كچانی دهۆك چیتر داوای ئاڵتونی زۆر ناكه‌ن 

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی / عه‌مار عه‌زیز

پێشتر له‌شاری دهۆك كچان به‌وه‌ به‌ناوبانگ بوون كه‌ له‌كاتی خوازبێنی به‌كیلۆ داوای ئاڵتونیان ده‌كرد، كه‌مترینیان 500 گرام بوو، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌م خواسته‌ی كچان بۆ 250 تاوه‌كو 200 گرام دابه‌زیوه‌.

نه‌واف قاسم، كه‌ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌، له‌كاتی خوازبێنی هاوسه‌ره‌كه‌ی داوای 250 غرام ئاڵتونی لێكردووه‌،  به‌ هاوڵاتی  وت: «زۆربه‌ی ژنان زۆر حه‌زیان له‌ئاڵتونه‌ به‌تایبه‌ت ژنانی دهۆك، پێش چه‌ند ساڵێك كچانی دهۆك زۆرینه‌یان نیو كێلو تا یه‌ك كیلو داوای ئاڵتونیان ده‌كرد، كه‌س ده‌ناسم داوای  دوو كیلو ئاڵتونی كردبوو و هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆی كڕیبوو، به‌ڵام ئێستا به‌گشتی ئه‌و داواكارییه‌ بۆ نیوه‌ كه‌مبووته‌وه‌و  200 بۆ 250 غرام داواده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش به‌لای منه‌وه‌ مامناوه‌نده‌.»

وتیشی» هاوسه‌ره‌كه‌م داوای 250 غرام ئاڵتونی كرد، دوای هاوسه‌رگیری ئاڵتونه‌كه‌ی فرۆشت و داویه‌تی به‌پارچه‌ زه‌ویه‌ك ئه‌گه‌ر پاره‌مان ده‌ستكه‌وت خانووی له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ین».

عه‌بدولسه‌لام به‌شیر، سه‌رۆكی لقی دهۆكی سه‌ندیكای زێڕه‌نگه‌رانی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: « پێش قه‌یرانی دارایی كچ هه‌بووه‌ له‌دهۆك به‌دوو بۆ سێ  كیلو ئاڵتون شووی كردووه‌، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2014وه‌ رێژه‌ی داواكردنی ئاڵتون له‌لایه‌ن كچانه‌وه‌ زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، زۆرینه‌یان 200 بۆ 250 غرام داوا ده‌كه‌ن، خراپی باری دارایی خه‌ڵك و گرانبوونی نرخی ئاڵتون هۆكاری سه‌ره‌كین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم كچ داوای بڕێكی زۆر له‌ئاڵتون بكات، چونكه‌ كاتێك كچێك شوو ده‌كات ماڵێك ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نابێت ماڵی زاوا كاول و قه‌رزار بكات«.

وتیشی: « پێشتر به‌هۆی چاولێكه‌ری و پاره‌ی  زۆر ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ داواده‌كرا، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك تێگه‌یشتووه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داواكردنی بڕێكی زۆر له‌ئاڵتون نابێته‌ مایه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری له‌نێوان ژن و پیاو، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتن و هاوكاریكردنی یه‌كتر دڵخۆشی له‌نێوان ژن و پیاو زیاد ده‌كات«.

كاژین سه‌عید ته‌مه‌ن 28 ساڵ، كه‌ ده‌رچووی كولیژی كارگێڕی و ئابووریه‌و هێشتا هاوسه‌رگیری نه‌كردووه‌، ئاڵتون به‌گرنگ ده‌زانێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نیه‌ برێكی زۆر داوابكرێت تابگاته‌ ئه‌و راده‌یه‌، كوڕه‌كه‌ زۆر قه‌رزبێت، ئه‌و به‌هاوڵاتی  وت: « هه‌ر كچێك به‌ر له‌هاوسه‌رگیری بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ چه‌ند ئاڵتون داوا بكات، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ من هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكه‌م یه‌كه‌مجار ده‌بێت به‌دڵی من و خانه‌واده‌كه‌م بێت ئینجا بڕێك ئاڵتونم بۆم بكرێت 200 تا 250 غرام زیاتر نه‌بێت».

« پێش ساڵێك خوشكێكی من شووی كرد داوای 240 غرام ئاڵتونی كرد، كچان تێگه‌یشتوون ئه‌گه‌ر خواستی زۆری ئاڵتون و مه‌رجی قورسیان بۆ كوڕان هه‌بێت ره‌نگه‌ دواینجار له‌ماڵی باوكی بمێننه‌وه‌».

به‌پێی ئامارێك كه‌ هاوڵاتی له‌دادگای دهۆك ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ساڵی 2021 له‌سنوری پارێزگای دهۆك 13 هه‌زارو 441 هاوسه‌رگیری تۆماركراون، رێپێدان به‌ژنهێنانی دووه‌م 28 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌، 1796 حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ تۆماركراوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار