میلیشیاكانی عێراق ... دەوڵەتی قوڵ لەناو دەوڵەتدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

ئاڵۆزی و رووداوە خوێناوییەكانی ئەم دواییەی عێراق جارێكی تر رووی راستەقینەی ئەو گرووپە چەكدارانەی دەرخست كە لەهەموو ململانێیەكدا پەنادەبەنە بەر چەك و دەیانەوێت بەچەك دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە، بەتایبەت ئەو گرووپانەی چەكەكانی دەستیان لەدەرەوەی یاساییەو زۆربەشیان لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا خۆیان رێكخستووە، تەنانەت زۆرجاریش رووبەڕووی حكومەت دەبنەوەو موشەكەكانیان ئاراستەی باڵیۆزخانەكان و ماڵی سەرۆك وەزیران و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

«حەشدی شەعبی» ئەو چەترەی تەواوی گرووپە چەكدارییە شیعەكانی لەخۆگرتووە، لەئێستادا هەرچەندە بەفەرمی بەشێكە لەدەزگای ئەمنی دەوڵەتی عێراق و پارێزبەندییەكی یاسایی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتێكە لەناو دەوڵەتداو زۆرجار رۆڵی دەوڵەتی قووڵ دەگێڕێت.

ئەم رێكخراوە سەربازییە لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤و لەسەرووبەندی پەلوپۆهاوێشتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بەغدا لەسەر فەتوای مەرجەعی گەورەی شیعەكان «ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی» دامەزراو وەك هێزێكی نانیزامی و سەربازی و جەماوەریی چووە ناو جەنگی داعش و دواتر رۆڵێكی یەكلاكەرەوەی گێڕا لەلەناوبردنی ئەو رێكخراوە.

ناوەندی (رەوابت)ی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: «گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە ٦٨ گرووپی چەكداری پێكدێن كە لەعێراق و سوریادا بڵاوبوونەتەوەو بودجەی ساڵانەیان بەسەدان ملیۆن دۆلارەو بەدەسەڵاترین و دیارترین گرووپی ناو حەشدی شەعبی بریتین لە(ڕێكخراوی بەدر، عەسائیبی ئەهلی هەق، كەتائیبی حزبوڵڵاو كەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایا سەلام)».

گرووپەكانی حەشدی شەعبی و سەرۆكەكانیان بریتین: لە(لیوای ئیمام محەمەد جەواد (ئەبو جەنان بەسری)، فیرقەی ئیمام عەلی (تاهیر خاقانی)، گرووپی ئەسەدی ئامرلی (ئەبوتوراب تەمیمی)، رێكخراوی بەدر (هادی عامری)، گرووپی كەڕاڕ (ئەبو زەرغام)، كەتائیبی جوند ئەلئیمام (ئەحمەد ئەسەدی)، لیوای مونتەزیر (جابر موسەوی)، سەرایای عاشور (ئەبو ئەحمەد)، لیوای كەربەلا، لیوای بەدر، لیوای عەلی ئەكبەر (عەلی حەمدانی)، بزووتنەوەی نوجەبا (ئەكرەم كەعبی)، لیوای تەفوف (قاسم موسڵح)، كەتائیبی سەیدولشوهەدا (ئەبو ئالای وەلائی)، هێزی شەهید سەدر (حزبی دەعوە)و كەتائیبی فەتحی موبین، هێزی توركمان و رێكخراوی بەدر، سەرایای جیهاد (حەسەن ساری)، سەرایای خوراسانی (ئەحمەد موحسین یاسری)، ئەنساروڵاو گرووپی حسێن ئەلسائر (عەبدولزوهرە سوەیدعی)، لیوای ئەلتف (هاشم تەمیمی)، رێكخراوی بەدر، رێكخراوی بەدر (ئەبو كەوسەر محمەداوی)، لیوای ٢٣ رێكخراوی بەدر، لیوای ٢٤ رێكخراوی بەدر، هێزی شەهید سەدری یەكەم (حزبی دەعوەی ئیسلامی- عەبدوڵا فەزڵ)، فیرقەی عەباسی قیتالی (مەیسەم زەیدی)، هێزی شەهیدی قائید (ئەبو مونتەزیر)، سەرایای ئەنسار عەقیدە (مەجلیسی ئەعلا- جەلالەدین سەغیر)، كەتائیبی ئەنسارولحیجە (ئەحمەد فەریجی)، هێزی دەشتی نەینەوا (لیوای شەبەك - زەین عابدین جەمیل)، كەتائیبی رەوتی ریسالیون (عەدنان شەمخانی)، هێزی وەعدەڵا (حزبی فەزیلە - سامی مەسعودی)، هێزی شەهید سەدر (حزبی دەعوەی ئیسلامی - رێكخراوی عێراق)، هێزی لالش، بزووتنەوەی ئەبدال (جەعفەر موسەوی)، كەتائیبی ئیمام عەلی (شەبل زەیدی)، عەسائیبی ئەهلی حەق، هێزی شەهید ئەبوموسا عامری، سەبعی دوجەیل، لیوای ئەنساری مەرجەعیەت (حەمید یاسری)، كەتائیبی حزبوڵا (ئەلخال)، لیوای ٤٦ سەرایای دیفاع شەعبی، لیوای ٤٧ی سەرایای دیفاع شەعبی، كەتائیبی بابلیون (رەیان كلدانی)، لیوای سەڵاحەدین، فەوجی ئامرلی (مەهدی تەقی ئامرلی)، لیوای حسێن (موختار ئەلموسەوی)، گرووپی مالیك ئەشتەر، لیوای حەشدی شەهیدانی كەركوك (حسێن عەلی جبوری)، سەرایای ئەنسار عەقیدە، لیوای ئەحراری عێراق (مەهدی سومەیدەعی)، لیوای ٨٨ (وەنس ئەلجەبارە)، فرسان جبور(ئەحمەد جبوری)، نەوادری شەمەر (عەبدولڕەحیە شەمەری)، لیوای ٩٢ (عەبدولڕەحمان لوێزی)، سوپای موئەمەل (سەعد سوار)، لیوای ١١٠ی رێكخراوی بەدر، حەرەس نەینەوا (ئەسیل نوجەیفی)، سەرایای سەلام (رەوتی سەدر- ئەبو زەهەرای سەعیدی)، لیوای ٣١٤ی سەرایا سەلام، لیوای ٣١٥ی سەرایای سەلام، فەوجی ٣٩ی قەیارە (عەشیرەتی جبور)، هێزی بەیرەق (واسیق فەرتوسی)، كەتائیبی قیام حسێنی (محەمەد خەفاجی)، سوپای موختار (واسیق بەتات)، كەتائیبی نوخبە (مەناف حسەینی)، لیوای ئەسەدوڵای غالیب (سوهەیل ئەعرەجی)، فەیلەقی وەعدی سادق (عەمار حەداد)، كەتائبی قەمەر بەنی هاشم (ئەبو تاڵیب مەیاحی)، حزبوڵای سائیرون (ڕەحمان جەزائیری)، كەتیبەی عیماد موغنیە (سەعد فەتلاوی)، لیوای قاسم جەبارین (محەمەد موسەوی)، لیوای ئیمام قائیم (تاڵیب عەلیاوایی)، كەتائیبی ئیمامەكانی بەقیع (سەعد تەعیس تەمیمی)، كەتائیبی تۆڵە (عەبدوڵا ئەللامی)، كەتائیبی ئەشبالی سەدر (محەمەد حسێن سەدر)، كەتائیبی سائیر حسێن (غەسان شاهبەندەر)، كەتائیبی مالیك ئەلئەشتەر (جەعفەر موسەوی)، كەتائیبی دیما ئەلزەكییە (موئەیەد عەلی حەكیم)، لیوای زولفەقار (حسێن تەمیمی)، كەتائیبی موسلیمی كوڕی عەقیل ( ئەحمەد فەرتوسی)، لیوای ئەنسار مەهدی (ناجی حەلفی)، كەتائیبی عەدالە (سەمیر شێخ عەلی)، كەتائیبی فەتح (كازم سەید عەلی)، كەتائیبی سەرایای زەهرا (مومتاز ئەلحەیدەری)، بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی (جەمال ئەلوەكیل)، لیوای زەینەب عەقیلە (حەسەن شەكرچی)، كەتائیبی ئیمامی غالیب(محەمەد ئەللامی)، كەتائیبی ئیمام حسێن(حەسەن ئەلرەبیعی)، كەتائیبی دەرعی ویلایە (عەلا مهەلهەل)، كەتائیبی قارعە (حەیدەر ناسری)، كەتائیبی یەدوڵا (ئەحمەد ساعدی)، كەتائیبی بەقیەتوڵا (مستەفا عوبێدی)، كەتائیبی شەبیبەی ئیسلامی، كەتائیبی جەمعیەی ئالولبەیت (موسا ئەلحسنی)، كەتائیبی توفڵ ئەلرەزیع (وسام حەیدەری)، سەرایای موختار سەقەفی (عەبدولمەهدی كەربەلایی)، سەرایای لیوای سەجاد، كەتائیبی غەوسی ئەعزەم (فیراس عەلاق)، كەتائیبی قاریعە، بزووتنەوەی فورسان ئەلمەزهەب (ئەحمەد زامیلی)، لیوای نەسرولموبین، لیوای ئەنسارولحوجە (محەمەد كەنانی)، كەتائیبی ئەسەدوڵا (ئەبوتوراب ئەسەدی)، تەشكیلاتی ئەسەدوڵا (هیشام مەگسوسی).

هاوكات لەگەڵ بوونی ئەم هەموو گرووپانەو پشتگیریكردنی دارایی و مەعنەویی لەلایەن حكومەتی عێراق و ئێرانەوە بۆ زۆرینەی هەرە زۆریان، ئەم دەزگایە لەڕووی هەواڵگریشەوە چەندین دەزگای ئەمنی و راگەیاندن و پڕوپاگەندەی درووستكردووەو بەردەوام لەچالاكیدان، كە ئەمانەن:

بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی حەشد (ئەبو زەینەب لامی)، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری حەشد (ئەبو ئیمان باهلی)،  بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی حەشد (موهەنەد عیقابی)، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە گشتییەكان (محەمەد رەزا)، بەڕێوەبەرایەتی دژە تەقەمەنی (ئەبو شەمس)، بەڕێوەبەرایەتی جوڵە (جەواد رەبیعاوی)، بەڕێوەبەرایەتی رێنمایی عەقائیدی (سەید محەمەد حەیدەری).

دوابەدوای راگەیاندنی كۆتایهاتنی جەنگی رێكخراوی داعش، ئیدی پرسیاری سەرەكی زۆربەی عێراقییەكان و گۆڕەپانی سیاسی ئەوەبوو ئایا حەشدی شەعبی بەو جۆرەی ئێستا دەبێت بەردەوامی هەبێت؟ ئەوەبوو دواجار ئەو رێكخراوە بەحكومی كراو لە٢٦ی ١١ی ٢٠١٦ لەپەرلەمانی عێراق هاوشانی دەزگا ئەمنی و سەربازییەكانی دیكەی عێراق شەرعیەتی بەهەبوونی دراو خرایە ژێر دەسەڵاتی سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە كە لەهەمانكاتدا فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیشە.

بەڵام وەنەبێت ئیدی كێشەو گرفتەكانی ئەم رێكخراوە كۆتایی هاتبێت، بەڵكو بەهۆی هەژموونی ئێران و لایەنگری زۆرێك لەگرووپە كاریگەرەكانی ناو حەشدی شەعبی بۆ ئەو وڵاتە، جۆرە جیابوونەوەیەك روویداو بەشێك لەگرووپەكانی سەر بەمەرجەعیەتی نەجەف جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند.

 نووسەری تیرۆركراوو شارەزای بواری گرووپە تیرۆریستییەكان (هیشام هاشمی)، پێنج رۆژ بەر لەتیرۆركردنی لەڕۆژی 1-7-2020، لەلێكۆڵینەوەیەكدا بەناونیشانی (ململانێی نێوخۆیی لەدەستەی حەشدی شەعبی) كەدواجار هەر ئەو لێكۆڵینەوەیەش بەهۆكاری تیرۆركردنی زانرا، تیشكی خستۆتە سەر ئەو كێشمەكێشە قووڵەی كە لەنێوان  ئەو دوو رەوتەی لەنێو حەشدی شەعبی دابەشبوون: یەكەمیان بەسەركردایەتی ئەبومەهدی موهەندیس بوو كە دەگەڕێنەوە بۆ سەر رێبازی عەلی خامەنەیی، ئەوەی دووەمیشیان ئەو رەوتەن كە لەكۆی گرووپەكانی سەر بەعەتەبەكانی عێراق پێكهاتوون و بەعەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئایینی شیعەكان لەعێراق پەیوەستن.

هیشام هاشمی لەلێكۆڵینەوەكەیدا دەڵێت: قەبارەی ململانێكە رۆژ بەڕۆژ لەنێوان فیرقەی عەباسی شەڕكەری سەر بەعەتەبەی عەباسییە كەسیساتی بەمەرجەعی خۆیان دەزانن و لەنێوان دەستەی سەرەكی، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو سەركردانەی وەلایان بۆ حەشدی شەعبی هەیە، گەورەتر دەبێت، بازنەی ململانێكان لەمانگی شوباتی 2018 زیاتر فراوانبوو، بەتایبەتیش ئەوكاتەی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەوكاتەدا، زنجیرەیەك بڕیاری توندی بۆ لاوازكردنی باری دارایی و كارگێڕی بەسەر گرووپە چەكدارەكانی سەر بەعەتەبەكان سەپاند.

لێكۆڵینەوەكە لەسەر زاری دوو فەرماندەی سەر بەسیستانی ئەوەی خستۆتەڕوو كەهێزەكانی نوجەباو كەتیبەكانی حزبوڵڵاو بەدرو خوراسانی، كەساڵانێكە بەپارەی ئێران و پاڵپشتی رژێمی سوریا لەناوچە سنوورییەكان دەجەنگن، سەروەت و سامانی حەشدی شەعبییان قۆستۆتەوە، دەڵێت:»ئەم گرووپانە نوێنەرایەتی هێزی ئێرانی سەربازیی لەعێراق دەكەن».

هاوكات پێشبینی كردووە كە لەوانەیە ململانێكان و بەرژەوەندی و زیادبوونی رێژەی پۆستەكان بۆ حەشدی وەلائی، ببێتەهۆی ئیفلیجبوونی حەشدی شەعبی و لەكۆتایی لێكۆڵینەوەكەشدا ئاماژە بەوەدەكات كەپێكهاتەی ئێستای هەیكەلییەتی حەشدی شەعبی لەگەڵ پەیڕەوی سیاسی ناكۆكەو ئەوانەشی لەهەیكەلییەكە ناڕازین،  ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاترە.

وەنەبێت بەكوژرانی هاشمی ئیدی ناكۆكییەكان كۆتاییان هاتبێت، بەڵكو ناكۆكییەكان بەردەوامبوون و سێ خاڵی سەرەكی هۆكاری ناكۆكیی نێوان (حەشدی عەتەبات) و سەرایای سەلام و دەستەی سەرۆكایەتی حەشدی شەعبیدا هەبوو كەیەكەمیان هەبوونی جیاوازی لەپێدانی چەك و هاوكاری بەتایبەت ئەوانەی نزیكن لەئێرانەوە زیاتر وەردەگرن و دووەمیشان وەرگرتنی پۆستە لەدەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەو گرووپانەی نزیكن لەئێرانەوە، سێیەم ناكۆكیش دەستوەردانی گرووپەكانی لایەنگری ئێرانە لەدۆخی سیاسی عێراق. ئەمە جگە لەچەندین ناكۆكی تر وەك وەرگرتنی پارە لەو ناوچانەی گرووپەكان تیایدا باڵادەستن و شەڕكردن لەسوریا بۆ بەرگریكردن لەڕژێمی سوریا لەكاتێكدا ئەندامانی ئەو گرووپانە موچە لەحكومەتی عێراق وەردەگرن.

دوای كوژرانی (ئەبو مەهدی موهەندیس)ی جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپای قودس لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی لەسەرەتاكانی ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەمریكاوە، ناكۆكی لەسەر پۆستەكەی سەریهەڵداو سەدرییەكان و گرووپەكانی نزیك لەنەجەف دژی دانانی (ئەبو فەدەك) وەستانەوە. رەنگە تازەترین ناكۆكیش ئەوەبێت یەكێك لەداواكانی موقتەدا سەدر لەچەندڕۆژی رابووردودا ئەوەبوو كەداوای لابردنی (فاڵح فەیاز)ی سەرۆكی دەستەی حەشدی كردو داوایكرد دووبارە ئەو دەستەیە رێكبخرێتەوە.

واپێدەچێت ناكۆكییەكانی گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی بەم زووییە كۆتایی نەیەت، بەڵكو لەگەڵ توندبوونەوەی دۆخی سیاسی عێراقیدا زیاتربێت و ئەو گرووپانە جارێكی تر پەناببەنەوە بەر توندوتیژی.

 (عەلی بەیدەر) لێكۆڵەری سیاسی دۆخی عێراق دەڵێت: »ناكۆكییەكانی گرووپە چەكدارەكان كۆتایی نایەت، چونكە ناكۆكییە سیاسییەكان بەردەوامن، گرووپەكانی حەشدی عەتەبات هەوڵدەدەن وێنەیەكی جوانی حەشدی شەعبی نمایش بكەن، سەرایا سەلامیش پشتگیری بیرۆكەی حكومەتی زۆرینە دەكا كەموقتەدا سەدر هەوڵی بۆ دەدات، لەكاتێكدا گرووپە وەلائییەكانی نزیك لەئێران پشتگیری لەچوارچێوەی هەماهەنگی دەكەن و نەیاری سەدرن».

رەخنەگرانی دۆخی سیاسی عێراق پێیان وایە ئەوەی لەم نێوەندەدا ونە، رۆڵی حكومەت و سوپاو دەزگا ئەمنییەكانیەتی كە لەئاست گرووپە چەكدارەكاندا دەستەوەستانن و زۆرجاریش رۆڵی تەماشاكار دەبینن، تەنانەت رەخنەی ئەوەش دەگرن كە (مستەفا كازمی) سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانی پارێزگاری لەماڵەكەی خۆی بكات ئەوكاتەی بەدرۆن هێرشیانكردە سەری، چجای ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لەوڵاتەكەی بكات لەئاستی ئەو گرووپانەدا، ئەمە لەكاتێكدایە چ ئەمریكا و چی نەتەوەیەكگرتووەكانیش هەمیشە داوای بنەبڕكردنی چەكی بەرەڵا دەكەن و داوا لەحكومەتی عێراق دەكەن ئەو گرووپانە چەكبكات.

غازی حسێن بەڕێوبەری ناوەندی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت: دیاردەی چەك لەدەرەوەی یاسا لەعێراقدا بەهۆی ئەو میلیشیا مەزهەبیانەوەیە كە سەر بەوڵاتانی دەرەوەیە، ئەمەش گرفتێكی ئاڵۆزە. ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات ئەو گرووپانە راستەوخۆ پەیوەندییان بەسوپای پاسداران و فەیلەقی قودسی ئێرانییەوە هەیە، راهێنان و پڕچەككردن و دارایی لەئێرانەوە وەردەگرن كەئەمەش وایكردووە نفوزێكی فراوانیان لەخاكی عێراقیدا هەبێت، ئەو میلیشیایانە دەوڵەتی قووڵن لەناو دەوڵەتی عێراقیدا، توانایەكی ئابووری و دارایی و سیاسی زۆریان هەیە، تەنانەت كارگەی چەك و موشەك و درۆنیان هەیە.

سەرۆك وەزیرانی عێراق مستەفا كازمی دەسەڵاتی بەرامبەر گروپە چەكداریەكان سنوردارەو توانای سەپاندنی یاسای نییە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە گرنگترینیان ئەوەیە كازمی بەبەراورد بەو گرووپانە هیچ هێزێكی سیاسی گەورەی لەپشت نییە، هیچ حزبێكیش پشتگیری ناكات، ئەزموونیش وایلێكردووە كە بەر لەوەی هیچ هەنگاوێك لەدژی ئەو گرووپانە بنێت بیربكاتەوە بەتایبەت ئەوەی ئەو گرووپانە بەئاسانی چوونەتە ناوچەی سەوزەوە لەپێشترداو سوپا نەیتوانیوە رێگایان لێبگرێت بەتایبەت ئەوكاتەی كازمی سەركردەیەكی كەتائیبی حزبوڵای دەستگیركردو دواتر ئازادی كرد، ئەمەش كازمی والێكرد بگات بەو دەرئەنجامەی كە باوەڕی تەواوەتی بەتوانای هێزەكەی نەبێت كە جەنگەكە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، هەربۆیە وازی لەو ئاڵگارییە هێناوە.

هەرچەندە زۆرێك لەچاودێرە سیاسییەكانی عێراق پێیان وابوو توندوتیژییەكانی ئەمدواییەی بەغدای نێوان گرووپە چەكدارەكان فرسەتێكی باشبوو بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوەكو دۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆی و دەوڵەت یەكلایبكاتەوەو جەنگی گرووپەكان دەستپێبكات، بەڵام خودی كازمی هیچ هەنگاوێكی بەو ئاراستەیە نەناو بێلایەنی هەڵبژارد، تەنانەت سوپاسی هێزە ئەمنییەكانی كرد كەدەستیان لەشەڕەكە وەرنەداوە.

كازمی دوای توندوتیژییەكان لەوتارێكدا وتی: «سوپاسی تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەكەم كە نەبوونە لایەنێك لەململانێی چەكداری نێوان گرووپە چەكبەدەستەكانی دەرەوەی یاساو لەگەڵ نیشتیماندا مانەوەو رووی چەكەكانیان ئاراستەی سنگی عێراقییەكان نەكرد».

هەڵوێستە لاوازەكەی كازمی و بەهێزی گرووپە چەكدارەكانی ناو وڵات و پەككەوتنی پەرلەمان و چەقبەستنی دۆخی سیاسی كاریگەرییەكی گەورەی كردۆتەسەر بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژیاری هاووڵاتیانی ئاسایی و چارەنووسیان دراوەتە دەست قەدەرێكی نەزانراو.

ئێستا ئەوەی هەیە هێشتا هیچ ئاسۆیەك بۆ دۆخی سیاسی عێراق نییەو لایەنە سیاسییەكان ناكۆكییەكانیان تادێت قووڵتر دەبێتەوە، ئەوەی هەیە گرووپگەلی بەهێزتر لەدەوڵەت  كەخاوەن ئابووری بەهێزو ڕاهێنراوی سەربازیی و چەكی مۆدێرن و پشتگیری بەهێزی دەرەكی و خاوەن حزبی سیاسی لەپەرلەمانن، لەهەر ئەگەرو چركەساتێكدا وەك بەرمیلە باروت وەهان بەبچووكترین پریشكی ئاگر دۆخی عێراق ئاگر تێبەردەدەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار