بهدلیس: لە قەڵای کەف چێشتخانە و ژووری خزمەتکردن دۆزرانەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بهپێی ههواڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی، لە میانی پرۆسەی کنە و پشکنین لە قەڵای کەف سەربە شارۆچکەی ئادیلجەڤاز لە پارێزگای بەدلیس، چێشتخانە و چەند ژوورێکی خزمەت دۆزرانەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا.
پرۆسەی کنە و پشکنین لە قەڵای کەف کە لە سەردەمی دەوڵەتی ئورارتوو لە دامێنی چیای سوبحان دروست کراوە، بەمۆڵەتی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار ئەنجام دەدرێت.
دوای ٥٠ ساڵ لە وەستان ساڵی رابردوو بە راوێژی مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی یوزیونجو یڵی وان، دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون پرۆسەی کنە و پشکنین لەم قەڵایەدا دەستی پێ کردەوە و لە میانی ئەم کارانەشدا بۆیەی تایبەت بە سەردەمی دەوڵەتی ئۆرارتوو لەناو پایەکانی قەڵاکەدا دۆزرانەوە و لە بەشی رۆژئاوای قەڵاکەشدا چێشتخانە و چەند ژوورێکی خزمەتکردنیی قەڵاکە دۆزرانەوە.
- "چالاکییەکانی ناو قەڵاکە بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە کۆتاییان پێهاتووە"
مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسیی زانکۆی یوزیونجو یڵی وان، دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون باسی لەوە کرد کە دوای دۆزینەوەی پایەکانی قەڵاکە، دەوری پایەکانیان پاک کردووەتەوە تا دووبارە پایەکان دەربکەونەوە، گوتیشی: "ئەم قەڵایە لەلایەن 'شا رووسای دووەم'ەوە دروست کراوە کە لە ساڵانی ٦٨٥-٦٤٥ی پێش زایین، حوکمڕانی کردووە. ئەم شایە لە دروستکردنی شارەکاندا دەستێکی باڵای هەبووە و ئەو شوێنەوارانەی دوای خۆی بەجێیهێشتوون نەک تەنها لە رووی تەلارسازییەوە بەڵکو لە رووی هونەریشەوە شوێنەواری گرنگن. ئەمەش بەئاشکرا لە قەڵای کەف-دا دەبینین. ئەوەمان ئاشکرا کرد کە چالاکییەکانی ناو قەڵاکە لە ئەنجامی ئاگرێکی زۆر گەورەدا کۆتاییان هاتووە. لە بەشی رۆژئاوای قەڵاکەدا، دەتوانین ئەو شوێنانە ببینین کە تایبەت بوون بە خزمەتکردنی قەڵاکە. هەر لێرە چێشتخانە و چەندین ژووری خزمەتمان دۆزییەوە. قۆناغی دووەمی کارەکانیشمان بریتی دەبێت لە خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوە".
دکتۆر ئیسماعیل جۆشکون باسی لەوەش کرد کە بناغەی ئەو دیوارانەی دۆزیویاننەتەوە لە بەردی چوارگۆشە دروستکراون، ئەم بەردانەش مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار و ٧٠٠ ساڵ بەرلە ئێستا، گوتیشی: "پێمانوایە کە ئێرە چێشتخانە بووە. لە قەڵاکەدا زۆر بەکەمی شوێنەواری کانزایی و چەند پارچە قایشێک دۆزراونەتەوە، بەدەرلەوە ئەو شتانەی دۆزراونەتەوە زیاتر پارچە تەختەی سووتاون. پێمانوایە قەڵاکە زیاتر لە ١٠٠ ژووری تیادا بووە. لە میانی لێکۆڵینەوەکانماندا لە کەناری پایەکاندا ئەو بۆیانەمان دۆزییەوە کە بە "رەنگی شینی ئورارتوو" ناسراون. ئەم قەڵایە دەتوانێت کەرتی گەشتوگوزاری ناوچەکە بەهێزتر بکات و چەند رێبەرێکی گەشتیاریش داوایان کردووە رێگەیان پێبدرێت گەشتیار بێنن بۆ قەڵاکە".