوە بووەتە كارەسات بۆ عێراق.

هەرچەندە (چوارچێوەی هەمئاهەنگی) لەدوای كشانەوەی موقتەدا سەدرو دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانی لەپەرلەمان رایانگەیاند: ئیدی چەقبەستنی پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا كۆتایی هات، كەچی تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە رەزامەندی هەمووان بۆ درووستكردنی حكومەتەكەی بەدەستبهێنێت و بەفەرمی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە سوننی و كوردییەكاندا دەستپێنەكردووە بەتایبەت لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر لەگەڵ سەدردا هاوپەیمان بوون، ئەمە جگە لەوەی چوارچێوەی هەمئاهەنگی لەناوخۆشیاندا گرفتیان هەیە.

لەبەرامبەریشدا لایەنە سوننیەكانیش كەخاوەنی 63 كورسی پەرلەمانن ترسیان لەدرووستكردنی حكومەتێكی تاكلایەنە هەیە لەلایەن چوارچێوەی هەمئاهەنگی و داوادەكەن بەر لەدرووستكردنی هەر حكومەتێك ماف و داواكارییەكانیان بەدیبهێنرێت.

لەلایەنی كوردیش هێشتا ناكۆكییەكانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار( یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات) بۆ دانانی پاڵێوراوێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەردەوامەو هەردوولایان نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.

لەئاستە جەماوەرییەكەشدا عێراقییەكان ترسیان لەئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە هەیە بەتایبەت لەشارە شیعەنشینەكاندا ئەویش بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەكان بەڕێككەوتنێكی هاوبەش بۆ درووستكردنی حكومەتێكی نوێ بەتایبەت لەگەڵ یادكردنەوەی یادە ئاینییەكاندا.

لەچەقبەستنە سیاسییە بەردەوامەكەوە كە ماوەی نۆ مانگە بەردەوامی هەیە تا رۆشتنە ناو باڵەخانەی پەرلەمان و مانگرتنی لایەنگرانی سەدر تیایداو رەتكردنەوەی سودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران و شكستهێنانی دۆزینەوەی جێگرەوەیەك لەلایەن لایەنە كوردییەكانەوە بۆ بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار، ناتوانرێت باس لەدۆخێكی سروشتی لەعێراقدا بكرێت، واشدەردەكەوێت هەر هەنگاوێك لەلایەن عێراقییەكانەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی عێراق بەبێ مانا تەماشابكرێت.

ئەمە یەكەمجارە گرفتی سیاسی عێراق بەرەو ئاراستەیەكی نادیار هەنگاو بنێت بەتایبەت لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی 73 پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لەكۆی (329) پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەری عێراق و كشانەوەی موقتەدا سەدر لەپرۆسەی سیاسی، لەساڵی 2006یشەوە ئەمە یەكەمجارە رەوتی سەدر لەدەرەوەی پەرلەمانی عێراقە بەتایبەت لەدوای ئەوەی بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆر ژمارەیەكی زۆر كورسی پەرلەمانی هەبوو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار