سەرباری هۆشداری هاوپەیمانان هێزەکانی حەفتاو هەشتا زیاتردەکرێن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەكێتی و پارتی بەرەوامن لە دامەزراندنی نوێ و زياتركردنى هێزەكانی حەفتاو هەشتاو ئەمریكاو و هاوپەیمانانیش پێشنیازی هەردوو حزبەكە بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رەتدەكەنەوەو هۆشداری دەدەن لە راگرتنی یارمەتیەكانیان ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە جارێكی تر یەكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80 دەخاتەوە بەرباس،و باسكردنی ئەم پرسە لە كاتێكدایە لەسەرەتای دروستبونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمەوە بە یاسا و رێنمایی و فەرمانی پەرلەمانی و حیزبی و حكومی قسەی لێدەكرێت و دوای 30 ساڵ ئەم هێزە هەر یەكنەخراوەتەوەو هێزێكی پێشمەرگەی دەوڵەتی دروستنەكراوە، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: « لە قۆناغی ئێستاشدا من هیچ ئومێدێكم بە پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نیەو هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزی پێشمەرگە بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە».
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم سەردانی هەردوو وڵاتی بەریتانیاو ئەمریكای كرد، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە ئەمریكا رایگەیاند: «ئەمریكییەكان بە راشكاوانە پێیان وتووین، ئەگەر پڕۆسەی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەكی باش نەچێتە پێشەوە، هاوكاری و پشتیوانییەكانیان رادەگرن»، و وتیشی: «ئەمریكیەكان پێیان وتین پێویستە هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو فراوانتری بەدوادا بێت».
بەرپرسێك لە وەزارەتی پێشمەرگە كە نەویست ناوی بهێنرێت بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا ئەمە یەكەمجار نیە هۆشداری دەدەن كە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوەو پەلەی تێدا بكرێت ئەگەرنا هاوكاری و یارمەتییەكانیان رادەگرن»،و وتیشی: «كێشەی یەكنەخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەبوونی ئیرادەی سیاسییە و خودی هێزەكانی 70 و 80 وەكو هێزی سەربازی گرفت نین».
جەبار یاوەر فەریقی یەكەمی خانەنشین و ئەمینداری پێشوی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی رایگەیاند:» ئێستا حزبەكان بیرورای جیاوازیات هەیە لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە»، و وتیشی: «یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەیەكخستنی هەموو بواركانی پەیوەست بە بەرژوەندییە باڵاكانی نیشتمان و نەتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەم پرسەش تەنها كێشەی گەورەی هەرێم نیە، ئەبی هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان یەك بیروباوەڕیان هەبێت لەسەر كۆمەڵێك هێڵی گشتی، دەربارەی حكومڕانی و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرباری ئابوری و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر بیروباوەڕیان لەسەر ئەم بابەتانە یەكنەخەن یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە زۆر زەحمەت ئەبێت».
هاوكات رزگار محەمەد مەحمود بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لەبارەی یەكخستنەوەی هێەكانی پێشمەرگە بۆ هاوڵاتی دواو وتی:» هەردوو حزبەكە نیەتیان نیە هێزەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەسەر ئاستی باڵای نایانەوێت ئەم هێزانە لە ژێر فەرمانی خۆیان دەربچێت چونكە ئەم هێزانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی بەكاریان دەهێنن».
وتیشی:»یەكێتی و پارتی دەیانەوێت هێزەكانی 70 و 80 وەكو خۆیان بمێننەوە، بەڵام بەناو بیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەمەش لە پێناو ئەوەی یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان بیانگرێتەوە، بەڵام هێزەكانی هاوپەیمانیان دەیانەوێت هێزەكانی حەفتاو 80 بەتەواوی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو هیچ هێزێك بەوو دوو ناوە نەمێنێتەوە، ئەو كاتە ئامادەن یارمەتیان بدەن».
شارەزایەكی بواری سەربازی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە پێی باش بوو ناوی نەهێنین بە هاوڵاتی وت:» ساڵی 2010 ئەمریكا پێش كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق نوێنەریان ناردە لای هەردوو حیزب و تكاشیان لێكردن و وتیان: سەد هەزار گەنج و ئەفسەر و پلەداری ئەكادیمی ئامادە بكەن، لەماوەی شەش مانگدا، ئێمە هێزێكی پڕچەكی مۆدێرنتان بۆ پارێزگاری هەرێم بەناوی هێزی پێشمەرگەوە بۆ رادەهێنین و پێش كشانەوەی ئێمە شوێنی هێزەكانی ئێمە بگرێتەوە و لەهەندێ حاڵەتدا ئەتوانێ عێراقیش بپارێزێت، تەنانەت وتیان هێزی ئەمریكا چ جۆرە چەكێكی قورس و سوك بەكاردەهێنێت ئەو هێزەش هەمان شت، هەمو خەریجیەكیشی لەسەر ئێمە، وتیشی» هەمو مەرجەكەیان ئەوەبو (جگە لە پۆلیس و ئاسایش لەدەرەوەی ئەو هێزە چەكداریتر نەمێنێت)».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وێڕای هەمو ئەو فشارانەی خەڵك و حیزبە ئۆپزسیۆنەكان فشارێكی جدی هێزە هاوپەیمانەكانیش هەبووە بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوی مۆدێرنی پێشمەرگە ! بەو مەبەستەش ئەمریكاییەكان لە عێراقدا چەند جارێك بەڵێنی (یارمەتیدان ، رێكخستن و پڕچەككردن، مەشق )یشیان پێداون! بەڵام ئەو ئیرادەیەكی حزبی هەیە وایكردوە پارتی و یەكێتی هیچ گوێ بە مەسەلەی بەرژەوەندی نەتەوە و خاك و نیشتیمان نەدەن و بە مانەوە و پارێزگاریكردن لە حیزب بیگۆڕنەوە».
ئەو سەرچاوەیە وتیشی:» ئێستا هاوپەیمانان بەجۆرێكیتر لەهەوڵی یەكخستنەوە و دروستكردنی ئەو هێزەدان كە بەحوكمی لاسەنگی بڵانسی هێزی جەماوەری! مەرجەكانی پارتی قبوڵكراوە و پارتی كاری جدی بۆ دەكات! لەبەرمبەردا هەندێك بەرپرس و ناوەندی یەكێتی پشتیوانی دەكەن و ئەوانەشی نایانەوێت و بەمەترسی دەزانن ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەڵام ژێربەژێر كۆسپ و تەگەرەی بۆ دروستدەكەن».
بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی رایگەیاند:» پارتی و یەكێتی بەردەوامن لە دامەزران بۆ هێزەكانی 70 و 80 و ئەوەندەی گرنگی بەم دوو هێزە ئەدەن گرنگی بە هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نادرێت، ئەگەر هاوپەیمانان نەبێت بە دڵنیاییەوە بێچەكترین و بێ پێدایستتیرین هێزی سەربازی هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن».
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست هاوڵاتی،» لە كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتیدا باس لەوەكراوە كە پارتی بەناوی پاراستنی كێڵگەی نەوتی و بەناوی پاراستنی بارەگاكانی لە زۆنی سەوز هێزی دروستكردووەو هێز دەنێرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا یەكێتی بڕیاریداوە بەناوی پاراستنی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر هێز دروست بكات و باسی لەوەشكردووە كە بە زەبری هێز پشكی خۆمان لە حكومەت دیاری دەكەین».
بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگەرگە دەڵێت:» من تێبینیم لەسەر لیوا هاوبەشەكانیش هەیە، ئەو لیوایانەش كە یەكخراوەنەتەوە بەراستی هێزێكی دەوڵەتی بێلایەن نین، بۆ نمونە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان هەر ئەو لیوایانەی رێكخرابون هەریەكەیان بۆلای حزبەكەی خۆی گەڕایەوە».
بەپێی ئاماری ناڕەسمی یەكەی 70ی یەكێتی 56 هەزار پێشمەرگەیە و یەكەی 80ی پارتی ژمارەیان 60 هەزار پێشمەرگەیەو هێزەكانی زێرەڤانی پارتی ژمارەیان 54 هەزارو بەرگریو فریاكەوتنی یەكێتی 26 هەزارە، ئەم هێزانە تائێستا بەهێزی یەكێتیو پارتی ناسراونو موچەش لە حكومەتەوە وەردەگرن، هێزەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەگەش نزیكەی 48 هەزار پێشمەگە دەبن.
لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی دژ بە “داعش”، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (19) لە 23ی تەموزی 2014دا سەبارەت بەهێزی پێشمەرگە (21) بڕیاری دەركرد، هەر لە ساڵی 2014 و لە رۆژی 14ی كانونی یەكەم مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێم، بڕیارێكی حەوت خاڵی دەركرد بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام تەنها یەك خاڵی بڕیارەش جێبەجێنەكرا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە زاری فەرمان فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری میرە بڵاویكردەوە:» بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەكانی 70 و 80 بخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە».
چاودێرێكی سیاسی سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاند:» هەردوو هێزەكە پێیان وایە مانەوەیان و سەنگ و پێگەیان بەندە بە هێزە چەكدارەكانیانەوە، ئەو پرەنسیپە وایكرد پێكهاتەی ئەو هێزانە بۆ مەترسی لەسەر كۆمەڵگە و تەنانەت حكومەت و خودی ناوخۆی حیزبەكان هەنگاوبنێ بە دروستكردنی هێزی شەخسی و خانەوادەیی لەناو خودی هێزەكاندا و بەهەمان ئەوچەك و هاوكارییە مادی و لۆجستیەی كە لەحكومەت و هاوپەیمانە بیانیەكانەوە دابین دەكرێت».
وتیشی: «ویست و داوای یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئەوەندەی دیاردەیەكی ئیعلامی و بانگەشە و مزایەدە بووە ئەوەندە كردار و جێبەجێكردنی بڕیار نەبوە ، بۆیە ئەو داوا و بانگەشەیە لەهەر قۆناغێكدا، بەپێی سەنگ و باڵانسی هێزی ئەو دوو حیزبە لەناو پەرلەمان و جەماوەردا گۆڕاوە لە یەكێكیانەوە بۆ ئەویتریان، بۆنمونە كاتێك لەدوای ساڵی 2005 هەردوو ئیدارەكەی هەولێر و سلێمانی یەكیگرتەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ژمارەی دەنگەكانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر زیاتر بوو ، بۆیە ئەم داوا و بانگەشەیەی یەكێتی بەهێز و جدیتر بوو بەپێچەوانەوە پارتی نەیدەویست و بەمەترسی لەسەر خۆی دەزانی، دوای پێنج ساڵ كە یەكێتی دەنگ و سەنگی جەماوەری بەڕادەیەكی زۆر كەمیكرد ئیتر خواستەكە پێچەوانە بوەوە».
جەبار یاوەر هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی وتی: «هەتا هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكانی هەرێم بە هێزەكانی ئاسایش و هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن و زێرەڤانی هێزەكانی دژەتیرۆر یەك نەخەین و بەدەست حزبی سیاسیەوە بێت هەركاتێك ململانێ لەنێوان حزبە سیاسیەكان دروست ببێ زۆر ترسناكە كە حزبەكان پەنابەرەن بۆ ئەو هێزانە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكانیان، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێ مەترسی پێكدادانی ناوخۆیی دورخەینەوە ئەبی هێزی پێشمەرگەو هەموو هێزەكان بێلایەن كەین و بۆ بەرژوەندی هیچ حزبێكی سیاسی كارنەكەن تەنها بۆ بەرژوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی كار بكەن».
دۆخی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان و نەبوونی متمانە لە نێوان هێزە سیاسیەكان بەتایبەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی وایكردووە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بە قورس و زۆرجاریش بە ئاستەم سەیربكرێت، هێشتا هێزە سیاسیەكان ئەو متمانەیەیان بەیەك نیە لە ململانێ سیاسیەكانیاندا نەگەڕێنەوە بۆ بەكارهێنانی هێز، جیا لە دەرەوەی حزبەكان، رووداوەكانی رابردوو شایەدی دەدەن تەنانەت لە ململانێی باڵە جیاوازەكانی ناو حزبیشدا پەنا براوەتە بەر هێزی چەكدار بۆ یەكلایی كردنەوەی ململانێكان.