به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی: پلان نیه‌و كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه
2 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شه‌نای فاتح
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ڵێت: «كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه‌و پلان نیه‌و له‌په‌روه‌رده‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان ورده ورده مامۆستای میلاكیان تیادانامێنێت و له‌بواری دروستكردنی بیناش ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه».
دڵشاد عومه‌ر به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی رایگه‌یاند:» له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ردراوه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه».
وتیشی:» حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه».
سه‌باره‌ت به‌ئاڵوگۆڕ له‌پۆسته‌كه‌یدا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده ده‌ڵێت: «ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و ئه‌كرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم»، هاوكات له‌باره‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزبی و چاودێریكردنی قوتابخانه ناحكومییه‌كان و ئاستی زانستی په‌روه‌رده‌یی له‌سلێمانی بۆ هاوڵاتی ده‌دوێت.
هاوڵاتی: بۆ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌باشی ئاماده‌یه بۆ پێشوازیكردن له‌قوتابیان و خوێندكاران؟
دڵشاد عومه‌ر: ساڵانه 1ی ئه‌یلول یه‌كه‌م رۆژی په‌یوه‌ندی ساڵی نوێی خوێندنهو دواتریش به‌پێی كارنامه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له 13ی ئهیلوول ده‌وام ده‌ستپێده‌كات، له 13 و 14 و 15ی ئهیلوول به‌فه‌رمانێكی وه‌زاری ئه‌و سێ رۆژه داده‌نێین بۆ وه‌رگرتنی كتێب و ئه‌نجامدانی چالاكی جۆراوجۆر، بۆ ئه‌وه‌ی پاش ئه‌و پشووه‌ی قوتابیان وه‌ریانگرتووه ئاشنا ببنه‌وه به‌ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی، له 17ی ئهیلوول كه ده‌كاته رۆژی شه‌ممه قوتابیان ده‌چنه ناو پۆل و ده‌ستده‌كرێت به‌ده‌وام.
وه‌ك ئاماده‌كاریش ئێمه 30ی ئایاری ئه‌مساڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانمان له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌نجامدا به‌ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كان و به‌ڕێوبه‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانی سه‌ر ئاستی هه‌رێم و به‌ڕێوبه‌ره خۆجیێیه‌تییه‌كان و راویژكارانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كانی دیوان و جه‌نابی وه‌زیر گفتوگۆی چڕمان كرد، پلانێكی ژماره‌ییمان دانا‌و مه‌سه‌له‌ی رێكخستنی میلاكمان به‌فه‌رمانێك رێكخست و مه‌سه‌له‌ی داخستن و جیاكردنه‌وه‌و كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و كاتی وه‌رگرتنی منداڵمان دیاریكرد به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین ئه‌و گله‌یی و گازه‌ندانه‌ی ساڵانی رابردوو هه‌بوون كه‌قوتابی ده‌چووه قوتابخانه مامۆستا‌و پێداویستی نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مساڵ پێش ده‌ستپێك ئه‌م كارانه جێبه‌جێبكه‌ین و ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووبووین و كاره‌كانمان كردووه.
هاوڵاتی: له‌سنووری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ژماره‌ی مامۆستایان چه‌نده؟ ئایا چه‌ندیان مامۆستای هه‌میشه‌یین و چه‌ندیان مامۆستای وانه‌بێژن؟ ئایا ژماره‌ی مامۆستاتان كه‌مه؟
دڵشاد عومه‌ر: له‌سنوری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ٥٣ هه‌زارو ١٤٣ مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه‌و له‌و ژماره‌یه ١١ هه‌زاری فه‌رمانبه‌ره‌و ئه‌وانی تری مامۆستایه، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی پێنج هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژمان هه‌یه‌و هۆكاره‌كه‌شی وه‌ستاندنی دامه‌زراندنه له‌ساڵی ٢٠١٤وه، به‌رامبه‌ر ئه‌مه كۆمه‌ڵێك مامۆستا خانه‌نشین و به‌شێكیش له‌سه‌ر ویستی خۆیان خانه‌نشین ده‌بن و مردنیش ده‌بێت و ژماره‌یه‌ك مامۆستاش مۆڵه‌تی نه‌خۆشی یان دیكایه‌تی و بێ موچه‌یی و خوێندن و هاوسه‌فه‌ری ده‌كه‌ن، به‌هۆی هه‌موو ئه‌مانه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراندن نییه ناچارین سوود له‌و ده‌رچووانی زانكۆ وه‌ربگرین كه‌ده‌رچووی كۆلێژه‌كانی په‌روه‌رده یان په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تن و ئه‌گه‌ر هه‌بێت بیانكه‌ین به‌وانه‌بێژ بۆ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانمان بێ مامۆستا نه‌بن.
«ئێمه كه‌پێنج هه‌زار وانه‌بێژمان هه‌بێت به‌ڵێ كێشه‌ی كه‌می مامۆستامان هه‌یه،» به‌ڵام ده‌شتوانم بڵیم ئه‌مه دوو لایه‌نه‌یه، لایه‌نێكیان له‌ناو شاره‌كان هه‌ڵئاوسانێكی زۆر‌و مامۆستایه‌كی زۆرمان هه‌یه ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكاره به‌پێی (ناوه‌ندی وه‌رگرتن) كه‌ته‌نها نمره هۆكاره بۆ وه‌رگرتنی قوتابی و خوێندكار، من چه‌ندین ساڵه پێشنیاری ئه‌وه‌م كردووه هه‌م له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هه‌م له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا كه‌مامۆستایه‌تی پیشه‌یه‌كه جگه له‌وه‌ی ئه‌ركێكی پیرۆزی هه‌یه‌و خزمه‌تێكی زۆر ده‌كات پێویست ده‌كات حه‌ز هه‌بێت و قوتابی و خوێندكار بۆ پیشه‌ی مامۆستایه‌تی حه‌زی هه‌بێت.
جگه له‌وه نه‌بوونی پلان هه‌یه، ئێمه به‌ڕاستی په‌روه‌رده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار، قه‌زاكانی پێنجوێن، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان ئه‌مانه ده‌توانم بڵێم ورده ورده میلاكیان تیانه‌ما، چونكه هه‌مووی خه‌ڵكی سلێمانین، چوونه‌ته ئه‌وێ و ناشكرێت تا ته‌مه‌نیان هه‌یه 13 بۆ 14 ساڵ له‌وێ بمێننه‌وه‌و هیچ یاسایه‌كیش نییه رێگری له‌ئه‌مه بكات، بۆیه ناچارده‌بین ئه‌مانه بگوازینه‌وه ناوشارو هه‌ڵئاوسانه‌كه له‌سلێمانی دروستده‌بێت و له‌وێش بێ مامۆستا ده‌بن و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش سودمان له‌وانه‌بێژ وه‌رگرتووه.
هاوڵاتی: ده‌وترێت مامۆستای وانه‌بێژ نه‌بێت خوێندن په‌كی ده‌كه‌وێت، مامۆستایانی وانه‌بێژیش پاش چه‌ندین ساڵ خزمه‌ت هه‌ر ناكرێنه هه‌میشه‌یی و گله‌یی ده‌كه‌ن كه‌شایسته داراییه‌كانیان له‌كاتی خۆیدا بۆ خه‌رجناكرێت و ئه‌و پاره‌یه‌شی وه‌ریده‌گرن بڕه‌كه‌ی كه‌مه؟
دڵشاد عومه‌ر: یه‌ك مامۆستا كه‌م بێت كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و زه‌رورین به‌دامه‌زراندن، چونكه مامۆستا ٢٤ وانه‌ی هه‌یه كه نزیكه‌ی پێنج پۆل ده‌كات و بۆ هه‌ر پۆلێكیش ٣٠ قوتابی حساب بكه‌ین، ١٥٠ قوتابی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه واقیعێك بڵێین به‌حوكمی ئه‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌ت موناقه‌شه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌مان كردووه ئه‌توانم بڵێم ئه‌و رێنماییه‌ی ژماره ١٤ كه‌ساڵی رابردوو بۆ وانه‌بێژی ده‌رچوو خزمه‌تێكی باش به‌وانه‌بێژان كرا، هه‌م جیاوازیمان كرد له‌نێوان ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ده‌كات و ئه‌وه‌ی هاتوچۆ ناكات و له‌وه‌ی نزیكه‌و له‌وه‌ی دووره، رێمان پێداون له قوتابخانه‌كاندا ببنه به‌ڕێوبه‌ر واته حسابێكی ره‌سمیمان بۆ كردوون و ئه‌و پاره‌یه‌شی كه‌هه‌یه بڕێكی باشه‌و پێشتر ئه‌گه‌ر به‌ژماره‌ی به‌شه وانه بمانكردایه بۆ دانه‌مه‌زراو چوار هه‌زار دینار بوو و ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌كیش ١٠ به‌شی هه‌بێت ده‌كاته ٤٠ هه‌زارو مانگانه نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار، به‌ڵام ئێستا له ١٢ به‌شی كه‌متری نه‌بێت ٣٥٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت ئه‌گه‌ر دبلۆم بێت و به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌كالۆریۆس بێت ٤٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت و ئه‌گه‌ر ببێته به‌ڕێوه‌به‌ر ٥٠ هه‌زاری ده‌چێته سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه ده‌توانم بڵێم شتێكی باشه‌و رێنمایی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش كه ده‌رمانكردووه وتوومانه ئه‌م رێنمایانه جێبه‌جێده‌كه‌ین و ئه‌مانه ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ دامه‌زراندن هه‌بێت ده‌بێت سودیان هه‌بێت و بكرێنه بنه‌ما وه‌ك خزمه‌ت به‌وانه‌بێژان كه‌خاڵی زیاتری بده‌ینێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كێبڕكێدا شانسی باشتری هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌توانم بڵێم شتێكی باشمانكردووه به‌ڵام بۆ دامه‌زراندن و گرێبه‌ست ئه‌مه پلانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی پلاندانانه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیرو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ویست و حه‌زی من بێت به‌ڵێ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیانم.
هاوڵاتی: ژماه‌ی قوتابیان و خوێندكاران له‌سلێمانی چه‌نده؟ چه‌ند قوتابخانه زیاترله‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت؟ ئایا پارێزگای سلێمانی پێویستی به‌چه‌ند بینای نوێی قوتابخانه هه‌یه؟
دڵشاد عومه‌ر: ٤٧٦ هه‌زار قوتابی و خوێندكار‌و هه‌زارو ٧٤٦ بینای قوتابخانه‌مان هه‌یه، «به‌ده‌قیقی نازانم چه‌ند قوتابخانه زیاتر له‌دوو ده‌وامی تێدا ده‌كرێت،» به‌ڵام واقیعێك هه‌یه كه دوو ده‌وامی ئاساییه به‌ڵام ئێمه كێشه‌مان له سێ ده‌وامیدا هه‌یه‌و سێ ده‌وامییه‌كه‌ش هه‌ندێكیان سێ ده‌وامی خوێندنی ئاسایین واته خوێندنگه‌ی رۆژن، به‌ڵام هه‌ندێك له سێ ده‌وامییه‌كان خوێندنگه‌ی ئێوارانن و ئاساییه هه‌مانبێت، هه‌روه‌ها بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره‌و خوێندنی خێرامان هه‌یه، كه‌ئه‌و منداڵانه‌ی له‌خوێندن دابڕاون به‌هه‌ر بارودۆخێكی سیاسی یان ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، منداڵ هه‌یه ته‌مه‌نی نۆ ساڵه‌و نه‌چووه‌ته قوتابخانه‌ی ئاسایی و ناچارین بیخه‌ینه خوێندنی خێرا، هه‌روه‌ها هه‌مانه ته‌مه‌نی زۆر گه‌وره‌یه‌و سه‌روو ٣٥ ساڵه و نه‌یخوێندووه و بۆ ئه‌وه‌ی فێری خوێندن بێت ده‌یخه‌ینه بنكه‌كانی فێركردنی گه‌وره.
ئێمه له‌ڕێی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانیشه‌وه كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌مان بۆ نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵێك پێداویستیمان بۆ دابینكراوه‌و ٥٠ قوتابخانه‌مان نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌و له‌ئێستاشدا ٢٨ قوتابخانه‌ی دیكه ره‌زامه‌ندیان هاتووه‌و پاره‌كه‌یان دابینكراوه‌و هه‌روه‌ها رێكخراوی روانگه‌و منداڵپارێزیش داوای لیستێكیان لێكردووین كه چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كمان بۆ نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه، هاوكات پێنج خێرخواز له‌پارێزگای سلێمانی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كیان ته‌واوكردووه‌و رۆژی ١٥ی ئهیلوول ده‌كرێنه‌وه كه له‌و شوێنانه‌شدان كه منداڵ زۆره‌و خزمه‌تگوزاری به‌باشی نه‌گه‌یشتووه‌ته جێگاكانیان وه‌ك بازیان و گه‌ڕه‌كی شۆڕشی نوێ له‌سنووری رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی و چوارچرای نوێ و گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته.
كۆمه‌ڵێك خێرخوازی دیكه‌ش هاتوونه‌ته پێشه‌وه كه‌زه‌ویان بۆ دابین بكه‌ین و بینای نوێ دروستبكه‌ن كه‌ئه‌مه‌ش جێگای ده‌ستخۆشییه‌و سوپاسیان ده‌كه‌ین.
له‌بواری دروستكردنی بینادا ده‌توانم بڵێم حكومه‌تی هه‌رێم سست بووه، ئێمه له‌دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥وه ٥٨ بینامان هه‌بوو كه لهدروستكردندا بوون و ته‌نده‌رینیان بۆكرابوو، به‌داخه‌وه قه‌یرانی دارایی به‌سه‌رداهات و تائێستا ٢٣ بینامان ماوه ته‌واوبكرێن، ئه‌ویش وه‌زاره‌تی پلاندانان بودجه‌ی بۆ ته‌خسیس كردووه‌و ١٥ملیار دیناره، ١٢ ملیاری بۆ سلێمانی و سێ ملیاریشی بۆ قه‌زای پشده‌رو رانیه كه له ٣ی ئابه‌وه بوونه‌ته به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی راپه‌ڕین و له‌ئێمه جیابوونه‌ته‌وه‌و له‌لای ئێوه‌وه پیرۆزباییان لێده‌كه‌ین، ئه‌و ١٥ ملیاره‌ش بێت ٢٣ قوتابخانه‌ی دیكه‌مان ته‌واوده‌بێت و ئه‌م قوتابخانانه هه‌یه ده‌ستیپێكردووه و قوتابخانه‌ش هه‌یه ٨٠%ی كاری تێداكراوه‌و بودجه‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكراوه‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م له‌كاتێكی زوودا ئه‌وانیش ده‌ستپێبكه‌ن.
هاوڵاتی: به‌گشتی له‌چ بوارێكدا كه‌موكورتیتان هه‌یه؟ ئایا حكومه‌تی هه‌رێم هاوكارتانه بۆ دابینكردنی پێداویسییه‌كانتان؟
دڵشاد عومه‌ر: به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م وایت بۆرد‌و ره‌حله، به‌ده‌ره‌جه‌ی دووه‌م واقیعه‌ت پێمان ده‌ڵێت مه‌سائیلی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌كو داتاشۆ و لاپ‌تۆپ زۆر زه‌رورین، سه‌باره‌ت به‌پێداویستییه‌كان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی دا به‌خه‌رجكردنی ٢٠ ملیار دینار بۆ كڕینی پێداویستی قوتابخانه‌كان كه خۆی له‌داتاشۆو وایت بۆرد و ئیستینساخ و پرنته‌رو ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و ره‌حله و ته‌نكی ئاو ده‌بینێته‌وه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش پێنج ملیار‌و ٣٩٩ ملیۆنی بۆ پارێزگای سلێمانییه‌و ده‌توانم بڵێم زۆرباشه، ته‌سه‌ور ده‌كه‌م بۆ ساڵی داهاتوو قوتابخانه‌مان نه‌مێنێت لاپتۆپی خۆی نه‌بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ئێمه خاوه‌ن سیسته‌می (ئی په‌روه‌رده‌ین) كه سیسته‌مێكی پێشكه‌وتووه‌و سه‌رجه‌م داتا‌و زانیارییه‌كانی قوتابی و وه‌رگرتن و گواستنه‌وه و دروستكردنی بڕوانامه و پێدانی كارتیان و پێداویستیه‌كانی ناو قوتابخانه و میلاكی قوتابخانه‌كه‌و مامۆستایان له‌خۆده‌گرێت، بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستمان به‌لاپتۆپه، چونكه كه‌می كاره‌با له‌هه‌ندێ شوێن هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌و گوندانه‌ی له‌وانه‌یه یه‌ك ده‌وام بێت كێشه‌ی هه‌یه‌و ناتوانرێت له‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه زانیاریه‌كانمان پێبگات به‌ڵام هه‌بوونی لاپ‌تۆپ ئه‌و كێشه‌یه ناهێڵێت.
هه‌روه‌ها ئێمه به‌رده‌وام نه‌وه‌ستاوین و ساڵانه ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌و لاپتۆپمان كڕیووه‌و ساڵی رابردوو ١٠٥ لاپ‌تۆپ و نزیكه‌ی ٤٠٠ ئامێری فێنككه‌ره‌وه‌مان كڕیوه جگه له‌هاوكاری خێرخوازه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ره‌حله چاككردنهوهش ئێمه كارگه‌یه‌كی چاكمان هه‌یه‌و ره‌حله چاك ده‌كه‌ینه‌وه و به‌پێی نووسراوی كارگه‌ی دارتاشی له‌شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا ٨٧٦ ره‌حله‌ی دوو كه‌سی و ٦٦٨ ره‌حله‌ی یه‌ك كه‌سی دروستكردووه له‌گه‌ڵ ره‌فه‌یه‌كی كتێبخانه‌و پێنج مه‌نه‌ێه دروستكرا، هه‌روه‌ها ئه‌و پاره‌یه‌ی كه لامانه به‌تایبه‌تی هی فرۆشگا‌كان رێژه‌یه‌كی له‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ده‌مێنێته‌وه بۆ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده و ده‌توانم بڵێم به‌ڕێژه‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ری كه‌موكورتییه‌كان ده‌كه‌ین.
هاوكات ٨٤%ی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن گه‌یشتووه‌و ده‌ستمان به‌دابه‌شكردنی كردووه به‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كانداو زۆربه‌ی پڕۆگرامه‌كانیش كتێبی تازه‌ن واته چاپی نوێن و به‌تێچوویه‌كی كه‌متر و كوالێتییه‌كی باشتر چاپكراون، به‌ڵام ئه‌و پێداویستیانه قۆناغ به‌قۆناغه‌و ره‌نگه كه‌م تا زۆر تاهه‌فته‌یه‌ك دوابكه‌وێت یان وه‌جبه وه‌جبه دابه‌شده‌كرێت و باوه‌ڕ ناكه‌م بگاته ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌م ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌رده‌بێت.
ئێمه ساڵی ٢٠١٩ ره‌زامه‌ندییه‌كمان بۆكرا پارێزگا به‌پارێزگا پێداویستی بكڕین بۆ په‌روه‌رده، بۆ نموونه سلێمانی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله‌بوو له‌گه‌ڵ چاككردنی هه‌زارو ٥٠٠ ره‌حله له‌گه‌ڵ كڕینی كۆمه‌ڵێك ئامێری كۆمپیوته‌رو ئیستینساخ، ئه‌مانه تائێستا سێ‌جار ته‌نده‌رینی بۆ كراوه له‌پارێزگای سلێمانی و به‌داخه‌وه كه‌س نه‌بووه بیكڕێت جا هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و لیژنه‌ی ته‌نده‌رینه واته خه‌ڵكێك نه‌هاتووه به‌و نرخه بیكڕێت و ده‌توانم بڵێم تاكه به‌ڕێوبه‌رێتی گشتین كه تائێستا ئه‌و فه‌رمانه‌مان جێبه‌جێنه‌كردووه، واته حكومه‌ت رازیبووه به‌ڵام ئیتر له ئالیه‌تی ته‌نده‌رینه‌كه‌یان یان نه‌بوونی كۆمپانیا له‌سنووری سلێمانی نه‌كراوه، ئه‌گینا حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیایه‌تی و به‌پێی داواكاری ئێمه ده‌توانم بڵێم واجبی خۆی جێبه‌جێكردووه.
هاوڵاتی: له‌قوتابخانه‌ی سابیس وه‌رگرتنی قوتابی به‌تیروپشكه، به‌ڵام باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌رج و رێنمایییه‌كان واته به‌شێوه‌ی نایاسایی منداڵ وه‌رده‌گیرێت، قسه‌ی ئێوه له‌م باره‌یه‌وه چییه؟
دڵشاد عومه‌ر: ئێمه یه‌ك قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حكومیمان هه‌یه، ئه‌ویش سیسته‌مه‌كه‌ی هاوبه‌شه‌و ساڵانه ته‌نها منداڵی باخچه وه‌رده‌گرێت و فۆڕمێكه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین پڕده‌كرێته‌وه، ئه‌وكاته‌ش كه‌فۆڕمه‌كه به‌ئۆنلاین دابه‌شده‌كرێت له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا تیروپشكی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ناحكومییه‌كان سیسته‌می خۆیان هه‌یه و هه‌م ئه‌گه‌ر زۆر بێت تیروپشكه و هه‌ندێكجاریش به‌چاوپێكه‌وتنه، هاوڵاتی ئازاده منداڵه‌كه‌ی ده‌باته ئه‌وێ یان نا، ئێمه به كه‌سمان نه‌وتووه بچێت كوێ و مه‌رجی خۆی هه‌یه‌و هه‌ندێكجار مه‌رجی ساڵێكیان فێربوونی زمانه یان چاوپێكه‌وتنی توانستیان ده‌كه‌ن چونكه سیسته‌مه‌كه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و ره‌نگه بڕوانامه‌كانیان له‌وڵاته ئه‌وروپییه‌كاندا وه‌ربگیرێن.
هاوڵاتی: باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌قوتابخانه تایبه‌تاكاندا پاره‌ی زیاد له‌خانه‌واده‌ی قوتابیان وه‌رده‌گیرێت، بۆ نموونه، ١٣ی ئهیلوول قوتابخانه ده‌كرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وان پاره‌ی ته‌واوی مانگه‌كه له‌خانه‌واده‌ی قوتابی وه‌رده‌گرن، قسه‌تان چییه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه؟
دڵشاد عومه‌ر: خوێندنگه‌ی ناحكومی پێویسته مه‌رج و رێنماییه‌كانی مولزه‌م بێت به‌بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه، به‌ڵام ئێمه ناتوانین فشاریان زیاتر لێبكه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پاره‌یه، به‌ڵام ناشكرێت چاودێریان نه‌كه‌ین، چاودێریان ده‌كه‌ین له‌ڕووی كرێی خوێندن و وه‌رگرتنه‌وه‌و ده‌بێت به‌پێی رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت.
كاتێكیش هاووڵاتی ده‌چێت منداڵه‌كه‌ی ده‌باته خوێندنگایه‌كی ناحكومی فۆڕمێكی له‌به‌رده‌ستدایه‌و گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و نرخی قوتابخانه‌كه به‌مۆڵه‌تی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌حدید كراوه‌و كه‌منداڵه‌كه ده‌برێته ئه‌وێ پێی ده‌وترێت ئه‌مه فه‌رمانه وزاریه‌كان و نرخ و گرێبه‌سته‌كه‌یه، پێویسته هاووڵاتی گرێبه‌سته‌كه بخوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هات و كێشه‌یه‌كی وا هه‌بوو و ئه‌وكات ئێمه ده‌چین چاودێری و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین و به‌شی یاسایمان هه‌یه ئه‌گه‌ر مافی خورابوو بۆی وه‌رده‌گرینه‌وه.
هاوڵاتی: یه‌كێتی و گۆڕان له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌و باسی ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانیان كرد له‌سلێمانی، ئایا پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌ناو ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌دایه؟ ئایا مامۆستا دڵشاد له شوێنی خۆی ده‌مێنێته‌وه؟
دڵشاد عومه‌ر: سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته پێموایه لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه، من بۆ ئاڵوگۆڕی پۆست، گۆڕانكاری یان وازهێنانم بێت ده‌رگام له‌سه‌ر پشته‌و ته‌مه‌نا ده‌كه‌م زوو ئه‌وه جێبه‌جێبكرێت، چونكه ماندووین و پێشموایه هه‌قه رێبدهین خه‌ڵكێكی دیكه بێته پێشه‌وه‌و ئاشكرایه من زروفێكی زۆر قورسم به‌ڕێكرد له‌مه‌سه‌له‌ی بایكۆت و نه‌بوونی مووچه، به‌ڵام توانیمان ته‌وازن رابگرین و پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده نه‌فه‌وتێت و ئهشكرێت ئیتر كه‌مێك بۆ خۆم بژیم.
هاوڵاتی: به‌ڕێزتان له‌پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانیتان وه‌رگرتووه، ده‌وترێت حزبه‌كه‌ت یاخود كه‌سانی نێو حزبه‌كه‌ت داوای كاری نایاساییان لێكردوویت، ئه‌مه تاچه‌ند راسته‌و قسه‌تان له‌سه‌ری چییه؟
دڵشاد عومه‌ر: نه‌خێر، ئه‌و بابه‌ته یه‌كه‌م وانییه، دووه‌م ئێمه كاتی خۆی كه دانراوین ده‌بێت به‌ڕێوبه‌ری گشتی بین بێ جیاوازی، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك گله‌یم لێده‌كه‌ن ده‌ڵێن ئیش بۆ حزبه‌كانی دیكه ده‌كات و بۆ گۆڕانی ناكات، من دانیشتووم خزمه‌تی هه‌موو كه‌سێك بكه‌م و هه‌ر كه‌سێكیش بۆ داواكاری مه‌سائیلی حزبی سه‌ردانم بكات یان توڕه ده‌بم لێی یان ئیشه‌كه‌ی بۆ ناكه‌م یانیش بیانووی پێده‌گرم، من ده‌مه‌وێت پاش وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته وه‌ك هاووڵاتییه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه بكه‌م و به‌ئاسایی له‌ڕووم بێت بچمه چایخانه‌ك و له‌گه‌ڵ براده‌رێكم پیاسه بكه‌م و به‌رامبه‌ر هه‌موو كه‌س سه‌رم به‌رز بێت و له‌كاتی بایكۆته‌كه‌دا هه‌ڵمه‌تێكی زۆرم له‌سه‌ربووه به‌ڵام رۆژێ له‌ڕۆژان به‌ده‌ممدا نه‌هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی من ده‌ربكه‌وم پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده په‌كبخه‌م و هه‌موو عه‌یب و قسه نه‌شیاووكانم خستۆته‌سه‌ر خۆم.
هاوڵاتی: چ بابه‌تێك هه‌یه پێتباشه زانیاری له‌سه‌ر ئاشكرابكه‌ی و وه‌ك پرسیار ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزتم نه‌كردبێت؟
دڵشاد عومه‌ر: په‌روه‌رده له‌هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه جا قوتابی، مامۆستا یان فه‌رمانبه‌ر بێت، له هه‌موو شار‌و گوندێكی دووره ده‌ستیشدا هه‌ین، واته خێزانێكی قه‌ره‌باڵغین و به‌ڕێوه‌بردنی زۆر زه‌حمه‌ته به‌تایبه‌ت گه‌ر پاره‌ی پێویست و دامه‌زراندن نه‌بێت و نه‌توانیت هه‌موو داواكاریه‌كی قوتابی و هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك كه‌داوای نۆژه‌نكردنه‌وه بكات بۆی جێبه‌جێبكه‌یت، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌هه‌موومانه‌وه توانیومانه پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده له‌شوێنی خۆیدا رابگرین و ده‌رئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌یسه‌لمێنێ كهسلێمانی ئاستی زانستی باشه‌و مامۆستایانی دڵسۆزن.