سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەک لەوڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

لەنوێترین لێدوانی خۆیدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو وڵاتانه‌ کرد که‌ خاوەنی چەکی ئەتۆمین، پابەند بن بە بەڵێنەکانیان لەوەی نەبنە لایەنی یەکەم لە بەکارهێنانی جبەخانەی ئەتۆمی، ئاماژەشی بەوەکرد هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەی ئەتۆمی، کارێکی خۆکوژییە.

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەدا کە لە تۆکیۆ پایتەختی ژاپۆن سازیکرد و بەمەبەستی یادکردنەوەی قوربانییانی هێرشه‌ ئەتۆمییەکەی ٦ی ئابی ساڵی ١٩٤، سەردانی شاری هێرۆشیمای کردبوو، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییدا بەو وڵاتانه‌ی خاوەنی چەکی ئەتۆمین، لەوەی کە لەگەڵ هەڵکشانی گرژیی نێودەوڵەتییدا گەڕاونەتەوە بۆ کێبڕکێی پڕچەککردنی ئەتۆمیی.

گوتێرێس داوای لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی کرد نەبنە لایەنی یەکەمی بەکارهێنانی ئەو چەکانە و بەڵێن بدەن هەڕەشە لەو وڵاتانە نەکەن کە چەکی ئەتۆمیان نییە و رایگەیاند: "بەرای من هیچ کەس قایل نییە بە بیرۆکەی جەنگی ئەتۆمی. ئەوە دەبێتە کارەسات بۆ هەسارەکەمان. ئەگەر هیچ کەس نەبێتە لایەنی یەکەمی به‌کارهێنه‌ری چەکی ئەتۆمی، ئەوا جەنگی ئەتۆمی روونادات".

سەبارەت بە بۆردومانی رووسیا له‌ شاری زاپۆریژیای ئۆکراینا لە ٤ی ئابدا کە گەورەترین بنکەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی لێیە، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "هەر هێرشێک بکرێتە سەر بنکەی ئەتۆمی، کارێکی خۆکوژییە".

ئەنتۆنیۆ گوتێرێس باسی لەوە کرد، ملیاره‌ها دۆلار خەرج کراوە لە کێبڕکێی پڕچەککردندا، ئەوە لە کاتێکدایه‌ کە پێویستە ئەو پارەیە تەرخان بکرێت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، هەژاریی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار