روسیا بۆ جەنگی ئۆكرانیا چاوی لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێرانە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
روسیا دەیەوێت فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەئێران بكڕێت، ئەمریكا هۆشداریی داوە ئەگەر مامەڵەی سەربازیی یان گرێبەستێك لەنێوان مۆسكۆو تاران بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدرێت ئەوا سزای زیاتر بەسەر ئەو دوو وڵاتەدا دەسەپێنێت بەتایبەت كە روسیا دەیەوێت ئەو فڕۆكانە لەجەنگی ئۆكرانیا بەكاربهێنێت.
فەرماندە سەربازییەكانی روسیا پێیانوایە ئێران لەدوای دەستپێكردنی جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق لەساڵی 1980 هەنگاوی گرنگی هاویشتوە لەبواری موشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانداو ئەزمونی بەكارهێنانی ئەو فڕۆكانەش، راستییەكەی سەلماندووە بەتایبەت كەئێران بەشێكی بەرچاو لەو فڕۆكانەی بەتەكنەلۆژیای لەبەرگرتنەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا دروستكردووە.
ناوەندی بەرگری لەدیموكراسی ئەمریكا ئاشكرایكردووە: روسیا لەبەرامبەر وەرگرتنی دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە جۆری (خۆكوژ) بەڵێنی رادەستكردنی قەڵغانی دژەموشەكی (ئێس 400)ی بەئێران داوە، بۆیە ئەو سیستمە دەبێتەهۆی ئەوەی تاران بێباكانەتر لەڕابردوو سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە ژێر مەترسییەوە.
ئیسرائیل چەند جارێك ئاشكرایكردووە: فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران لەلایەن گروپە توندڕەوەكانی لوبنان، عێراق، سوریا، یەمەن بەكاردەهێنرێن و تەنانت ئەو فڕۆكانە گەیشتونەتە ڤەنزوێلا كەدەسەڵاتی ئەو وڵاتەش بەهاوپەیمانی تاران ئەژماردەكرێت.
ئێران بەوەشەوە نەوەستاوە لەماوەی رابردودا كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەوڵاتی تاجیكستان كردووەتەوە.
دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریكا لەنوێترین راپۆرتی خۆیاندا بڵاویانكردووەتەوە كە سوپای پاسدارانی ئێران لەقوڵایی زیاتر لە سەد مەتر لەژێر زەوی لەزنجیرە چیاكانی زاگرۆس لەپارێزگای كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شاردووەتەوە.
ئێران لە 40 ساڵی رابردوودا بەهۆی سزا توندەكانی ئەمریكا نەیتوانیوە سود لەتەكنەلۆژیای نوێی فڕۆكەی جەنگیی وەرگرێت بەتایبەت كە ئەو وڵاتە لەڕابردودا پێش 1979 خاوەنی زۆرترین فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتووی ئەمریكا بووەو هەر شارەزایانی و پسپۆڕانی ئەمریكیش هێزە ئاسمانییەكانی ئێرانیان بەڕێوەبردووە بۆیە هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی نەبوونی فڕۆكەی جەنگیی پێشكەوتوو پەنایان بۆ پێشخستن و زیادكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بردووە.
ئەزمونی ئێران بۆ لەبەرگرتنەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا
ئێران لە 32 ساڵی رابردودا بەهەموو توانایەوە هەوڵی گەشەی پیشەسازیی دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی داوە و لەهەموو ئەو ماوەیەدا بەسودوەرگرتن لەتەكنیكی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی ئەمریكاو ئیسرائیل كە لە خاكی وڵاتەكەیدا دەستیان بەسەردا گیراوە توانیویەتی ببێتە جەمسەرێك لەو بوارەدا.
گۆڤاری (فۆربێس)ی ئەمریكا بڵاویكردوەتەوە: روسیا لەئێرانەوە فێربووە كە لە هێرشەكانی دژی ئۆكرانیا فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی (خۆكوژ) یان (سەرگەردان) بهێنێت.
روسیا بۆ تێكشکاندنی سیستمی دژەموشەكیی جۆری (هیمارس ئێم 142)ی ئەمریكا لەئۆكرانیا دەیەوێت سود لەفڕۆكە خۆكوژەكانی ئێران لەجۆری (قاسف 1) و (قاسف 2)و (ئەبابیل) وەرگرێت چونكە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە پێشتر لەساڵی 2019 توانیویانە سیستمە دژە موشەكییەكی ئەمریكا لەسعودیە بكەنە ئامانج و زیانیكی گەورە بەدامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ بگەیەنن.
