پۆلیسی سەڵاحەدین داوای ڕادەستکردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی دایک و برایەکیان سەربڕی دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەوەی لە ٧ی ئەیلول لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە لە سنوری پارێزگای دهۆک دوو خوشک بە تۆمەتی سەربڕینی دایکو برایەکیان دەستگیر کران لە ئێستادا پۆلیسی سەڵاحەدین داوای ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکان دەکات.

دوو خوشک کە خەڵکى پارێزگاى سەلاحەدینن بە تۆمەتى کوشتنى دایکە بەتەمەنەکەیان و برا 20 ساڵانەکەیان بە چەقۆ، لە سنوورى پارێزگاى دهۆک دەستگیرکران؛ پۆلیسى سەلاحەدین دەڵێت، داواى رادەستکردنەوەى تۆمەتبارەکانیان لە هەرێمى کوردستان کردووە.

بە پێی راگەیێندراوێکى پۆلیسى پارێزگاى سەلاحەدین، ئەو رووداوى کوشتنە لە گەڕەکى شیشین لە شارى تکریتى ناوەندى پارێزگاى سەلاحەدین روویداوە و ئاگادارکراونەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە کە ئەو دایک و کوڕە بەر لە چوار رۆژ لە ئاگادارکردنەوەیان، لە ماڵى خۆیاندا بە چەقۆ کوژراون و تەرمەکانیان تێکچوون و بۆنیان کردووە.

پۆلیسی سەلاحەدین ئاماژەى بەوەشدا کە دوای سەیرکردنى کامێراکانى چاودێرى، دەرکەوتووە کە ئەو دوو کچە دواى "ئەنجامدانى تاوانەکە، ماڵەکەیان جێدەهێڵن و دواتر زانراوە کە هەڵاتوون بۆ هەرێمى کوردستان و ویستوویانە لەوێوە بچنە تورکیا، بەڵام لە لایەن ئاسایشى هەولێرەوە دەستگیرکراون و لەکاتى لێکۆڵینەوەدا، دانیان بە تاوانى کوشتنەکەدا ناوە".

بەڕێوەبەرى پۆلیسی سەلاحەدین ئاماژەى بەوەدا کە هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان هاوکاریى تەواویان کردوون لە دەستگیرکردنى ئەو دوو خوشکە و بەفەرمیش داوایان لێکردوون کە رادەستیان بکەنەوە، بە مەبەستى ئەوەى لە دادگەى سەلاحەدین لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و سزا بدرێن.

 ئەو دوو کچە لە لایەن پۆلیسی سەلاحەدین بەگوێرەى ماددەى ٤٠٦ى یاساى سزادانى عێراقى فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، کە تایبەتە بە کوشتنى بەمەبەست و سزاکەى لەسێدارەدانە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار