سه‌رۆكی هه‌رێم: هێشتا پێویستمان به‌پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نیوه‌رِۆی ئه‌مرِۆ چوارشه‌ممه 2022/9/14 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له شاندێكی په‌رله‌مانتارانی پارتی (SPD)ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به سه‌رۆكاتیی به‌رِێز نیڵس شمید كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ركی هێزه ئه‌ڵمانییه‌كانی چارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش له عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق، كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخی ئابووری و چالاكییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، پرسه‌كانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردوه كه داعش له عێراق و سووریا هێشتا هه‌رِه‌شه‌یه‌كی رِاسته‌قینه‌یه و بۆ له‌نابردنی تیرۆر، عێراق و هه‌رێمی كوردستان هێشتا پێویستییان به هاریكاریی و پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، بۆیه هیوای خواست په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له ئۆكتۆبه‌ری داهاتوودا برِیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بدات.
هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هاریكاریی مرۆیی و سه‌ربازیی ئه‌ڵمانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربرِی و دووپاتی كرده‌وه كه عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ بره‌ودان به دامه‌زراوه‌كان و دیموكراسی و به‌ره‌وپێشبردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییه‌كان، پێویستیان به یارمه‌تیی ئه‌ورووپییه‌كان هه‌یه و ده‌توانن له‌مباره‌وه هاوكار بن.
وێرِای ده‌ربرِینی پێزانینی وڵاته‌كه‌یان بۆ رِۆڵی هه‌رێمی كوردستان و قاره‌مانیه‌تیی پێشمه‌رگه له تێكشكاندنی داعش، شاندی میوان سه‌رسامیی خۆیان به پێشكه‌وتنه‌كان و ئاوه‌دانیی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا و خۆشحاڵیی خۆیان ده‌ربرِی كه دوای تێكشكاندنی تیرۆر، پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنان ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له دۆستایه‌تی و هاوبه‌شیی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و ئارامی و سه‌قامگیریی عێراقیان بۆ ناوچه‌كه به‌گشتی به گرنگ زانی.
هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه، دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون.