ساڵی 2019 دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆ لەلایەن حوسییەكانی یەمەن بە 12 فڕۆكەی خۆكوژو دروستكراوی ئێران كرایە ئامانج كە بووەی هۆی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لەنزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل.
فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە نێوان ئەمریكاو ئێران
ساڵی 2007 ئەمریكا بەنمایشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لۆكهیدی مارتی ئاركیو 170 (Lockheed Martin RQ-170 Sentinel) یەكێك لەگرنگرترین ئامێرەكانی هەواڵگریی و مەترسیداری ئەوكاتی جیهانی پیشاندا ئەو فڕۆكەیە لەساڵی 2011 لەئێران كەوتە خوارە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بە بۆدیەكەی بگات.
فەرماندە سەربازییەكانی ئێران بەنمایشی دەستبەسەرداگرتنی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی ئەمریكا رایانگەیاند: فڕۆكەكە لەڕێگەی سیستمی ئاسمانی و لە ئۆپەراسیۆنێكی ئاڵۆزی تەكنەلۆژیی ئەلیكترۆنیدا لە ئاسمانی ئێران كۆنتڕۆڵكراوە و بە بێ ئەوەی زیانی پێبگات كەوتووەتە دەست سوپای پاسداران.
دوای 10 ساڵ لە رووداوەكە، ئێران ژمارەیەك لەهاوشێوە دروستكراوەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاركیو 170-ی ئەمریكای لە پێشانگایەكی سەربازیی نمایشكرد كە ناوەكەی بۆ (شاهێد 129) و چەند ناوێكی دیكە گۆڕدرابوو، واتە ئەو وڵاتە یەكێك لە ئاڵۆزترین فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی جیهانی بەرهەمهێناوەتەوە و ئەوەش دەریدەخات توانیویەتی تەكنەلۆژیای ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی دەستبكەوێت.
ساڵی 2019 سوپای پاسدارانی ئێان تێكشكاندنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی گلۆباڵ هاوك (RQ-4 Global Hawk)ی هێزەكانی دەریاوانی ئەمریكا لە گەروی هورموز راگەیاند و پارچسسەكانی ئەو فڕۆكەیەی نمایشكرد.
نرخی هەر فڕۆكەیەكی گلۆباڵ هاوك لە نێوان 131 ملیۆن دۆلار بۆ 221 ملیۆن دۆلارە كە بەپێی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاكەی تێچوەكەی دەگۆڕێت، بە بڕوای شارەزایانی سەربازیی؛ خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی ئەمریكا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس-ی ئێرانی لە لایەن ئەمریكاوە پێشخست چونكە ئەو هەنگاوەی سوپا ئەمریكای بەئاستێك توڕەكرد كە یەك فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا بەس بوو بۆ هێرشكردنە سەر زیاتر لە 50 ناوەندی ئێران كە ئەویش لەژێر كاریگەریی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆكەیەدا بوو.
پێشتر ئێران بە بڵاوكردنەوەی چەند تۆمارێكی ڤیدیۆیی، دیمەنی ئەو فڕۆكەیەی لە كەنداو بڵاوكردبوەوە كە فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانی چاودێری گلۆباڵ هاوك دەكات ئەوەش وەك ئاستی توانای وڵاتەكەی دژی گەورەترین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا و جیهان پیشان دابوو.
ئێران ئاشكرایكردو٢وە پێشكەوتوترین فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا 40 كاتژمێر بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە بەڵام ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی ئەوان بەناوی شاهێد دەستكارییان كردووە و پێشیانخستووە 46 كاتژمێر توانای مانەوەی لەئاسماندا هەیە، هەر ئەوەش وایكردووە روسەكان پەنا بۆ فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران ببەن.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز بڵاویكردووەتەوە؛ فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئێران ئێستا ركابەرێكی سەرسەختی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەیرەقدار-ی توركیان كە بە (Bayraktar TB2) دەناسرێن و لەئۆكرانیا دژی تۆپخانەكان و بنكە موشەكییەكانی روسیا بەكاردەهێنرێن.